عێراق و دۆسێی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چی چارەسەرە؟ چەند قسەیەکی ڕاشکاو

هۆشیار عەبدوڵا




دەسەڵاتدارانی هەرێم دەزانن دو دۆسێی هەن کە ئێجگار ئاڵۆسکاون و عێراق ئاسان ناچێتە ژێرباریان بۆیە ئاوا بێمەنتن لە خەڵک و موچە نادەن، دۆسێکان نەوت و موچەی فەرمانبەرانن،عێراق نە دەتوانێ قەرز و ئیلتیزاماتی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم بکاتە ماڵ لەسەر خۆی کە ملیاران دۆلارە، نە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە تا ئێستا لیستی نیە و نازانێ ژمارەی راستەقینەیان چەندە؟!

 
‫لە دوا رونکردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراقیش ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێم داوا دەکەن موچەکانیان بچێتە سەر بەغداد بەڵام بە حەرفێک باسی ئەوە ناکات کە ئەمە لای ئەوان چارەسەرە یان ئامادەن جێبەجێیبکەن و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازنەوە سەر بەغداد.

 
بۆ نمونە لە ساڵی ۲٠۱٦ کاتێک بە فەرمیی داوام کرد موچەی فەرمانبەرە ئیتیحادییەکان راستەوخۆ بەغداد دابەشی بکا،بە هۆی ئەوەی هەرێم لە دەرەوەی میلاک خەلكێکی زۆری لەسەر ئەو فەرمانگانە دامەزراندبو عێراق نەچوە ژێر باری و گوتیان میلاکاتتان زۆرە!بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانیش بەگشتیی هەمان حاڵەتە.
خولی رابردو کاتی سەپاندنی پاشەکەوتی موچە لە لایەن کابینەی رابردوو موتاڵەعەیەکم لەناو دانیشتنی پەرلەمان لەسەر کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەشکرد،پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ پێکهێنا،لە لیژنەکەدا کاتێک زانیان هەرێم لیستێکی پاکی نیە و سندوقی خانەنشینی نیە و هەموی تێکەڵ و پێکەڵە هەندێک لە ئەندامانی لیژنەکە ئاشکرا گوتیان ئەمە بە عێراق چارەسەر نابێ و لە کاری لیژنەکە کشانەوە ئەمە جگە لەوەی لە هەرێمەوە بە پیلان کاریان بۆ ئەوەکرد ئەو لیژنەیە رابگیرێ چونکە سەروەختی گەرمەی باسیی درۆی ئابوری سەربەخۆ و تاڵانیی نەوتی هەرێم و کەرکوک بوو.

 
‫چارەسەری ئەم دۆخە سەختەی خەڵکی هەرێم ئەوەیە ئەم حکومەتە بە فشاری خەڵک هەڵبوەشێنرێتەوە جا بە جوڵەی شەقام یان بە مانگرتن و بایکۆتی دەوام،بەرپرسانی هەرێم ئەوە دەزانن کە عێراق ناچیتە ژێر باری گرانی دۆسێی موچە بۆیە دەسەلات لە هەرێم هەست بە فشار و مەترسی جدی نەکات ناچێتە ژێربار،ئەو فشارە راستەقینەیەش لە هەولێری پایتەختەوە دەکرێ نەک لە قەزایەکی دورەدەستیی سەر سنور،بێ جوڵە و فشاری شەقامی هەولێر دەسەڵات باکی بەهیچ جوڵەیەکی تر نیە و بەهەندێکێشیان خۆشحاڵە!

 
‫قسە کورت و پوخەتەکە ئەوەیە چارەسەری ئەم دۆخە سەختە لە ئێستادا تەنها لەدەستی خەلكی هەرێم بەگشتیی و هەولێر بەتایبەتیی دایە چونکە بەغداد ناچێتە ژێر باری راستکردنەوەی ئەو چەوتی و چەتەییەی بنەماڵەکانی هەرێم کردویانە و دەیکەن و راستکردنەوەیان بە ملیاران دۆلار لەسەر عێراق رادەوەستێ(ئەم قسەیەشم لە ئەزمونەوە هاتوە و بەرپرسیاریشم لێی و ئایندەی نزیکیش دەریدەخات)تەنانەت عێراق ئەگەر مەبەستیشی بێت بیکات لە ئێستادا (کە نایکات) بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێ.

 
دەردەکە تەمەنی ۳٠ ساڵە و ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بێمنەتن لە خەڵک و بەردەوامن لە تاڵانیی و گەندەڵیی،دەواکەش ئێستا و سەد ساڵی تریش بەدەستیی خەڵکی هەرێمە کە بەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە نابەرپرسیار و گەندەڵ و بێ باکە بڵێن؛ستۆپ.

 
جا ئەمە یەکێکە لە تێگەیشتنەکان کە پێی وایە چارەسەری ریشەیی بۆ رزگاربون لە مافیاکانی کوردایەتیی لەدەستیی خەڵکی هەرێمدایە تێگەیشتنی تریش هەیە کە پێی وایە هەمو چارەسەرەکان لەدەستیی بارزانیدایە و بە کۆنگرەیەک دەتوانێ کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامیی؟!

 
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە هەرێمدا دەردێکە تەمەنی سی ساڵە،بڵێی لە نیوان زۆرینەی خەڵکی کوردستان و گروپێک کەمینەدا کە شەرعیەتیی کوردایەتیان هەیە کۆمەڵگە چەندی تر بناڵێنێ؟!

 
کۆمەڵگەکان بە گشتیی شایستەی ئەو دەسەڵات و حوکمڕانیەن کە هەیانە!

 

14/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر