چاکسازی یان تەڵەکەبازیی؟

ئارام سەعید

ئەو سیاسیە دەسەلاتدارانەی داوای چاکسازی دەکەن و ئیستاش بەشدارن لە بەریوەبردن و حوکمڕانیدا راستیەکەی دەیانەوێت چاکسازی لەباربەرن،چونکە چاکسازی لەدەسەلات و توانای خۆیان کەمدەکاتەوە بۆیە نایکەن. ئەمەی ئیستا بانگەشەی بۆ دەکەن لەباشترین حالەتدا چەند هەنگاوێکی شەرمنانەیە کە ئەویش لەڕێگەی چەند رێوشوینێکی ترەوە و بە یاسای تر یان رێنمایی جیاواز ئەو چاکسازیەش لەبار دەبەن،بۆیە دەکریت ناوبنریت تەڵەکەبازی. 

 

سامۆئیل هانتگتۆن دەربارەی چاکسازی لەوجۆرە کە بە -گێژاوی پادشا- ناوی دەبات دەڵیت: "زۆرجار چەند چاکسازیەکی دیاریکراو لەسەرەوەی هەرەمەکە دەکرێت لەجیاتی ئەوەی داواکاری خەلک کەم بکات زیادی دەکات و داواکاری خوارەوەی هەرەمەکە دەروات بۆ چاکسازی بنەرەتی" رەنگە ئەنجامەکەی بگاتە ئەوەی کە دەسەلات خۆی پێشبینی نەکردوە، "وەک ئەوەی لە شای ئێران رویدا کە داوای شۆرشیکی سپی کرد بۆ بەمۆدیرنکردنی وڵات و کار گەیشتە روخانی خۆی لەسەر دەستی چەند هێزیکی تردا کە گەشەیان کرد، یان ئەوەی لە بیرۆسترۆیکای یەکێتی سۆڤیەت رویدا کە چەند هەنگاوێکی چاکسازی بوو، کار گەیشتە لابردنی گۆرباچۆڤی داهێنەری بیرۆسترۆیکا و تەنانەت دواتر هەلوەشاندنەوەی یەکیتی سۆڤیەت".

 

 بەگشتی داواکردنی چاکسازی سیاسی لەسەرەوەی هەرەم ئەنجامەکەی دیار نیە و رەنگە بگاتە ئاکامێک کە لە کۆنترۆلی دەسەلاتداران خۆیان دەربچیت و سەری سیاسی سەرەوە بخوات. هەربۆیە دەسەلاتی سیاسیی تاکرەو زۆر لە چاکسازی لەهەرەمی دەسەڵاتی خۆی دەترسێت و تا بتوانیت لەبەشی خوارەوەی هەرەمەکە خەریک دەبێت. 
 نوخبەی سیاسی حوکمڕان بەشیوەیەک لە کۆمەلگا دورکەوتونەتەوە کە هاولاتی تەنها وەک ئامراز و سوتەمەنی دەبینن بۆ دەنگدان و دوای هەلبژاردن بەلینەکانی خۆیان جیبەجی ناکەن وەک مێگەلێک سەیری کۆمەلگە دەکەن. هەربۆیە ریژەی بەشداری هاوڵاتیان لەهەلبژاردندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو خەڵک بروا ومتمانەیان بە سیاسیەکان نیە کە بتوانن کۆرانگاری و چاکسازی بکەن و لەئەنجامدا بەشداری دەنگدان ناکەن.

 

چاکسازی پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز و بریاردەر هەیە کە لەسەر بنەمای لیهاتویی و کارامەیی کاربکات وبتوانیت بەرنامەی چاکسازی جێبەجێ بکات نەک کەسێک یان سیاسیەک بێت و بڵیت من چاکسازی دەکەم دەبێت ئەو دامەزراوانە نوخبەیەک بیبەن بەرێوە کە ئیرادەی چاکسازیان هەبێت نەک پاراستنی بەرژەوەندی حزب. چاکسازی پێویستی بەکەسانێک هەیە کە ئیرادەی چاکسازیان هەبێت، راستگۆیی، لیبوردویی، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دادپەروەری، شافافیەت، رەتکردنەوەی گەندەڵی وستەمکاری. 

 

یەکێکی تر لە ئەولەویەتە گرنگەکانی چاکسازی ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆن خۆی چاک بکات، چالاک بێت، پشتگیری یەکتر بکەن و هاوپەیمانی لەنیوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هەبێت نەک وەک ئەوەی کوردستان هەریەکەی لە ئاوازیک دەخوێنیت. نەبونی ئەو هاوپەیمانیە و تیروانینێکی ستراتیژی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چاکسازی هۆکاریکی تری شکستی گۆڕانکاریی بنەرەتیە. 

 

حزبە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە بۆ هاوپەیمان دەگەڕێن کە لەگەلیان بگونجیت بۆ داواکاری چاکسازی، بە دوای رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی یان حزبی سیاسی تردا دەگەڕێن کە کۆک بیت لەگەلیان لەو چاکسازیەی ئەوان دەیانەویت، تەنانەت هەندێ جار سازش دەکەن لەپێناو پەیداکردنی ئەو هاوپەیمانەدا وەک ئێستا کە پارتی لەگەل حزبی تردا هاوپەیمانی دەکات بۆ بەرگری لە سیناریۆی چاکسازی تا بە تەنیا نەبێت لە بانگەشەکەیدا.

 

لە کۆتاییدا چاکسازی زۆر دواکەوت، هەموو دواکەوتنێکیشی ستەم زیاد دەکات، بارودۆخی هاوڵاتیان تا دیت بەرەو خراپی دەروات.


10/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر