گۆڕانكارییە خێراكان بە ئاراستەی یەكلابوونەوە‌ی ململانێ هەرێمییەكە

محەمەد عەلی

لە دوای ماوەیەكی درێژ لە ململانێ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لەلایەك و وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل لەلایەكی دیكە، ئیتر خەریكە گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا بە ئاراستەی یەكلابوونەوەی ئەم ململانێیانە هەنگاو دەنێت، بە تایبەتی گۆڕانكارییە خێراكان لە عێراق و ئەفغانستان. 

سەردانەكەی سەرۆكوەزیری عێراق (مستەفا كازمی) بۆ ئەورووپا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سكرتێری گشتیی ناتۆ و دواتر ئەنجامدانی لوتكە سێقۆڵییەكی نێوان (ئوردن، میسر و عێراق) لە بەغدا، ئاراستەی حكوومەتی ئێستای عێراقی بەرەو وڵاتانی عەرەبی یەكلا كردەوە، ئەم ئاراستەیە لە هەرێمی كوردستانیش بوونی هەیە، ئەوەتا سەردانی سەركردایەتیی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەورووپی و عەرەبی، بۆ هەمان مەبەستە، لە بەرامبەردا ئێران هەنگاوە دژەكانی چڕكردووەتەوە، كە بۆ ئەم ئاراستەیەی سەرۆكوەزیرانی عێراقە و هەولێریش بێبەش نەبووە لە بەئامانجگرتنی لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە، بە شێوەیەك ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكەدا چۆتە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی ئاشكرا، بەم شێوەش بێ مەودایەك نەماوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕێگەی گفتوگۆوە. 

لە لایەكی ترەوە، ئەوەتا هێزە میلیشیا نزیكەكانی ئێران هێرشەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ سەر پێگەكانی  ئەمەریكا و هاوپەیمانان، هاوكات بە بەردەوامی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) لە ئەنبار دەكرێنە ئامانج، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ هێرشەكانی ئەم هێزانە بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كە پێگەی سەرەكی هاوپەیمانانە لە عێراق، لە بەرامبەردا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (جۆو بایدن) سەرۆكی ئەمەریكا، هێرش كراوەتە سەر چەند پێگەیەكی میلیشیا شیعییەكان لە عێراق و سووریا، گەڕانەوەی هێزە تایبەتەكانی فۆرت كارسۆنیش بۆ عێراق، ئاماژەیەكی ترە بۆ جددیبوونی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی میلیشییا شیعەكان، هاوكات بەئامانجگرتنی تاوەرەكانی كارەبا و بڕینی كارەبای هاوردە لە ئێرانەوە بۆ عێراق وڕێگریكردن لە ناردنی پشكی هەرێم لە بەغدا، لە كوردستانیش بە تایبەتی لە سلێمانی سەرەتای هەنگاوەكان بەم ئاراستەیە دەستی پێكردووە بە سەركردایەتیی كوڕانی مام جەلال و بە هاوكاری سەركردەكانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی بەرژەوەندیی یەكێتی. 

هاوكات، كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی خاكی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تالیبان، هەنگاوێكی تری ئەمەریكایە بەئاراستەی گەمارۆدانی ئێران بە هێزێكی ئیسلامیی نزیك لە وڵاتانی عەرەبی، چونكە ئەوەی ڕوونە كە دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە لە كەسایەتییە دیارەكانی وڵاتانی عەرەبی بوون، كە بە هەماهەنگیی نێوان ئەم وڵاتانە و ئەمەریكا بوو بۆ شەڕی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران چووبوون بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها ئەم گۆڕانكارییە خێرایە لە باڵانسی هێز لە ئەفغانستان، بەرهەمی گفتوگۆیەكی درێژخایەنی نێوان ئەمەریكا و بزووتنەوەی تالیبان بوو بە سەرپەرشتیی  قەتەر، كە لە دەوحە بەرێوەچوو، هاوكات ئەم هەنگاوە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان قەتەر و سعوودیە دێت، ئەمەش بە واتای رێككەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ناتۆ دێت تایبەت بەم گۆڕانكارییانە لە ناوچەكەدا، كە بەدڵنیاییەوە ئامانجیان ئێرانە، بە شێوەیەك لە بەرامبەر پاشەكشە لە وڵاتانی عەرەبی، سنووری لەگەڵ ئەفغانستان ئارام دەبێت. 

لە هەمووی گرینگتر، ئەم گۆرانكارییانە ئەو ڕاستییە دووپات دەكاتەوە كە لێكتێگەیشتنێكی گشتگیر لە نێوان  ئەورووپییەكان و ئەمەریكا بوونی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین و ڕووسیا لە ناوچەكەدا، كە ئەم دوو زلهێزە بوونیان لە ناوچەكە بە یارمەتیی ئێران بووە، بە شێوەیەك ئەمەریكا و ناتۆ ئامانجیان ئەوەیە لە عێراق بە پاڵپشتیی وڵاتانی عەرەبی بەرەنگاری ئەم هەژموونە ببنەوە، لە ئەفغانستانیش لە ڕێگەی بزووتنەوەی تالیبان، بەو هۆكارەی كە ئەم بزووتنەوەیە هێزی سەرەكیی بەرەنگاربوونەوەی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران بوو، ئەمە لە كاتێكدایە ئەفغانستان سنووری لەگەڵ كۆماری میللی (چین) هەیە سەرباری ئەوەی كە تالیبان وەك هێزێكی ئیسلامی  دوژمنی سەرسەخستی شوعیەت بووە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا هەمان مەترسییە، لەلایەكی ترەوە ئەمەریكا بەم هەنگاوە دەبێتە خاوەن كارتێكی فشاری بەهێز لە بەرامبەر (چین) ، ئەویش لە ڕێگەی تالیبانەوە دەتوانێ كارتی موسڵمانە ئیگۆرەكان لە هەر كاتێكدا بێت بە رامبەر بە چین بەكار بهێنێت.

لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە، دوای ئەوەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی  بڕیاریان دا بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ پاش ئەم هەنگاوە هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی یەكە بەیەكەی ئەم وڵاتانە دەستی پێكردووە، ئەوەتا لە لیبیا و یەمەن و عێراق و سووریا، ئەمەریكا و ئەورووپییەكان تەواو پاڵپشتیی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی دەكەن، ئەم هەنگاوانەش ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ئیدی ناوچەكە پێویستی بە بوونی كۆمارێكی ئیسلامیی خاوەن چەكی ئەتۆمی و پاڵپشتی میلیشیا چەكدارەكان لە وڵاتە جیاوازەكانی ناوچەكەدا نییە، بۆیە دوای ئەم گۆڕانكارییانە، بژاردەكانی بەردەم ئێران دیاری كراون، بە شێوەیەك یان دەبێت تەسلیمی ئیرادەی ئەمەریكا بێت، یاخود گەمارۆكان بەردەوام دەبن و گوشارەكانیش بۆ سەر ئەم وڵاتە درێژەیان دەبێت، كە دوور نییە بەردەوامیی گەمارۆ و فشارەكان، ببێتە فاكتەرێك كە گۆڕانكاری لە رێگەی كەرەستەی ناخۆیی نموونەی ڕاپەرینی جەماوەری، ئەنجام بدرێت.


14/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر