ئەو ژنەی کە دەبێت بە سەرۆک وەزیران لە بەریتانیا

ساماڵ مانیی
لە بەریتانیا دەپرسن : ئایا مێری ئیلیزابت ترەس' دەبێت بە 'ژنە ئاسنینەکە'ی کە پێشتر یەکەم ژنە سەرۆک وەزیران بووە لە بەریتانیا؟
'ترەس' لە هەمان حیزبەکەی مارگریت تاتچەرە کە یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو و بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا ناوبانگی دەرکرد و ماوەی  لە ساڵی (١٩٧٥ وە هەتا ١٩٩٠)  پانزە ساڵ سەرۆکی حیزبەکەی بوو، لە (١٩٧٩ وە هەتا ١٩٩٠)  یانزە ساڵیش سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو.

ئەو حیزبەی ئەم دوو ژنەی تیا بوون بە سەرۆک و سەرۆک وەزیران، حیزبی کۆنپارێز/موحافزین،کۆنسێرڤاتیڤ/تۆری یە لە بەریتانیا کە لە (١٨٣٤ )  سەدەی نۆزدەدا دامەزراوە، سەد و هەشتاو هەشت ساڵ لەمەوبەر. لەو کاتەدا تەنها دوو حیزبی سەرەکی دژە  پرنسیپی یەکتری لە بەریتانیا هەبوون: حیزبی کرێکاران/لەیبەر کە لە ساڵی (١٩٠٠) سەرەتا ساڵی سەدەی بیست دا دامەزرا، بەرامبەر بە حیزبی خاوەن سەرمایەکان/تۆری یا کۆنپارێزەکان کە (٦٦) ساڵ پێشتر دروست ببوون و سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان لە بن دەستدا بوو. ئەم دوو حیزبە هەتا ئێستاش ڕەکابەری یەکترین بەڵام پرنسیپ و سیاسەتیان وەک کاتی دروستبوون و مێژووی خەباتیان نیە؛ کۆنپارێزەکان بە لای چەپدا کشاوون و کرێکارەکان بەرەو سەنتەر.

مارگریت تاتچەر ئەو ساڵەی من پاش دایکم لە کوردستان چوومە ناو سیاسەتەوە، ئەو چەند ساڵێک بوو سەرۆکی حیزبەکەی بوو و یەکەم ساڵی بوون بە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بوو لە بەریتانیا. ئەو ساڵەش کە من وەک پەنابەری سیاسی گەیشتمە بەریتانیا ئەو هێشتا هەر سەرۆکی حیزبەکەی و سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام نازناوی ژنە ئاسنینەکەی لێنرابوو، ئەو نازناوەی چەند لەبەر بەهێزبوونی پێی بەخشرا بوو هێندەش لەبەر خراپی و تووندیی سیاسەتەکەی بوو. من خۆمم دێتەوە بەرچاو لە چەندین خۆپیشاندانی ناو بەریتانیادا دژ بە سیاسەتی تاتچەر.

یەکێک لەو خۆپیشاندانانەم دژ بە تاتچەر، لەگەڵ زۆر لە ئەندام پەرلەمانەکان و سەرانی حیزبەکان و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و نوسەران و خوێندکاران و مامۆستاکان و ژنان و میدیاکاران و هەموو ئەوەی کە ناویان هەبوو لە بەریتانیا، دژ بە سەپاندنی یاسای نوێی کاونسڵ تەکس/زەریبەی سەرانە  بوو لە لایەن تاتچەرەوە کە هەتا ئەمڕۆ هاووڵاتیانی بەریتانیا پێوەی دەناڵێن و هەموو کەسیک کە لە بەریتانیا دەژی ساڵانە لە هەزار پاوەند زیاتر سەرانە دەدات بە حکومەتی بەریتانیا سەرەڕای زەریبەکانیتر.

ئیلیزابیت ترەس نابێت بە ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا، سیاسەتی حیزبەکەشی ئەو سیاسەتەی ئەوسا نیە، بەڵام دەبێت بە سەرۆکی حیزبەکەی و سەرۆک وەزیران لە بەریتانیا، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە پەنجە ڕادەکێشن، بە تایبەتی ئەوەی ترەس دەکات بە سەرۆک وەزیران ئەو پەیمانەیە کە بە هاووڵاتیان و حیزبەکەی خۆی داوە لە ئێستادا: داڕشتنی پلانێک کە تاکس/زەریبە کەم بکاتەوەلەسەر خەڵک، لەگەڵ داڕشتنی پلانی ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی گاز لەسەر هاوڵاتیان کە ئەمساڵ گیرفان هەڵدەتەکێنێ لەبەر بەردەوامی شەڕی نێوان ئەورۆپا/ یۆکرەین و ڕووسیا.

ترەس سەرکەوتوو دەبێت یان نا، نادیارە، بەڵام ئەمە ئەو پەیمانەیە کە پێی دەبێت بە سەرۆکی حیزبەکەی و بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.
تێبینی: ئەم وتارە پێش هەڵبژاردنی ترەس نوسراوە

05/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر