پارتی و پرسی سەرۆکایەتی

هۆشیار عەبدوڵا
دوای بلاوکردنەوەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کە دیدی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ جۆری سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان چاوەرێ نەبوم برادەرانی پارتی جارێکی تر بەو شیوەیە بکەونە کاردانەوە.

جاری یەکەم نیە پارتە دەسەڵاتدارەکان بە نەفەسێکی توندی کاردانەوە نەک گرتنەبەری ریگەی گفتۆگۆ و خستنەروی جیاواز یان جیهانبینی تر بەرامبەر تەرحەکانی گۆران بوەستنەوە لە کاتی بلاوکردنەوەی بەیاننامە ٧خاڵیەکەی سەردەمی ئۆپۆزسێۆنیش هەمان کاردانەوە رویدا.

ئەوکات بیرمە نەوشیروان مستەفا لە بەرنامەی روبەرودا ئەوەی بۆ لاوازی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی ئەو لایەنانە گێرایەوە.
پشتیوانی ئەوەین کە جیهانبینی و بیروبۆچونی لایەنە سیاسیەکان بە ئارامی و هێمنی بۆ جۆری سیستمی سیاسی هەرێم بخرێتە روو بێ تەشەنوج و یەکدی تۆمەتبارکردن، وەلێ نایشارینەوە برادەرانی پارتی لەو پرسەدا تاردەیەکی زۆر هەلوێستەکانیان نارونە و جیگەی سەرسوڕمانە.

بۆ نمونە پارتی وەک لایەنەکانی تر دەڵێت ئێمەش لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیداین،تا ئێستا لە یەک کەسیان نەبیستراوە بلیت ئێمە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتیداین، کەچی کە دێتە سەر تەفسیری ئەو جۆری پەرلەمانیەی پارتی داوایدەکات هیچ پرۆژە و تەرحێک نیە تا تێبگەین پارتی چۆن لە سیستمی پەرلەمانی تێگەیشتوە؟!

پارتی چەند جارێک باسی لەوەکردوە کە بە تەنها هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو خەڵک سیستم ناکات بە سەرۆکایەتی، ئەوە تا رادەیەک راستە دەشێ بیکاتە بە نیمچە سەرۆکایەتی یان تێکەڵ، وەلێ پارتی پێی وایە سەرۆک لە ناو خەڵک هەڵبژێردرێت و خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتیش بێت هێشتا هەر سەرۆکایەتی نیە، کە لەراستیدا ئەوە راست نیە.

هەڵبژاردنی سەرۆک لە لایەن خەڵک و کۆکردنەوەی ئەو هەموو دەسەڵاتە لەدەستی یەک کەسدا، لە غیابی دادگاو میدیایەکەی کاریگەر و ئالیەتەکانی تری چاودێری نەک هەر سەرۆکایەتیە بەڵکو سەرۆکایەتیەکی ئجگار خەتەر و خراپە، گۆڕان و لایەنەکانی تریش مافی خۆیانە بلێن ئەگەر ئەوانە سیستم نەکەن بە سەرۆکایەتی خۆ تەنها نوسینی وشەی پەرلەمانیش لە دەستوردا یان یاساکەدا نایکاتە پەرلەمانی..

کەواتە ئێمە لە بەردەم کیشەی تەفسیری سیستمی سیاسی پەرلەمانیداین و پێویستە هەموو لایەنەکان وەک گۆران راشکاوانە رای خۆیان بخەنە بەردەم رایگشتی خەڵکی کوردستان.

جۆرەکانی سیستمی سیاسی رونن یان سەرۆکایەتی یان تێکەڵاو و یان پەرلەمانی تەواو، ئەوەی گۆران داوایدەکات و نەوشیروان مستەفا بە کۆنگرەی رۆژنامەنوسی وتی پەرلەمانی تەواوە، یەکێتیش پیشتر و لەسەرزاری مامجەلال لە دەباشان بۆ کەی ئێن ئێن قسەی کردوە دەڵیت پەرلەمانی و هەردوکیشیان هەم مامجەلال و هەم کاک نەوشیروان بە دەق دەڵێن  هاوشیوەی بەغداد بێت، هاوشیوەی بەغداد کە لە دەستوردا چەسپێنراوە و مەسعود بارزانی ئەوێ رۆژێ خۆی سەرۆکی تیمی کوردی بوە لە مەتبەخی نوسینەوەی دەستوردا   بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق سیستمی سیاسی پەرلەمانی تەواوە.

خوازیارم برادەرانی پارتی لە دوو شتا رون بن ، یەکەم وەک گۆران پرۆژەی خۆیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی بخەنە روو،دوەم بە رونی داوای ئەوە بکەن کە دەیانەوێت مەسعود بارزانی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک و بەڵام لە روی یاسایشەوە بە لایەنە سیاسیەکان و رایگشتی خەڵکی کوردستان بلێن چۆن و بە چ ماف و یاسایەک، کێشەکە لای گۆران شەخسێک نیە هێندەی یاسایی و سیستمی سیاسیە، کاتێک گۆڕان دەڵێت بە گوێرەی یاسا ناتوانێت کاندید بێتەوە یان ببێتەوە بە سەرۆک با ئەوان بێن بلین نەخێر وانیە و بە گوێرەی ئەو یاسایە دەتوانێت، مەبەستمە بلێم ئەوە گۆران نیە کێشەکان بە شەخسی دەکات ئەوە کاردانەوەکانن کیشە لەسەر شەخس و بۆشەخس دروست دەکەن.

پرسی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێ پرسی هەموو لایەنە سیاسیەکان بێت نەک تەنها پارتی، خۆ ناکرێ تا قیامەت ئەو پۆستە هەر لای پارتی بێت،لەوەشا ئیشکالێک هەیە، بەشێک لە کادرانی پارتی هەر باسی یاسای سەرۆکایەتی بکەیت کاک مەسعودیان دێتە بەرچاو، وەک ئەوەی بریاریان دابێت کە تا ئەبەد دەبێ ئەو سەرۆکی هەرێم بێت، ئەگەر ئەوەش نیازیانە دیسان با بە ئاشکرا بیڵێن.

هەندێ جار دەبیستم کە دەگوترێت پارتی حیزبی دایکە!!، بێگومان ئەوە مورادیفی حیزبی قائیدە وەلێ بەکارهێنەرانی لە زانستی سیاسیدا لاوازن چونکە لە زانستە سیاسیەکاندا فرەیی سیاسی هەیە،مۆدێلی جوت حیزبی هەیە، حیزبی قائید یان تاک حیزب هەیە، لە کوردستان ئەگەر بەس سەیری دابەشبونی کورسیەکانی پەرلەمان بکەیت تێدەگەیت جۆرێک لە فرەیی هەیە نەک مۆدێلەکانی تر، بۆیە حیزبی دایک و حیزبی ئاڤانگارد و تاک حیزب و تەنانەت دوو حیزبە گەورەکەش کۆتاییان هاتوە و باش وایە برادەران لەگەڵ ئەو واقیعە رابێن.

 بە کورتی مەبەستمانە رون بێت کە گۆڕان گۆرینی دەوێت لە سیستمی سیاسی و لەسەرەتای سەررێکەوتنی ئەو بزوتنەوەیەشەوە قسەیەکی کاک نەوشیروان هەیە زۆر جار وتراوە دوبارەکردنەوەی خراپ نیە، قسەکە ئەوەیە کە(( گۆڕان کێشەی لەگەڵ کەسەکان نیە کیشەی لەگەڵ سیستم هەیە، سیستمی باش کەسی باش و سیستمی خراپ کەسی خراپ بەرهەمدەهێنێت، ئێمە هاتوین لەرێگەی گۆرینی سیستمەوە گۆڕانکاری راستەقینە و ریشەیی بکەین هەڵبەتە بە پشتیوانی خوا و ئیرادەی میلەتەکەمان)) .


14/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر