داهێنەری بۆمبی ئەتۆمی ئۆپنهایمەر

ساماڵ مانیی
ئەوەی پار بڕیارم دا نەینووسم و ئەمساڵ حەزدەکەم ئیزافەی بکەم.

کاتێک ساڵی پار لە ئەندەلوسیا- خوارووی ئیسپانیا-  کتێبی 'کواین'تیگەیشتن' م دەنووسی بە کوردی،  باسی ڕەوتێکی گرنگی ناو فەلسەفە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکیەکانی؛ پۆزیڤیتیزم.

پار لەو نووسینەمدا، زۆر مەبەستم بوو باسی  'ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر (١٩٠٤- ١٩٦٧)' بکەم لە نێوان ئەوانیتردا- مەبەستم  لە زانایانی فیزیایە کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا و لە ناو جەنگە جیهانیەکاندا ژیابوون و لە ژێر کاریگەریی سەرکەوتنەکانی بواری فیزیادا بوون، ئەوانەی دروستکاریی ڕەوتی پۆزیتیڤیزم/لۆجیکاڵ پۆزیتیڤیزم  بوون لە بواری فەلسەفەدا.

هەروەهاش مەبەستم بوو باسی ئەوکاتانە بکەم کە ئاینشتاین(١٨٧٩-١٩٥٥) نەفرەتی لە وڵاتی خۆی- ئەڵمانیا کرد و بەرەو ئەمەریکا سەری خۆی هەڵگرت، بوو بە پەنابەری سیاسی لەوێ.

بەڵام  ئەوکاتی بە پێویستم نەزانی کتێببەکەم ببێت بە ژیاننامەی زانایانی فیزیا، تەنها  بایی ئەوەندە  زانایانی فیزیام دوواند کە لە سوودی مەبەستەکەمدا بێت. ئاماژەم تەنها بەوانەیان کرد کە  پێشینەیان لە زانستی فیزیادا بوو و بەڵام فەیلەسووف بوون و دەستیان هەبوو لە دروستکردنی ڕەوتی پۆزیتیڤیزم لە فەلسەفەدا.

بەڵام ئێستا پێم وایە دەبوایە بەکورتی  لەو کتێبەمدا لەسەر ئۆپنهایمەر بمنووسیایە یا ئاماژەم پێبکردایە، بەدەر لەوەی ئەو فەیلەسووف نەبووە، بەڵکوو بەلای کەمەوە، لەبەر ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی لەگەڵ هەموو وێرانکاریەکەیدا و لەگەڵ ڕەتکردنەوەم بۆی و باوەڕم بەوەی کە نەدەبوایە دروستبکرایە،  بەڵام چ بۆمبەکە و چ  ئۆپنهایمەر وەک زانای داهێنەر لە بواری فیزیا، کاریگەرییان هەبوو لە پرسی دەرخستنی هەبوونی 'ڕاستیی'  لە زانستدا بە پلەی باڵا.  لەهەمانکاتدا کاریگەریی ئیشکردنی چەند ساڵەی دروستکردن وپاشان سەرکەوتووی بۆمبی ئەتۆمی،  پاڵنەر بووە هەم  لە گەشەکردنی ڕەوتی  پۆزیڤیتیزم و هەم لە پووکانەوەی ڕەوتی پۆزێتیڤیزم لەناو فەلسەفەدا.

 ئۆپنهایمەر زانایەکی گرنگ بوو، زانایەکی فیزیا بوو نەک فەیلەسوف. ئەو زانایەکی داهێنەر بوو، بۆ یەکەم جار 'نیۆترین' و 'پلیتۆنێۆم' و 'یۆرانیوم' ی تێکەڵ کرد و کردی بە بۆمبی ئۆتۆمی، ئەو بۆمبەی هەر دانەیەکی وێرانکارترە لە بیست هەزار تەنی 'تی ئێن تی' .

پاش ماندووبوونی جیهان لە کوشتار و وێرنکاریی بە دوو جەنگی جیهانیە یەک لەدوای یەکەکانی (١٩١٤هەتا ١٩١٨) و (١٩٣٩هەتا ١٩٤٥) زۆر لە خەڵکی شەقامی ئەو وڵاتانەی هێرشبەر بوون وئەوانەی تێوەگلابوون، خواخوایان بوو ئەو بۆمبە ئەتۆمیە سەرکەوتوو بێت و بەکاربهێنرێ و کۆتایی بە جەنگی جیهانی بهێنرێت، وەکو خۆیان دەیانووت 'بە یەکجاری' کۆتایی بە جەنگ بهێنرێ.

یابان  بەهێز بوو لە سەری دووەمی جەنگی جیهانیدا بەرامبەر بە ئەمەریکا و مەبەستبوو لە لایەن ئەمەریکاوە بترسێنرێت، هەروەها ڕووسیا – یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوسا نەیەتە پێش و ئەورۆپا نەخاتە ناو سنووری خۆیەوە. بەو مەبەستە ئەمەریکا بڕیاریدا دژ بە یابان ئەو بۆمبە بەکاربهێنیت و لەهەمان کاتدا یەکیەتی سۆڤیەتی پێ بترسێنیت؛ ئەمەیە مەبەست کاتێک لە نووسینەوەی مێژوودا  وا ناودەبرێت و پێی دەوترێت 'تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە یابان'. 

 ئەمەریکا لە سەرەوەختی ئەوەدا بوو ببێت بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی ، بڕیاریدا ئەو بۆمبە بەسەر یابان دا تاقیبکرێتەوە و ئۆپنهایمەر نەک هەر دەیزانی بەڵکوو چەند ساڵێک بوو لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا  بەو مەبەستە ئیشی لەسەر دەکرد و وا بڕیار بوو بەر لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە لەگەڵ ستالین دا بکات، مەترسی خاوەنداریەتیی  ئەو جۆرە بۆمبە کە ئەمەریکا- بە تەنیا لەناو وڵاتانی جیهاندا- خاوەنیەتی لە ئارادا بێت  و دەرکەوتوو بێت. 

 لە هەڵبژاردنی لەکوێ بۆ یەکەم جار ئەو بۆمبە تاقی بکرێتەوە ، زۆر شوێنیتر لەسەر زەوییدا هەبوو کە ئەگەر مەبەست تەنها لە تاقیکردنەوە بوایە، ئەو شوێنانەی بۆمبەکەی تیا تاقی بکرایەتەوە زەرەرێکی وای نەدەبوو.  ئەگەر سوریشبوونایە لەسەر ترساندنی یابان،  پیشاندانی هێز بەرامبەر یەکیەتی سۆڤیەت، ئەوا شاری زۆر هەبوو لە ناو سنووری یابان دا کە وێران ببوو لە دوو جەنگە جیهانیە بەردەوامەکەدا و جیتر خەڵکی تیا نەدەژیا ، دەکرا لە یەکێک یان دوو لەو شارانەدا بوایە ئەو تاقیکردنەوەیە و دیسانەوە زەرەری کەمتر دەبوو و مرۆڤی کەمتری پێ دەکوژرا. 
 
 سەرەڕای ئەمە، بە کۆ بڕیاریان دا شاری 'هێرۆشیما'  و شاری 'ناگاساکی' ئەوشوێنە بێت بۆمبی ئەتۆمی تیا تاقی بکرێتەوە لەبەر ئەوەی وێران نەکرابوون  و هیچ زەرەرێکیان بەرنەکەوتبوو لە ناو هەردوو جەنگە جیهانیەکەدا، بۆ ئەوەی  کاریگەرییی وێرانکاری جیۆلۆجی و مرۆیی و ژینگەیی زیانی بۆمبی ئەتۆمی  بە باشی تیا دەربکەوێت بۆ خاوەنی بۆمبە ئەتۆمیەکە کە ئەمریکا بوو، هەروەها هەتا جیهان باش بیبینێت چ مەترسیەکە و چۆن دوژمنی ئەمەریکا لەناو دەبرێت لە داهاتوودا.

 دەبینن چۆن ئەوان تەنها بیریان لەوە دەکردەوە کە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و گەمەی شەڕکردن ببەنەوە، چۆن بەسەر دووژمنەکەیاندا سەرکەوون، چۆن ترساندن گرنگتر بوو لە پارێزگاریی خەڵکی بێتاوان لەو جەنگانەدا، گرنگ نەبوو کە بەردانەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە ئاسمانەوە هێندەی هەردوو جەنگی جیهانی مرۆڤی کوشت.
 کەس بیری لەوە نەکردەوە ئەو بەکارهێنانەی بۆمبی ئەتۆمی لەو دوو شوێنەدا کە هێشتا خەڵکی بێتاوانی تیا دەژیان و وێران نەکرابوون لە جەنگدا، جگە لەوەی دەکوژرێت دوو هێندەی پێ سەقەت دەبێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕووەک و کوشتن و زاوزێکردنی ئاژەڵ و زیندەوەران بە گشتی.  

  بە مەبەستی بردنەوەی جەنگ بڕیاردرا و دوو بۆمبی ئەتۆمی لە یەک کاتدا و بۆ یەکەم جار لە ٦ ی مانگی ٨ ساڵی ١٩٤٥ دا  تەقێنرایەوە بە  شاری هێرۆشیما و شاری ناگاساکی دا لە یابان. 
 یابان دەستبەجێ ناچاربوو بە بێ هیچ مەرجێک تەسلیم ببێت لە جەنگدا ، بەهەمان شێوە هەموو ئەوانەی جەنگیان بەرپا کردبوو و یان تێوەگلابوون ترسان و هەر بەوەش جەنگی جیهانی دووەم  کۆتایی هات  یان وەک دەڵێن  'برایەوە'؛ بردنەوەیەک لە یەک چرکەدا (٢٢٦،٠٠٠) دووسەد و بیستوشەش هەزار کەسی کوشت.

گەرچی ئیتر ئەو بۆمبە ئەتۆمیە بەکارنەهێراوەتەوە هەتا ئێستا، بەڵام هەر یەکسەر و بە بێ دواکەوتن ڕووسیا، یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوسا و ستالین، دەستیان کرد بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، چەند ساڵێکی کەم دوای ئەوە، لە ساڵی ١٩٤٩ دا  یەکیەتی سۆڤیەت بۆمبی ئەتۆمی تاقیکردوە و پیشانیدا کە زلهێزە و دەتوانێت جەنگ بباتەوە ئەگەر جەنگ لە دژی بکرێت.  دوای ئەمانە هەندێک لە وڵاتانیتریش بوون بە خاوەنی ئەو بۆمبە ئەتۆمیە بە ئاشکرا و بە دزیەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕابووم لەگەڵ پیاوێکی سەرباز لە سوپای بەریتانیدا،  لە ساڵیادی کۆتایی جەنگی جیهانیدا، کاتێک لە دیبەیتێکدا ووتی " ئەگەر جەنگمان نەبردایەتەوە ئیستا تۆش و ئێمەش ناچاردەکراین تەنها بە زمانی ئەڵمانی بیرمان بکردایەتەوە و لێرەش تەنها دەمانوێرا بە ئەڵمانی ئەم دیبەیتەمان بکردایە".

16/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر