كێن ئەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانیان بەرەو هەڵوەرین برد؟!

عومەر عینایەت
بزوتنەوەیەك كە ئومێدی هەژاران و نەدارانی ئەم هەرێمە بوو، گشت ستەملێكراوان چاوەڕێی هیمەتی بزوتنەوەكەیان بوون، تا دەرگای دادپەروەریان لەسەر بكاتەوە، زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگدەر سنگیان بە گولەوە نا بۆ سەرخستن و هێنانەدی ئامانجەكانی و دروستكردنی هەرێمێكی دامەزراوەیی یەكگرتووی، یەك سوپاو یەك دەزگای پۆلیس و یەك ئاسایشەوە، هەرێمێك هی هەمووان بێ و بۆ هەمووان بێ، بۆچی لە ماوەی 9 ساڵدا بەم دەردە براو نزیك كرایەوەلە پایزی تەمەنی؟!
ماوەیەكی زۆرە بێدەنگم  نە لە میدیای بینراو، بیسراو، خوێندراو، هیچ ناڵێم  و نانوسم بەڵام كاتێك جام پرٍبوو بێگومان لێیدەڕژێ 
من زووتر پێشبینی ئەم شكستەم كردبوو، ( لە كتێبەكەمدا بە ناونیشانی (بزوتنەوەی گۆڕان بۆ؟ بەرەو كوێ ؟! چاپی یەكەمی ساڵی 2016 وچاپی دوهەمی ساڵی 2017 دوای مەرگی كاك نەوشیروان) بەوردی تیشكم خستوەتە سەر سەرنویشتی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفاو ووتومە :-(ئەگەر  ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پەلە پلانی دوای نەوشیروان مستەفا دانەنێن بزوتنەوكە ئەوەندە بچوك دەبێتەوە ئەستەمە بتوانێت كێبڕكێی پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەكان بكات) لە شوێنیكی دیكەدا نوسیومە:-( ئەو دەردەی تووشی یەكێتی بووە لەمەڕ نەبوونی بەدیل بۆ جلال تاڵەبانی، هەمان دەرد چاوەڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەگەر نەوشیروان مستەفا وازی هێنا یان نەخۆش كەوت یان ......كرد بەدیل كێیە؟ ئایا بزوتنوەی گۆڕان بەو گوڕو تینەوە ئەتوانێ بەردەوام بێت؟ئەمە بابەتێكە پێویستە بی شەرم و راشكاوانە قسەی لەسەر بكرێت بە پێچەوانەوە بزوتنەوەكە توشی داڕمانێك دەبێت سەخت بۆ هەمووان.....هتد)لە شوێنێكی دیكەدا نوسیومە ئەوەی بەسەر یەكێتی هاتوە ئەنفلۆنزایەكە لە چاو ئەوەی بەسەر گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا دێ
سەرنجی دەقی ئەو بۆچونە بدەن (لە لاپەڕە150 و لاپەڕە 45) لە كتێبی (بزوتنەوەی گۆڕان بۆ؟ بەرەو كوێ؟ )كە یەكەم دانەیم لە چاپی یەكەمی بۆ جەنابی كاك نەوشیروان نارد و كۆپیەكیشم لە چاپی دوهەم بۆ هەردوو بەڕێز نما و چیای كوڕی كاك نەوشیروان  نارد نازانم خوێندویانەتەوە یان نا؟!
راستە لە كوردستان زۆربەی حیزبەكان تووشی نوشست و نوچدان دەبن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستمێكی دیموكراتی و بێلایەن بۆ بەڕیوەبردنی ئەم هەرێمە ئەو حیزبانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵاتن، ئەگەر تووشی شكست یان نوچدانێك ببن زۆر بە زەحمەت دێنەوە ئاستی پێشوی خۆیان (حیزبی شیوعی كوردستان بە نمونە) كاتێك پارتی و یەكێتی پاشەكشە دەكەن، لەبەر ئەوەی دەسەڵات و پارەو هێزی چەكدار و پشتیوانی ناوچەیی و نێو دەوڵەتیان هەیە بە ئاسانی خۆیان دەگرنەوە بەڵام لایەنێكی سیاسی وەك بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمێكدا كە زۆرینەی تاكی كۆمەڵگە چاوەڕێی دەسەڵاتە بۆ دابینكردنی ژیان، خاوەنی دەسەڵات و پارە و هێز نیە، پەیەوندیە دەرەكیەكانی زۆر لاوازە، ئەگەر پاشەكشە بكاتبە زەحمەت دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.
راستە پارتی و یەكێتی بەبەردەوامی و بێ سڵكردنەوە ستەممان لێدەكەن و لە هەڵبژاردنەكاندا گزی و فزیمان لێدەكەن، دەستی ئێران نەك لە دیایكردنی كورسی پەرلەمان، بەڵكو تا دانانی پارێزگاو بەڕیوەبەرێكی گشتیش درێژە، بەڵام نابێت ئەو ووتەیەشمان لە یاد بچێت كە دەڵێ: (گەر جارێك فێڵیان لێكردیت خوا بیانگرێ، ئەگەر جاری دووهەم فێڵت لێكرا خوا خۆت بگرێ) بۆ ئەوەی هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان لە هۆكاری پاشەكشەی بزوتنەوەكانیان تێبگەن: و بزانن بۆچی لە ماوەی 4 ساڵدا بزوتنەوەكەیان  زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی دۆڕاند، بەم سەرنجانەی خوارەوە بەرچاویان رون دەكەمەوە:-
-ساڵی 21013 رێكخەری گشتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، دروشمی بەرەو دەسەڵاتی بەرزكردەوە، كاتێك ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تەنها 24 كورسی بوو، ئیتر چونە دەسەڵات هەڵەیەكی گەورە بوو ئەگەر شادڕەوان نەوشیروان مستەفاش كردبێتی كە بیگومانم چواردەورەكەی و ئەوانەی حەزیان لە پۆستبوو پێیان كرد. (بەڵام خودی مەرحومی كاك نەوشیروانیش بێ نەخش نەبووە لە بڕیارە گرنگەكاندا) دەبوایە بەردەوامی بە ئۆپۆزسیۆن بوون بدرایە تا ئەو كاتەی هاوسەنگی هێزدەگۆڕا لە بەرژەوەندی گۆڕان.
-لەگەڵ یەكێتی تێكچون و چون لەگەڵ پارتی رێكەوتن، لەگەڵ پارتی تێكچون و هاتنەوە بۆلای یەكێتی و رێككەوتنی دەباشانیان واژۆ كردو چەپڵەی بۆ لێدرا، لە شاری جوان شیرینی خورایەوە، كوا ئەنجامی ئەم تێكچون و رێكەوتنانە؟ سودی چی بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و بۆ كورد؟
-پێمان ووتن واز لە دەسبردن بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بهێنن، ئەمریكا و یو ئێن و هەموو دونیا كەوتە تكا، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان لەترسی  فەیس بووك، دانیشتنی 19ی ئابی دوانەخست، دانیشتنێكی 3 خولەكی بزڕكاو و پەشۆكاو(سەیری پڕۆتۆكۆلی دانیشتنەكان بكەن)  ئایا بزوتنەوەی گۆڕان ئەمەی پێكرد؟! یان خۆی كردی؟! ئێستاش ئەمە بۆ كەس رون نیە، ووتمان بەتەنها دەمێنینەوە لەم جەنگەدا، وتیان یەكێتی و یەكگرتوو، كۆمەڵمان لەگەڵە، دواجار بە تاكی ماینەوە، ئێمە باشمان دەزانی كە یەكێتی هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ تێكدانی پەیوەندی گۆڕان و پارتی، هەرواشیكردو سەركەوتوش بوو، سەرباری ئەوەی یەكێتی لە دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان پشتی گۆڕانی نەگرت بەڵام سەركردایەتی گۆڕان بێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەكانی رێكەوتنی دەباشانی لەگەڵ مۆر كردن.
-لە حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەركراین، بەڵام وەزیرەكانمان وازیانەهێنا، ئێمە داوامان كرد پەرلەمانتار و وەزیرو گزیر لە حكومەت بكشێینەوە، كەس گوێی شل نەكرد، لەوەڵامی ئەمەدا ئەیانووت نابێ ئیڕادەی پارتی سەربكەوێت و شوێنی وەزیرەكانمان پڕبكەنەوە؟. تا ئێستاش دیار نیە ئایا وەزیرە دەركراوەكانی گۆڕان خانەنشین كراون بە پلەی وەزیر یان هەروا چونەتە ماڵەوە
-لە حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەركراین،  هاتین و لە حكومەتی خۆجێی بەشدار بوین، پێمان ووتن لە هەرێمێكی بێ سیستمی وەك كوردستان ئەمە خۆكوژیە، پێیان ئەوتین، بوونی نوێنەرەكانمان لە حكومەتە خۆجێیەكان، بە سودە بۆ پاراستنی هەیبەتی گۆڕان و رێگری لە گزی و فزی هەڵبژاردنەكان و رێگری لە هێرش كردنە سەر خۆپیشاندەران و فراوانكردنی فەزای دیموكراتی، ئەوە دوو هەڵبژاردنە لە پۆستی پارێزگارەوە، تا چەندین قائیمەقام و بەڕیوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری گشتی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین لای بزوتنەوەی گۆڕانە پێمان بڵێن چیان كردوە بۆ رێگری لە گزی و فزی هەڵبژاردن؟! لە خۆپیشاندانەكاندا دەیان دەسدرێژی و لێدان و گرتن رویاندا نوێنەرەكانی ئێمە چییان پێكرا؟! بێگومان هیچ، كاری ئەم بەڕیزانە لە سەرخستنی سیاسەتی گۆڕان چۆن رەنگی دایەوە لە هەڵبژاردنەكاندا؟ ئەوەیە كە دەیبینین، باشە پێمان بڵێن كێ ئەم بڕیارەی دا؟ كێ‌ لێپێچینەوەی لەگەڵ كرا؟! سودی بەشداری لە حكوەتی خۆجێیەكان چی بوو؟!
-بێباكی لە دوركەوتنەوە و وازهێنانی هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پای چی؟ لە كوێن ئەندامانی خولی دوهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق (كوا حاكم شێخ لەتیف و سەردار عبداللە و هەڤاڵ كوێستانی و كوێستان هەمەوەندی و شایان خانم)؟! لە كوێن دكتۆر زاناو د. شاهۆ هاوڕیكانیان، هۆشیار عابد بۆ وازیهێنا؟! كێ رابون مەعروفی تۆراندو رۆیشت؟ چ لێكۆڵینەوەیەك لەسەر رۆشتنی محمد حاجی كرا؟! دواجار سەركەوت حسن و هێڤی هەیاف بۆ رۆیشتن؟  كوان ئەو هەموو كادیرە بە توانایانەی راگەیاندنی  KNN و رادیۆ و سایتی سبەی،؟ كە لە گردەكەوە پێگەیەنران و بوونە پاڵەوانی شاشەكان؟ خۆیان رۆشتن یان دەركران؟! بێگومان زۆربەیان راونران، ئەم بێمنیەتیە بوو گۆڕانی بەم رۆژە گەیاند ئەمانەو دەیان گۆڕانخوازی دیكە رۆشتن كەس باكی نەبوو، ناكرێت دوای رۆیشتنیان چەند بەرد بەدوایاندا فڕێدەین و بڵێین ئەمانە هەر لە سەرەتاوە پارتی بوون، یەكێتی بوون، جاسوس بوون، ئەمە حەڵ نیە، بۆ لێكۆڵینەوە نەكرا؟ رونكردنەوە نەدرا؟ّ ئایا بزوتنەوەكەمان نەیتوانی ئیدارەی ئەم بەڕێزانە بدات و بێ باك بوو لە رۆشتنیان یان ئەوان بێ ئەمەك بوون بەرامبەر ئەم بزوتنەوەیە ؟! چۆن هاتن و بۆ رۆیشتن؟! كەس نەیزانی
-سوكایەتیكردن بە كەسە بە ئەزمونەكانی وەك قادری حاجی علی و عوسمانی حاجی محمود و سالار عزیز و مام رۆستەم .....هتد ئەوانەی تەمەنی خۆیان لە پێناو ئەم گەلەدا خەرج كرد، بە خۆگێل كردن لەو راستیەی ئەگەر شادڕەوان نەوشیروان مستەفاو ئەم هەڤالانەی نەبونایە كە ئاشنای خاڵە لاوازەكانی سەرانی یەكێتی و پارتی بوون، بزوتنەوەیەك بەناوی گۆڕان لە دایك نەدەبوو، ئەگەر هەشبا بەرگەی شەوو رۆژێكی نەدەگرت و سەرنویشتی وەك ئەو هەموو حیزبە بچوكانە دەبوو كە دروستدەبن و دەپوكێنەوە.
-لاوازی باری دارایی و نەبوونی كۆمەكێكی بێ منەتی سەربەخۆ یان سەرچاوەیكی دارایی تایبەت بە بزوتنەوەی گۆڕان وایكرد كە بەردەوام میدیای گۆڕان چاوەڕێی ئەم و ئەو بێت بۆ مسۆگەر كردنی خەرجیەكانی و مووچەی كارمەندەكانی ئیداری و میدیا.
-گواستنەوەی كلتوری كوتلە و كوتلە بازی لەلایەن ئەوانەی لە یەكێتی نیشتمانیەوە هاتبون، بە زەقی رەنگیدایەوە و بە ئاسایی وەرگیرا و هیچ هەنگاوێك بۆ بنبڕكردنی نەدرا
-زاڵبوونی گوتارو رەفتاری ئەو هەڵسوڕاوانەی كە لە رەوتە ئیسلامیەكانەوە هاتوون و دەیانەوێ‌ مۆركی ئیسلامی سیاسی لە بزوتنەوەی گۆڕان بدەن. 
-ماوەی نۆ ساڵە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە تەنها یەك كۆنگرەی بەستووە و وادەی كۆنفراسە ناخۆییەكان و كۆنگرە زیاتر لە یەك ساڵی تێپەڕاندوە و كەس خۆی تێناگەیەنیت نەخۆشی ترس لە كۆنگرە  وەك پەتا لە یەكێتیەوە، گوازراوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕان
-لە پاش مەرگی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا، خاوەندارێتی بزوتنەوەكە وونە و  لایەنی بڕیاردەر دیار نیە و وەرگرتنی بڕیار  زۆر قورس بووە و كەس نازانێ بڕیاری كۆتایی كێدەیدات، جڤاتی نیشتمانی؟ یان خانەی راپەڕاندن؟ یان كوڕەكانی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و حاشیەكەیان؟
-گەورەترین گورز لە بزوتنەوەكە درا خاوەنداریتی گردەكە و كۆمپانیای ووشەبوو، كاتێك بزوتنەوەیەكی وەك گۆڕان دژ بە گەندەڵی دروستدەبێت و بانگەشەی گەڕانەوەی ماڵ و موڵكی دەوڵەت بكەین و توانج لە یەكێتی بدەین كە 14%ی زەوی ناوشاری سلێمانیان بۆخۆیان و سەركردە فاسدەكانیان بردوە بە دەباشانەوە و رۆژانە پلار لە پارتی و داگیركردنی 130 دۆنم بۆ جیگری سەرۆكی پارتی  و بردنی سەری رەش  بۆ سەرۆكی پارتی و تاپۆكردنی دەیان موڵكی دیكە بەناوی سەرانی پارتی و كەسانی نزیك لێیان ناكرێت ئێمەش لە بزوتنەوە گۆڕان بە هەمان رێچكەی ئەواندا بڕۆین و موڵكی گشتی داگیر بكەین كە خۆی لە 160 دۆنم زەوی گردەكە و بینای چاودێری دارییدا ئەبینێتەوە، ناكرێت ئەمە بۆ ئەوان حەرام و بۆ ئێمە حەڵال گەر دەمانەوێ وەك نیلسۆن ماندیلا و غاندی و جیڤارا و كێ و كێ بین، نابێت توخنی ئەم جۆرە رەفتارە بكەوین، ئەم موڵكە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش بێت هەر عەیبەیە(لا تنه عن خلق و تأتي مثله عار علينا اذا فعلنا عظيم

) موڵكی هەركەس هەیە و چۆن وەریگرتوە پیرۆزیان بێت و با خۆیان بچنە ژێر ئەو بارەوە و گۆڕان توخنی نەكەوێ و نابێ داوای بكات
-لە مانگی تەموزی رابوردودا پارتی پڕۆژە یاسایەكی هێنایە پەرلەمان بۆ بەردەوامیدان بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لای سەرۆكی حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، ئێمە لە فڕاكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەی خۆماندا دژی ئەم پڕۆژەیە بوین و بڕیارماندا لە كاتی دەنگدان دژی بوەستینەوە، پاش چەند رۆژ چەند ئەندامێك لە فڕاكسیۆنەكەی خۆمان پرَۆژە یاسایەكیان هێنایە ناو فڕاكسیۆن بەناوی (پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم) و لە رێگای سەرۆكی فڕاكسیۆنەوە داوای واژۆكردنیان لە ئەندامان كرد، كاتێك گەیشتە لای بەندە سەرنجمدا چەند كەس لە كۆمەڵی ئیسلامی واژۆیان كردوە و كوژاندویانەتەوە، من واژۆم نەكرد، جارێكی دیكە سەرۆكی فڕاكسیۆن پڕۆژەكەی بۆ هێنامەوە، پێم ووت: ئەمە پڕۆژەی پارتیە یان خۆمان ووتی: هی خۆمانە لە گردەكەوە بۆم هاتووە، پێم ووت: ئەمە لە خزمەت پارتیدایە و لە پڕۆژەكەی ئەوان بەسودترە بۆ خۆیان من واژۆی ناكەم و دژی دەبم هەرواشم كرد و هانی هاورێیانیشمدا كە واژۆكانیان بكێشنەوە، تەنها دوو هاوڕێم وەك منیان كرد0 د. شێركۆ و پەروا خانم) پڕۆژەكە پێشكەشكرا، پارتی پێشوازیەكی گەرمی لێكرد و یەكێتی توانجی لێداو لاقرتێی پێدەكرد، جێگری سەرۆكی پەرلمان(كە پارتیە) پێشنیاری رەوشی بە پەلە(صفە الاستعجال)ی بۆكرد و هاوڕیكانی ئێمە ئەوانەی كە پڕۆژەكەیان هێنابوو توشی دڵەڕاوكێ بوون، نەیاندەزانی چی بكەن؟ دەنگی پێبدەن یان دژی بن؟! من و ئەو دوو هاوڕێیەم و چەند هاوڕێیەكی دیكەی فڕاكسیۆنی گۆڕان، تا دوایی پڕۆسەكە دژ بوین و لە ماوەی كەمتر لە 48 كاژێردا بووە یاسا، پوختەی پڕۆژەكە بەو مانایە دێ (مادام مسعود بارزانی بۆی نیە سەرۆكی هەرێم بێت ئیتر ئەم پۆستە حەرامە لە گشت كەس  تا لە دایكبونی دەستوور و زۆربەی دەسەڵاتەكانیشی لای سەرۆكی حكومەت دەبێ) بێگومان ئەوان لە دەستوردا ئەتوانن بیچەسپَنن كە مەسعود بارزانی بۆی هەیە خۆی كاندید بكاتەوە، بە تایبەت پاش ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكە كە پارتی و یەكێتی ئەتوانن حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن و هەر یاسایەك كە بیانەوێ‌ وەك مویەك لە ماس دەریدەكەن و تێیدەپەڕێنن، ئەم یاسایە بووە هۆی نەنگیەكی زۆر بۆ ئەوانەی لە پشتیەوە بوون، تائێستا كەس خۆی ناكا بە خاوەنی، چۆن رەشنوسەكەی ئامادە كرا و چۆن واژۆی بۆ كۆكرایەوە، تەنانەت رێكخەری گشتی و ژووری سیاسی و یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان و لەسەرو هەمویانەوە جڤاتی نیشتمانیش بێئاگابوون، بەهۆی ئەم یاسایەوە نەیارەكانمان بە تایبەت لە فڕاكسیۆنی یەكێتی كەوتنە پلار و توانج لێمان و پێیان ئەوتین كە بەم پڕۆژەیە 19 حوزەیرانی 2013 ئێمەتان سڕیەوە
-لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و پەرلەمانی كوردستان كە بەشێوەی خزم خزمێنە و باند و باند بازی و هەواو هەوەس كاریان كردوە و نەیانتوانی هاوسەنگی دروستبكەن لە دیاریكردنی كاندیدەكان نابێت وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچن، لەبەردەم ئەم لیژنەیەدا بۆ كاندید بوون بۆ پەرلەمان وەك نانەوا ریزی بۆ گیرابوو،كاتێك، لەگەڵ رێكخەری گشتی كۆبوینەوە و پێمان راگەیاند كە گشت ئەندامانی فڕاكسیۆنەكەی خولی چوار مەحروم كراون لە مافی خۆپاڵاوتن، ووتی شتی وا نابێت كەس ئەو مافەی نیە، بەڵام كەس گوێی لە رێكخەری گشتی نەگرت و تێپەڕینرا و گشت ئەندامان (جگە لە دوو كەس) مەحروم كران لە كاتێكدا من خۆم هەردوو جارەكە فۆڕمی خۆكاندید كردنم بۆ پەرلەمانی كوردستان پڕنەكردبویەوە و نەمویست خۆم كاندید بكەمەوە، هەروەها ژمارەیەكی دیكەش لە هاوڕیكانم بە نیاز نەبوون، بەڵام كاتێ كە بووە سەپاندن  و سزادان دژی وەستاینەوە)
-لەسەرەتاوە یەكێتی داوای لێكردین كە بە فەڕمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەین لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگا پێكەوە بكرێت، گۆڕان وەڵامی نەدایەوە لە KNN وە توانجیان لێدەدان، بەڵام دواتر لەناكاو و لە كاتی ونبودا و بە بیانوی نەبونی كەشوهەوای تەندروست بۆ هەڵبژاردن و پیسی لیستی دەنگدەران، بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی،  بە فەڕمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی خولی پێنجهەمی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بەم هەنگاوەی هەڵەیەكی گەورەی كرد و وەك یاریزانێكی ناكارامەی پۆكەر دەستەكەی كەشف بوو دەركەوت لە سەرتاوە بلەفی كردوە، بۆیە پارتی و یەكێتیش بە ویستی خۆیان تەحریكیان كرد، هەڵەی گەورەتری گۆڕان بەشداریكردنی بوو لە هەڵبژاردنێك كە پێش وەخت دەیزانی ئاكامەكەی بەلای كەمەوە بۆ خۆی باش نابێت، پرس ئەوەیە، كێ بڕیاریدا داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكرێت؟ بۆ لەو ساتە وەختە خراپەدا ئەم بڕیارەدرا؟! ئەی كێ  بڕیاری بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا دا؟ تۆ كە بزانیت كەش و هەوای هەڵبژاردن لەبار نیە، ئیترچۆن ئەچیتە هەڵبژاردنێك كە پێشوەخت ئەنجامە خراپەكەی بزانیت؟ 
-دیاردەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵدا ئەویش دەمكوتكردنی ئەوانەی رەخنەیان لە بزوتنەوەكە دەگرت، بە لێدان و هەڕەشە یان لە رێگای ژمارەیەك ئەكاونت و سایت و پەیجەوە، كە لەلایەن ژمارەیەك لە دەسرۆیشتوان و بەرژەوەندیخوازانی گۆڕانەوە تمویل دەكرێن و نەفەسی رەخنەگرتن و بۆچونی جیاوازیان لە هەڵسوڕاوان و دڵسۆزانی ئەم بزوتنەویە بڕیوە و رێگە نادەن هیچ كەس جگە لە خۆیان بیروراو بۆچونی خۆی بەیانكا و هەركەس لەدەرەوی بۆچونی ئەوانەوە بدوێ بە ناپاك و پۆست پارتی و پۆست یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت، كار گەیشتە ئەو ئاستەی بزوتنەوەكەمان بە ئیرهابگەری فیكری ناو زەد بكرێت، دواجار ئەوانە بە پاكی مانەوە و ناپاكی لەوانەوە دەرچوو كە تۆمەتیان ئەبەخشیەوە، 
-گورزێكی دیكە لەم بزوتنەوەیە كەوت، لە كاتێكدا كە هێواش هێواش ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجی پەرلەمان روندەبویوە، جارێكی دیكە بزوتنەوەی گۆڕان لە ریگای میدیاكانیەوە بە ئاشكرا باسی لە گزیو فزیەكی دیكەی پارتی و یەكێتی دەكات، بەداخەوە چوار ئەندامی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە هەولێرەوە كە نێچیرڤان بارزانی بۆی ئامادەكردون بە مەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن، من ئاگاداری هیچ رێكەوتنێكی پارتی بزوتنەوەی گۆڕان نیم، و نازانم لە پشتی پەردەوە چی گوزەراوە، بەڵام من دەپرسم:
-پاش ئەو هەموو ستەمەی پارتی لە گۆڕانی كرد بۆچی بە فڕۆكەی تایبەتی نێچیرڤان سەفەر دەكەن؟!
-لە سەروبەندێكدا كە دانیشتنەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارە و كێبڕكێ لە نێوان دوو كاندیدی دوو حیزبی نەیاری ئێمەن و تا سەر ئێسك دزی و فزییان لە بزوتنەوەی گۆڕان كردوە، بۆچی  ئێوە دەچنە بەغدا؟ ئەگەر بۆ دەنگدان بە یەكێك لەم دوانە نیە؟ بەم پەلە پەلە بۆ دەڕۆن و سوێند دەخۆن و دەنگیش دەدەن؟ لە كاتێكدا، دەنگدان بە هەریەك لەو دوو كاندیدە لەم كاتەدا، دورە لە خواستی گۆڕانخوازان و سیاسەتی ئاشكرای گۆڕان، ئایا نەدەكرا پاش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سوێند بخۆن؟! لە كاتێكدا ئێوە 90 رۆژ لەبەردەمتاندا هەیە بۆ سوێند خواردن و ئەم ماوەیەش زۆری مابوو، خۆم بەدواداچونی وردم كرد بۆ هەواڵی چونی ئەو چوار ئەندامە (جگە لە دكتۆر غالب)، هەواڵەكەم لە نوسینێكی بەڕیز(ئارام ئەحمەد) وە زانی و بەدواداچونی ووردم بۆ كرد، بەداخەوە هەواڵەكە راست دەرچوو، راستە سیاسەت دایك باوكی نیە، خۆزگە ئەم بێ دایك و باوكیەی سیاسەتتان لە ساڵی 2015دا بەكار بهێنایە و سەرۆكی پەرلەمانی ئەو دەمە(كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێڕاقە) تەنها 3 رۆژ دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستانی رۆژی 19 ئابی 2015 ی دواخستبا، بارودۆخی كوردستان و گۆڕانیش بەم شێوە نالەبارە نەدەبوو.
ئەمانەن بەشێك لەو  هۆكارانەن كە بزوتنەوەیەكی نیو ملیۆن دەنگی بە ئاڕاستەیەك برد كە لە ماوە 9 ساڵدا دەنگەكانی بە رێژەی 60%  كەم بكات و لە شارێكی وەك هەڵەبجە و زۆربەی شارو شارۆچكەكانی زۆنی نیلی و سەوز لە هێزی یەكەمەوە ببێتە دوهەم و سێهەم و چوارهەم و پێنجهەم، بۆیە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان پێداچونەوە بەم كەموكورتیانە و هۆكار و دەرئەنجامەكانیان بكات و سەبەبكارەكانی سزا بدات، لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو كەسانە بكات كە لە ئامانج و دەستوری  بزوتنەوەی گۆڕان لایانداوە و كاتی ئەوە هاتوە هەردوو سەرۆكی لیستی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و لە كوردستان كە هەردوكیان پشكی شێریان لە هۆكارەكانی ئەم پاشەكشەیە بەردەكەوێ و ئەوان  لە پشت تێپەڕاندنی یاسای هەڵپەساردنی  پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە بوون لە بەرژەوەندی لایەنێكی دیكە، دەس لە كار بكێشنەوە و لێكۆڵینەوەی جدیان لەگەڵ بكرێت و بزوتنەوەی گۆڕان بە پەلە بەخۆیدا بچێتەوە هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكانی یەكلا بكاتەوە لەوانەش:
-بەستنی كۆنفراسە خۆجێیەكان و دواتر بەستنی كۆنگرەی گشتی
-چۆڵكردنی گردەكە بۆ خاوەنەكەی،  دابینكردنی بینایەكی گەورە بۆ ئیدارەی گۆڕان لەسەر حسابی گۆڕنخوازان، نابێت بزوتنەوەی گۆڕان لە شوێنێكدا نیشتەجێ بێت كە هی خۆی نیە و ناشبێـت داوای موڵكایەتی ئەو گردە بكات، ئێمە لە هەولێر و هەڵەبجە و دهۆك و گەرمیان و راپەرَین و چەچەماڵ و دەربەندیخان....هتد گردمان نیە با لە  سلێمانیش نەمانبێت، ئێمە دژی داگیركردنی ماڵ و موڵكی دەوڵەت، هەزاران قسەو لێدوان ووتارمان هەیە و دژ بە ناوەڕۆكی دەستوری گۆڕانە، چەند زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان لەو گردە بمێنێـەوە ئەوەندە زیاتر دەبێتە قەڵغان بۆ خاوەنەكەی و شەریعیەت دان بە شێوازی وەرگرتنەكەی، بۆیە باشترە چۆڵیبكەن و بێنە خوارەوە و پیرۆزی خاوەنەكەی بێت، نابێت گۆڕان بچێتە ناو پڕۆسەیەكەوە كە تێیدا شەریك نەبێت..
-لێپَیچینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە كەمتەرخەمبوون لە ئاڕاستەكردنی بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری هەڵەیان داوە دەبێت سزاكەی هەرچی بێـ وەریبگرن


05/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر