سوودمەندی سەرەكی لە گرژییەكانی نێوان لایەنەكان!

محەمەد عەلی
لە ماوەی ڕابردوودا، گرژییەكانی نێوان دوو هێزە سەرەكییەكەی هەرێم چوونەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، بە شێوەیەك لەسەر مێزی گفتوگۆی سەركردەی وڵاتانی دۆست ئاماژەی بۆ بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵێكی زۆر درا بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بە گەڕانەوە بۆ ڕووداوەكانی ماوەی ڕابردوو، وەڵامی پرسیارە سەرەكییەكە وەردەگرینەوە، كە لەم دۆخە ناسەقامگیرە سیاسییەی هەرێمدا كامە لایەن سوودمەندە.

ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی حیزبەكانیان سەیری ڕەوشی  یەكێتی و پارتی بكەین، جیاوازییەكان زۆر بە ڕوونی دیارن، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتووانە كۆنگرەی 14ی سازداوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بنەڕەتی ئەنجام داوە كە نوێبوونەوەیەكی كاریگەری پێوە دیارە، سەرۆكی هەرێم و حكوومەتیش هەر بریتین لە جێگرانی سەرۆكی پارتی، لە هەمان كاتدا كابینەی نۆیەم بۆ یەكەم جار لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا بەبێ یارمەتیی بەغدا توانی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، كەوابێ سەقامگیری مەبەستی سەرەكیی پارتییە، لە بەرامبەردا یەكێتیی نیشتیمانی دوای ڕووداوەكانی 8ی تەممووز تەواو شڵەژاوە، بە شێوەیەك سزادانی سەركردایەتی بەردەوامە و هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی دەستی بە جووڵە كردۆتەوە و بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ناڕەزایەتییەكان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، ئەمە سەرەڕای بوونی ناسەقامگیریی ئەمنی لە ئاستێكی مەترسیداردا، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە كێ دەیەوێت لە گۆمی لێڵدا مەلە بكات، بە دڵنیاییەوە كە بۆ پەردەپۆشی كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان، لەمپەر بۆ حكوومەت دروست دەكەن و ناكۆكییەكان بەرەو ئاستی بەرزتر دەبەن، بۆئەوەی سەرنجەكان لەسەر كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی و زۆنی سەوز دوور بخەنەوە و هەڵبژاردن دوابخەن.

ئەگەر لەسەر ئاستی عێراقدا سەیری هاوكێشە سیاسییەكە بكەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە یەكێتیی نیشتیمانی پێگەكەی تەواو لاوازە، بە شێوەیەك لەگەڵ هەنگاوە یەكەمەكانی پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا جیاوازیی قووڵ لەنێو ڕوئیای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) و یەكێتیی نییشتیمانی ڕوون دەبێتەوە، كە هی دووەمیان زیاتر دەستێوەردانی كەسی و حیزبی پێوە دیارە، لە بەرامبەردا هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نیشتیمانی بوون و خزمەت بە یەكڕیزیی نیشتیمانی دەكەن، بە شێوەیەك پێداگریی یەكێتی لە كاندیدكردنی (بەرهەم ساڵح) و چوونە نێو هاوپەیمانییەك لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەبێ هیچ بنەمایەك پێگەی ئەو حیزبەی تەواو لاواز كرد، لەلایەكی ترەوە پێداگریی پارتی كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر جێكردنەوەی داواكارییە ڕەواكانی گەلی كورد لە نێو كارنامەی كابینەكەی (سوودانی) بە ئاراستەی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، دەرەنجام  كورد دووبارە پێگەی خۆی بۆ گەڕایەوە وەك ساڵانی سەرەتای ئازادیی عێراق لە یەكلاكردنەوەی حكوومەت لە بەغدا، هاوكات لە دانانی سەرۆككۆماریش، كە بێگومان ئەمەش بەهێزیی پێگەی پارتی لە بەرامبەر یەكێتیدا دەرخست، كەوابێ پارتی سەقامگیریی دەوێ بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی سوودانی.

ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەیری بكەین، لە هەولێر ڕۆژانە پێشوازی لە سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی وڵاتان دەكرێت و شاندی دیپلۆماسی و سەربازیی هاوپەیمانان و وڵاتان لەسەر ئاستی باڵادا سەردانی دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەیان سەردانی بۆ وڵاتانی جیهان ئەنجام داوە، بۆیە یەكێتیی نیشتیمانی تووشی جۆرێك لە پەراوێزخستن بووەتەوە، بە شێوەیەك ئەوەتا ئەو بەریتانیایەی كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر سەرۆكی ئێستای یەكێتیی نیشتیمانی خۆی بە هاووڵاتیی ئەم وڵاتە هەژمار دەكرد، لە ئێستادا هەر سەرۆكوەزیرانێكی نوێ دێتە سەر كار، پابەندبوونی خۆی بە هاوپەیمانی و كاركردنی هاوبەش لەگەڵ هەولێر دووپات دەكاتەوە، هەر لە ماوەی ڕابردووشدا لە لەندەن پێشوازی كرا لە هاوسەرۆكی ڕابردووی ئەم حیزبە، ئەمەش بە مانای ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر سیاسەتی سەركردایەتیی ئێستای یەكێتی، لە دوای تیرۆركردنی (هاوكار جاف) ئیدی مامەڵەی ئەمەریكییەكانیش لەگەڵ ئەو حیزبە تەواو گۆڕاوە، بە جۆرێك وا هەژمار دەكەن كە دەزگا ئەمنییەكانی زۆنی سەوز لەبری پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان، بوونەتە ئالییەتێك بۆ تەسفیەی حیساباتی ناوخۆیی حیزب، كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە، بینینی سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەلایەن (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا، مەسجێكی ڕوون بوو بۆ هەمووان كە هەولێر ناوەندی بڕیارە لە كوردستان و ئەمەش ویستی لەپێشینە و سەرەكیی پارتی دەردەخات كە سەقامگیرییە.

هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمیش، یەكێتیی نیشتیمانی پەیوەندییەكانی تەواو لاوازن، ئەوەتا بە هۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پەكەكە و كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری زۆنی سەوز لەلایەن ئەم هێزەوە، ئەو حزبە لەلایەن توركیاشەوە پەراوێز خراوە، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین سەركردەی ئەم پارتە لە سلێمانی كراونەتە ئامانج، كە بە دڵنیاییەوە بە هۆی پێدانی زانیاری بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو سنوورە بۆ نزیكبوونەوەیان لەم وڵاتە هەرێمییە، ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێرانیش بكەین، بە جۆرێكە كە بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە ناتوانێ یارمەتیدەری ئەو حیزبە بێ وەكو جاران، هاوكات یەكێتی تەواو پەراوێز خراوە لە لایەن وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، كەوابێ ئاماژەكە ڕوونە، پارتی لەگەڵ پەیوەندییەكی هاوسەنگە لەگەڵ گشت وڵاتانی هەرێمیدا،  بەڵام ئەوەی نایەوێت عێراق سەقامگیر بێت، ئەو وڵاتە هەرێمییەی هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی یەكێتییە.  

30/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر