چارەسەری كێشەكان لە ھەرێمە نەك بەغدا

محەمەد عەلی

بۆ هەمووان ڕوونە، عێراق بەرەو داڕمانی ئابووری ھەنگاو دەنێت و ھۆكاری ڕێكنەكەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداش، نەبوونی پارەی پێویستە و بەپێی وتەكانی (عەلی عەلاوی) وەزیری دارایی عێراق بێت، كورتھێنان لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق نزیكەی ١٠٠ ترلیۆن دینارە و مەترسییەكانی خۆشی نەشاردەوە لە نەمانی نەختینە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی داھاتوودا، كەوابێ بۆ ئەوەی ھەرێم لەم قەیرانە دەرباز بێ، چارەسەرەكە لە ھەرێمە نەك بەغدا.

 


ئەگەر لایەنە پێكھێنەرەكانی حكوومەتی ھەرێم ڕاستگۆ بوونایە لەگەڵ خەڵكی كوردستان و خەمخۆری مووچەخۆرانی ھەرێم بوونایە، ئەوا لەبری ئەوەی كوردستان بۆ خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر بەغدا ئاراستە بكەن، دەبووایە پشتیوانی ھەنگاوە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێم بن و پاڵپشت بن بۆ كۆكردنەوەی داھاتی دەروازە سنووری و ناوخۆییەكان، ھاوكات لەبری فشارەكان بۆ رادەستكردنەوەی مەلەفی نەوت بە بەغدا، دەكرا ھاوكار بوونایە لە ڕێگریكردن لە بەقاچاغبردنی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی تانكەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەبری ناردنی وەفدی حیزبی بۆ سازشكردن و رازیكردنی حیزبە شیعییەكان، دەكرا بە دەنگ داواكەی سەرۆكی ھەرێمەوە بچن بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستێكی یەكگرتوو بەرامبەر بەغدا، كە بە دڵنیاییەوە لە خزمەت ھەرێم و دانیشتووانەكەیدا دەبوو.

 


ھاوكات تەعریب بە شێوەیەكی ترسناك ڕوو لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم دەكاتەوە، ھۆكارەكەی بەغدا نییە، بەڵكو ئەوانەن ڕێككەوتنیان كردووە بۆ مانەوەی پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی ئێستای كەركووك، كە پێشەنگ و سەركردایەتیی ئەو لێشاوەی ئەمجارەی تەعریب دەكات، بە جۆرێك لە پێناو ھەندێك بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی، ئامادەن كۆمەڵێك گیراوی ترسناكی داعشی بۆ ئازاد بكەن و لە كەركووكیش بێدەنگن لە ئاست دوژمنایەتییەكانی بەرامبەر كاسبكارە كوردەكان و تێكدانی ماڵە كوردەكان بە بیانووی زێدەڕۆیی و فەرامۆشكردنی تەواوی گەڕەكە كوردییەكان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری، لە ھەمووی ترسناكتر ڕێگر بوون لە ڕێككەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ گەڕانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەركووك.

 


كاتێك ھێزە سیاسییە شیعییەكان دەیانەوێت قەوارەی ھەرێم لە قاڵب بدەن و قوتی خەڵكی كوردستان ببڕن بە مەبەستی تێكدانی ئارامیی ھەرێم، سەركەوتوو نابن بە بێ یارمەتیی ناوخۆیی، سەرەتا لە خۆپیشاندانەكانی دەڤەری سلێمانی توانییان ئاراستەی بگۆڕن بۆ تێكدان و سوتاندن و گواستنەوەی بۆ ھەولێر، كە سەركەوتوو نەبوون، پاشان ھێرشەكان بۆ سەر ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئامێدی، كۆتا ھەوڵیش لە سحێلان بوو كاتێك بە چەكی مامناوەند و قورس ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە ھۆكارن بۆ پەلكێشكردنی ھێزەكانی توركیا بۆ قوڵایی خاكی ھەرێم و زیاتربوونی فشارەكان لەسەر حكوومەتی ھەرێم و پەلكێشكردنی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاراستەی شەڕی ناوخۆیی، كە تەنھا داگیركەران لەم جۆرە ھەنگاوانە سوودمەندن.

 


ئەوەی گومان ناھێڵێتەوە بۆ ئامانجی ئەم ھێزانە، كە لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمە بە یارمەتیی وڵاتێكی ھەرێمی دیاریكراو و ھەندێك لە ھێزە شیعەكان، ئەوەتا ئامادەن بۆریی نەوتی كوردستان -جیھان لەكار بخەن تەنھا بۆ ئەوەی كێشە ئابوورییەكانی حكوومەتی ھەرێم زیاتر بكەن و لە شنگالیش ئامادەن بچن بۆ ناو ھێزەكانی (حەشدی شەعبی) لە پێناو دژایەتیكردنی ھەرێم و، لە بەغداش بە پاڵپشتیی ھەندێك لە ھێزە شیعییەكانی نزیك لە وڵاتێكی دراوسێ، ڕێگرن لە ھەر ڕێككەوتنێكی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەسەر ئاستی ھەرێمیش لەمپەرن لە بەردەم ھەر نزیكبوونەوەیەكی نێوان ھێزە سیاسییەكانی كوردستان و لە ھەمووی ترسناكتر بانگەشەی ھەرێمی سلێمانی و پێدانی مووچەیە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە.

 

27/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر