بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی ، سەردەشت عوسمان

هۆشیار عەبدوڵا

حەق وایە لە ماڵی هەموو قەڵەم بەدەستێکا وێنەیەکی سەردەشت عوسمان هەڵبواسرێ ، تا خۆری ئازایەتی هیچ کات لێ ون نەبێ .

پێویستە سەردەشت هەمیشە لەبەرچاومان بێت ، تا هەرکات هەڕەشەمان لێکرا ، فێر ببین خەمیی نەوەی داهاتومان بێ نەک خۆمان . 

 دڵنیام ڕۆژێک دێ ، وێنەی ئەو سەردەشت عوسمانە وەک سکێچی ئازادیخوازانی دونیا ، وەک گیڤارا ، بەسنگی هاونیشتمانیانی وڵاتەکەمەوە ئەبینم ، وەک مەدالیا ئەیکەنە ملیان ، وەک وێنەیەکی دڵگیر و سەنگین ، ئەیخەنە سەر تیشێرتەکانیان.

هەزاران گەنجی ئازا ، هەزاران نوسەری باش ، سەدان لاوی مەرد ڕۆژانە بە ڕوداوی جیا جیای شێوەی ڕوداوی هاتوچۆ و خنکان به مەلە و ڕوداواکانی تر ، ماڵئاوایی لە ژیان ئەکەن و ئەڕۆن و لە بیر ئەچنەوە ، خۆشبەختە ئەوکەسەی خوا مردن و شەهیدبون و فەنا بونی لە پێناو ئامانجێکی باڵادا ، لە پێناو قەڵەم و وشە و وتن و ڕەخنە و بوێریدا ، شێوەی سەردەشت ، بەنسیب ئەکا ، ئەم جۆرە لە مردن من لەقوڵایی دڵەوە حەسودی پێ ئەبەم ، ئەو جۆرە لە ڕۆیشتن شانازیە ، مانەوەیە لە دڵیی دونیادا ، لە ڕۆحی ژیاندا ، ئەوە هەر سەردەشتەکانن ئەتوانن ئازایانە بمرن و نەمرانە لە یادەوەری خەڵک و مێژودا بمێننەوە . 

سەردەشت عوسمان ، بە دیدی من ، هەر ڕۆژنامەنوس وشەهیدێکی قەڵەم نیە و بەس ، ئەو نەورەسێکی بەرزەفڕە تا دروتر بکەوینەوە لە ساڵیادی تیرۆرکردنەکەی ئەو باڵاتر ئەفڕێ ، هەورێکە ساڵانە دێتەوە و وەک باران تۆوی ئازایەتی لەناخی هەزاراندا سەوز ئەکا ، تا دێ ، زیاتری لێوە فێر ئەبین ، ڕۆحی ئەو ئیلهامبەخشی دەیان قەڵەم و دەنگە لە گەروی نەوەیەکدا . 

درود لە گیانی سەردەشت عوسمان کە بۆ من ڕەمزە و وێنەی باڵایە و لە نوسینی هەر وتار و لە دیداری هەر تیڤی و ڕۆژنامەیەک غەدری کوشتنی ئەوم لە یادە ، سەردەشت لای من ، هاوارە ، وتنە ، ئازایەتیە ، بێمنەتیە ، مەردانە مردنە و زۆر شتی تریشە کە لە توانای گوزارشتکردنم بەدەرن . 


03/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر