كەوتنی سلێمانی یەكسانە بەكەوتنی دیموكراسی و ئایندەی هەرێم

ئارام سەعید

كەوتنی سلێمانی واتە كەوتنی ئەوانەی خەونی گۆڕانكاری ریشەییان هەیە لە سیستمی سیاسی و ئەو كەوتنە واتە جێگیربونی سوڵتان و دامەزراوەكانی.

 

ساڵانێكە بەبەرنامەو پلانی درێژخایەن. كاردەكرێت بۆ پەراوێزخستنی سلێمانی و بەتایبەتتر میدیای سێبەری پارتی بەهەموو باڵەكانیەوە كارلەسەر ئەوەدەكات، بەنمونە ئەوكاتەی دەیانەوێت بڵێن دژی گەندەڵیین پڕۆژەیەكی سلێمانی دەكەنە نمونە و لەناو ئەو پڕۆژەیەشدا جوانترین كاری هونەری دەردەهێنن كە ئەویش مارا ساد كە یەكێك بو لە جوانترین كارە شانۆییەكانی سلێمانی.

 

ئەگەر گەندەڵی هەیە ئەوە دادگا و بیاندەنە دادگا، ئەگەریش بۆ ناشرینكردنە ئەوە یاریەكە ئاشكرایە. ئەمە تەنها نمونەیەكی سەدان. نمونەی ساڵانی رابردوە كە ئەو میدیانە بۆ ناشرینكردنی جوانیەكان دەیكەن كەتیایدا ئامانجەكە دیارە.

 

بەڵام ئایا حزب وهێزەكانی سلێمانی دەزانن مانای كەوتنی سلێمانی چیە؟دەازنن ئەم كەوتنە بەرەوكوێمان دەبات؟ ئایا دەزانن كەوتنی سلێمانی یەكسانە بە لەكارخستنی گەشەی كەلتوری لە كوردستان؟

 

ئەوەی جێی داخە هێزە كاریگەرو دەستڕۆیشتوەكانی سلێمانی وەك یەكێتی و گۆڕان كە لە سلێمانی دا قسەیان دەڕواو دەسەڵاتدارن بیست ساڵی ئایندەی سلێمانی نابینن و ئاگایان لەو كەوتنە نیە.بەڵكو سەرقاڵی بەرژەوەندیەكانیانن و چاوچنۆكیان بۆ دەسەڵات كارێكی كردوە سلێمانی بكەنە قوربانی بۆ بەرژەوەندیەكانیان.

 

سەردەمانێك فیگەرەكانی سلێمانی نالی و سالم. و پاشان مەحوی، پیرەمێرد...هتد . لە سیاسەتدا مامجەلال وئیبراهیم ئەحمەد ونەوشیروان. مستەفا بوو، ئەوانە بون شەڕی هەستان و گەورەیی سلێمانیان ئەكرد، ئێستا فیگەرەكان هێندەی سەرقاڵی بزنز و ملشكاندنن كەمتر ئاگایان لە سلێمانی ماوە، لەباشترین حاڵەتدا لاسایی پارتی دەكەنەوەو باس لە دوبەیكردنی كوردستان دەكەن. كە بریتیە لە بینای بەرز و تەكنەلۆژیا بەبێ رۆحی هونەری و كەلتوری و ئازادی سیاسی.

 

ئەوەی ئەمڕۆ بیەوێت بەربگرێت لەكەوتنی سلێمانی نابێت متمانە بەوهێزانە بكات، ئەوانی تریش لەوپەڕی ئیسلامیەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ وناوەڕاست كە هەن فیكرێكی سیاسی و دیدێكی رونیان نیە كە تێگەیشتنێك دروستبكات بۆ گونجان لەگەڵ هێزێكی تازە كەبتوانن پێكەوە كاربكەن بۆبەرگرتن لە كەوتنی سلێمانی، بۆیە دەبێت هێزێك بە دیدی ئاشكراو رون فەلسەفەیەكی سیاسی هەبێت بۆ ئەوكارە و لێرەوە یەكەم زەنگی هەستانەوەی سلێمانی دەست پێدەكات.


29/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر