تازە ئەمەریکا هاتۆتە گۆ؟

ساماڵ مانیی

 تازە ئەمەریکا دەڵێت: پۆستەکانی زانکۆکان بە سەرۆکی زانکۆکان و سەرۆک سکۆلەکان و سەرۆکی بەشەکان و سەنتەرەکان و کۆلیجەکانەوە بەدەست ئەندامانی حیزبەکان و 'فووتمان'و فووتوەمەن'ی حیزبەکانەوەیە لە کوردستان؟! 

لەمێژە هاوارمە و دەڵێم و نووسیومە و سکاڵام ناردووە بۆ هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان، هەموو توانایەکی منیان فەوتان وەکوئەوەی من کورد نەبم یان ژن نەبم، مافی کورد لە نیشتەجێبوونەوە و ئیشکردنی لە وڵاتی خۆیدا منی نەدەگرتەوە، یەکسانی جێندەریی لای ئەوان منی نەدەگرتەوە. 

ئەوانیان بەبەرچاومانەوە دەهێنایەوە بۆ کوردستان، یان هەر لە کوردستانەوە زەقیان دەکردنەوە بە هەموو پشتگیری مادی و مەعنەویی و خەڵاتباران کردنیان، ئەوانیش لێمان دەبوونە پاسەوانی بەر دەرگا و هەتا بڵێێ بە تەماع و بێ ویژدان و دڵڕەق بەرامبەر هەرکەسێک کەمێک توانا و ئاستی بەرزی هەبوایە، یان هەر لەبەر ئەوەی ئەندامی حیزبەکەی خۆیان و ئەو حیزبانەی لەگەڵیان ڕێکدەکەوتن نەبوونایە. زۆر بێ ویژدانانە، ژن وپیاوی حیزبییان دەهێنایەوە لەسەر سینی زێڕ ڕایاندەگرتن بە باشترین موچەوە و باشترین پێگە، باشترین پۆستی زانکۆییان پێ دەبەخشین و هێشتا کەمبوو بەلایانەوە، ئەگەر ئەرکی وەزیفی خۆیان بە جێ بهێنایە پێیان دەوتن "ئەکتیڤ" و "داهێنەر"، پەیتا پەیتا خەڵاتبارانیان دەکردن، ئەگەر هەڵەشیان بکردایە هەر لە قازانجیان بوو. 

بەرامبەر بە ئێمەش، هەرچیەکم بۆ کورد کردبوو هیچ بەهایەکیان بۆ دانەدەنا ئەو ژن و پیاوە حیزبیانەی سەر سینیە زێڕینەکانی کوردستان، نە هیچ پرنسیپێکی ئەکادیمییان بەکاردەهێنا بۆ دۆستایەتی و یاریدەمان و نە هیچ هەڵوێستێکی یەکسانی جێندەرییان هەبوو لە دەزگاکانیانەوە بەرامبەرمان.  لە زانکۆ بە زۆر ئیستیقالەیان پێکردم زۆر بە نایاسایی، یەک ژن و یەک پیاوی ئەکادیمی لە ٣٥ زانکۆی کوردستان دا و لە ٣٥ ڕێکخراوی "مەدەنی" ناحکوومی، کە زۆربەیان ڕەخنەگری جێندەریی و حکومەت بوون، نەماندین هەڵوێستێکیان هەبێت بەرامبەر بەوە. من ژن نەبووم، ئەکادیمیست نەبووم تا بەلایانەوە پرسی ژن بێت و پرسی ئازادی ئەکادیمی بێت.  دوای ئەوەش، بە دەیان ساڵ تەنانەت مافی خانەنشینی و مافی ئەرز وەرگرتنیان لێ زەوتکردم وەک پێشمەرگەیەکی دێرین، یەک کەس نوتقی نەدا لەو هەموو هەزارە پێشمەرگە وحیزبیانە، جگە لە چوونە حەج و عەمرە بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکانیان و هۆنینەوەی درۆکردن بۆ داپۆشینی ئەو هەموو غەدرانە.  
سەیرە بەلامەوە هێندە خۆڕاگر بووم لە ژێر ئەو هەمووئەشکەنجەیەدا و توانیم هەر بەردەوام بم سەرەڕای ئەو هەمووەی کران بەرامبەرم، کەهەتا ئێستا بەئازارن لە هەر هەناسەیەکمدا. کە من بۆم دەنووسین ئەی بۆ بەرامبەر بە من وا میهرەبان نین؟ فەرقی من و فڵان چیە؟ فەرقی من و فیسار چیە؟ ئەگەر بە زیادەوە نەمبێت! سکاڵاکانمیان نە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پەسەند کرد، نە لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە تایبەتی لەوێ بەهەندیان نەگرتبوو بە نامەیەک وەڵامم بدەنەوە، بە خەڵکیتریان ووتبوو: نە داواکاری خانەنشینیەکەی و نە داوای ئەرز وەرگرتنی و نە سکاڵاکانی "هیچ بنەمایەکیان نیە". 

بڕوخێ ئەمریکا، پاش ئازاردانمان و ئەشکەنجەدانمان و لەناوبردنی ژیانمان و تواناکانمان ، تازە بە تازە دێنە گۆ


26/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر