لە دوای ٦-١١-٢٠٢٢ـەوە بەناوی کێ وە قسە دەکەن؟

ئارام سەعید
ئیدی نوێنەرایەتی ئێوە کۆتایی دێت، تا ئەوکاتە نوێنەرن و لەدوای ئەوەوە هەرچی بکەن و بڵێن بەتاڵە، بەڵام ئایا هەر ئێوەن کە شەرعیەتان نامێنێت؟ یان زۆرن ئەو حزب و دامەزراوانەی دەمێکە شەرعیەتیان نەماوەو هەر بەردەوامن؟ گەر راستگۆ بین بەتەنها پارلەمان نیە کە شەرعیەتی نەماوە بەلکو زۆر لەسەرکردایەتی حزبەکانیش هەیە شەرعیەتی یاساییان نەماوەو سەرکردەکان بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەنجومەنی پارێزگاکانیش هەروەها، بۆیە ئەو وادەیەی دانراوە بۆ نوینەرایەتی لەزۆر دامەزراوە کۆتایی هاتوە، هەر ئەوانەی شەرعیەتیان لەحزبدا نەماوە بە ئەندامەکانیان دەڵین ئەوانیش شەرعیەتی خۆیان لە پارلەمان درێژ بکەنەوە و ئەوانیش وەک ئەندامی گوێرایەڵی حزب فەرمانەکە جێبەجێ دەکەن.

ئەمە پاساو نیە بۆ پارلەمانتاران و سەرۆکایەتیەکەیان چونکە ئەوان لەبەردەم بەرپرسیاریتیەکی ئەخلاقی دان لەوەی درێژە بە نوینەرایەتیەک نەدەن کە کاتی بۆ دانراوە و سوێندیان خواردوە پابەند بن، بەڵام گرنگە لەوە بگەین لەم دەڤەرەی ئێمە دەمێکە سەردەمی نوینەرایەتی کردن و شەرعیەت بەسەر چوەو ئەوەی دەبێت بکرێت ئەوەیە لە خوێندنگایەکەوە تا رێکخراو وکۆمپانیا و حزب کە خۆی بە پەیڕەوەکەی دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و نوێنەر هەڵبژێرن پابەندبن بەو رێسایەوە دەنا هەتا ماوە هەر شەرعیەت لەژێر پرسیاردا دەبێت. 

دەبێت پارلەمان پێمان بڵێت بەناوی کێەوە؟ چۆن؟ بەچ یاسایەک نوێنەرایەتیەک درێژ دەکەنەوە کە ماوەی نوێنەراتیکردنیان دەستنیشانکراوە! 

گرنگە مرۆڤی راستگۆ و بەویژدان بەرپرس وحوکمڕان بێت بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە سیستمێک هەبێت رێگە نەدات بە دریژکردنەوەی شەرعیەت بەپاساوی نابەجێ و هەڵخەلەتاندنی هاوڵاتیان. 

لەبەغدا ئەگەر پارلەمان نەیتوانی یان نەیوست کارێک بکات سکاڵاکار دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵی، بەڵام لەهەرێم شوێنێک ماوە بۆ سکاڵا لە پارلەمانی کوردستان؟

09/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر