هەرێم قەڵایەک بۆ دەسەڵاتداران!

ئارام سەعید

دامەزراندنی هەرێمی کوردستان دەستکەوتیکی گەورە بوو بۆ گەلی کوردستان، بەڵام ئەوەی جێی داخە بووە قەڵایەک بۆبەرژەوەندی دەسەڵاتداران و ململانێکانیان لەسەر دەسەڵات و نەوت و بەرژەوەندی و بزنز...دوای توندبونەوەی ململانێکانی ناوخۆی یەکێتی و پارتی، بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربرین، بریاری دادگای پاریس و دەرکردنی یاسای بودجە و پرۆژە یاسای نەوت و گاز هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە: رووکردنە بەغدا وپشتکردنە یەکێتی و پارتی! یان قبولکردنی ستەمی دوو حزبی دەسەڵاتدار؟ یان رێگایەک بۆ دادپەروەری؟
 پێدەچێت خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی و نیگەرانیان گەیشتبێتە ئەوەی ئامادەبن قەوارەکە بکەنە قوربانی بۆ رزگاربوون لە پارتی و یەکێتی! بەڵام ئایا رێگەیەکی تری دەربازبوون هەیە؟ ئایا کێ لەم دۆخەدا دەچێتە پاڵ هەڵوەشاندنەوە؟ ئەی کێ دژایەتی هەڵوەشاندنەوە دەکات؟ یان کێ سەیرکەر دەبێت؟  
لەم دۆخەدا خەڵکی هەرێم گەیشتونەتە ئاستێک ئەوەی بەرگری لە هەرێم و قەوارەکە بکات وا سەیری دەکرێت کە بەرگری لە حزبەکانی دەسەڵات دەکات چونکە حکومەت ودەسەڵاتی هەرێم لەلای خەڵک متمانەی لەدەستداوە! گرنگە هێزی سیاسی خاوەن ئیرادە  تێڕوانینێکی روون وئاشکرای هەبێت لەسەر ئەم ئاڵۆزی و گرژیە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان وهەرێمی کوردستان. 
زۆر گرنگە دان بەوەدا بنێین کە هەر گۆڕانکارییەک پێویستی بەتێڕامان و بیرکردنەوە هەیە، چونکە گۆڕانکارییە کتوپڕەکان دەرئەنجامی نەخوازراوی دەبێت. گەیشتن بە ئایندەیەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی  قەوارەکە و دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی خەڵک لەخۆبگرێت. دەبێت بیر لەڕێبازێکی هاوبەش و گشتگیربکرێتەوە، لەسەر بنەمای شەفافیەت و لێپرسینەوە، بۆ داڕشتنی ڕێگایەک بەرەو داهاتوویەکی خۆشگوزەران و سەقامگیر.
لەبەرامبەر نیگەرانی خەڵک و بێباکی دەسەڵاتدا، بەشداری خەڵک وهێزی هەڵبژاردن ودەنگدانێکی پاک و بێگەرد دەتوانێت بڵێسەی گۆڕانکارییەکان هەڵبگیرسێنێت. کاتێک دەسەڵاتداران چاویان لە بانگەوازەکانی گۆڕانکاری نیە، لە ئاست هەموو داواکاریەکی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بۆ یەکڕیزی و حوکمڕانییەکی باش چاو دادەخەن. ئەوە ئەرکی هێزی سیاسی وردبینە کەبە کۆڵنەدانی بێوچان دواجار ڕێگایەک بەرەو دادپەروەری بگریتە بەر. کامەیە ئەو هێزەی دەبێتە چرایەک کە تاریکی ستەم ڕووناک دەکاتەوە، بەرەو داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەمووان بەردەوام دەبێت؟

05/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر