بژاردەکانی بەردەم خەڵکی کەرکوک چی بوون؟

ئارام سەعید
لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک سەرجەم حزبە سیاسیە کوردیەکان گوتارەکانیان کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی تیدا بوو کە ناسیۆنالیستی و کوردایەتی بوون، هەمویان دەیانگوت پارێزگارێکی کورد دادەنێین، کورد دەکەینە دەسەڵات ، بە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنەوە هەموان یەک گوتار بوون، بەڵام هەمان ئەنجامیان نەبوو!

بەسەرنج دانێکی کورت لەدۆخی کەرکوک دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکی کەرکوک ئەوەنیە کوردێک یان عەرەبێک یان تورکمانێک و کریستیانێک پاریزگاربێت، بەڵکو کێشەکە پەیوەندی بەهەژمونی حزبە تاکڕەوەکانی عیراق و کوردستانەوە هەیە، بەعەقڵیەتی حوکمڕانیەوە هەیە کە سیاسیەکان و حزبەکانیان هەیانە لەسەر چۆنیەتی بەڕیوەبردن و حوکمڕانی شارەکە. ئەگەر پاریزگارێک مرۆڤێکی دەستپاک بێت و جیاوازی نەتەوەیی و رەگەزی نەکات ومرۆڤ دۆست بێت و تێروانینێکی یەکسانی هەبێت لەسەر هەموو نەتەوەو پێکهاتەیەک و جیاکاری نەکات ئەوا زۆرینەی کەرکوکیەکان دەنگییان پێدەدا.

باشترین نمونەش لەمبارەیەوە کاندیدە عەرەبەکەی یەکێتی بوو لەخانەقین کە لە سەرۆکی لیستەکە زیاتری هێنابوو ئەوان دەنگدەرانی کوردی خانەقین لەڕێی دەنگەکانیانەوە زۆرینەی دەنگەکانیان دا بە عەرەبێک، کە پێشتر بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین بووە سەلماندویەتی کە دڵسۆزی ئەو شارەیە .ئەوکاتەی سیاسیەکانی کوردو حەشدی شەعبی خەریکی ململانێکانیان بوون و گەندەڵیان دەکرد ئەو قیرتاوی ڕێگاوبان و کۆڵانەکانی خانەقینی ئەکرد.

لەبەر ئەوەی ئەم بژاردەیە لەکەرکوک لەبەردەم کوردا نەبوو، هیچ سەرکردەیەکی کوردو عەرەب وتورکمان بەو ئاراستەیە بیر ناکەنەوە کەکەسێکی غەیری نەتەوەی خۆیان کاندید بکەن کە خزمەتگوزار و خۆشەویست بێت پێش نەتەوەیی بوون، ئەوا گوتاری پێکەوەژیان کەحزبەکانی کوردستان و عێراق باسی دەکەن درۆیەکی گەورەیە، ئێمە لەمێژوی کوردستاندا  زۆر چیرۆک و نمونەمان هەیە کە تاکی عەرەبێک یان نەتەوەیەکی تری غەیری کورد زیاتر بەرگری لەکوردستان کردوە وەک لەکوردێکی بەعسی. 

لەبەرئەوەی لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی کەرکوکدا بژاردەکانی بەردەم هاوڵاتی کورد تەواو پەنگی خواردبۆوە لەگوتاری کوردایەتی ئەوا دەبوایە کورد لەو نێوەندەدا کە دەنگ بدەن بەهێزێکی ناسیۆنالیست و گوتارێکی نەتەوەییانە، یان بایکۆت بکەن چونکە لەنەتەوەکانی تریشدا کەسێکی وا نەبوو کورد متمانەی پێبکات و رێز لەکورد ومافی بگرێت لەوشارەدا کەبەدریژایی مێژوو کورد زۆرینە بووە تیایدا..

دەرئەنجام  کەرکوکیەکان و ژمارەکانی کۆمیسیۆن پێی وتین کە یەکێتی یەکەم و پارتی دووەم لە کەرکوکدا چونکە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان ناتوانن بەگوتاری کوردایەتی رکابەری یەکێتی و پارتی بکەن کە مێژویەکی دورو درێژیان لە لەکوردایەتی و قوربانیدان دا هەیە. 

ئەگەر کەرکوک پێویستی بە کوردایەتی بێت ئەوە دەرئەنجامی کوردایەتی لەهەرێم دۆخێکی دروست کردوە کەهیچ کوردێکی دەرەوەی هەرێم ئاواتی پێ ناخوازێت و خودی هەریمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی تێکچونی تەواوی دۆخی ئابوری و هەژمونی زیاتری بەغدادایە. هەربۆیە کەرکوک پێویستی بەپێکەوەژیانی راستەقینە هەیە.

27/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر