وادیارە لەشەڕی ئەمجارەی نەگۆڕنە-قەرەباخدا ئەرمەنەکان "کوردستانی سوور" لە دەستدەدەن!

د. جەبار قادر

هەواڵی دەسپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و کۆماری ئارتساخدا (ناوە ئەرمەنییەکەی کۆماری نەگۆڕنە قەرەباخ) چەند ڕۆژێکە گەرمە. سوپای ئازربایجان لە دە پازدە ساڵی ڕابردوودا خۆی بەهێز کردووە و چەکێکی زۆری لە تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی تر کڕیوە. هەرچی ئەرمەنە باری ئابووری و جوگرافییان زۆر سەختە و بەرگەی شەڕێکی درێژخایەن ناگرن ئەگەر لە دەسپێکی شەڕدا زەبری توند لە هێزەکانی ئازربایجان نەوەشێنن. تورکیا و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی بەشداری شەڕی دەکەن و لە تەک سوپا ئازەیدان، تەنانەت میدیای ڕووسیا باس لەوە دەکرێ کە چوار هەزار لەمانە لە تورکیا و سوریاوە گەیشتوونەتە بەرەکانی شەڕ لە کەفکاز.   هەرچی ئەرمەنە تەنها پشت و پەنایان ڕووسەکانن، کە تا ئێستا هەر باس لە دانبەخۆداگرتن دەکەن. 

بە پێی چاودێر و شیرۆڤەکەرە سەربازییە ڕووسەکان وا دیارە لە کۆتاییدا ڕێگا نادرێ هیچ لایەنێک سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەدەست بێنێ. شەڕەکە زیاتر بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە دەبێ، کە ئەرمەنەکان لە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەگۆڕنە قەرەباخ لە دەسپێکی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گرتن. ئەمەش هەموو ئەو ناوچانە بوون کە لە ساڵانی (١٩٢٣ - ١٩٢٩) ئویەزدی کوردستان(کوردستانی سوور- لە بارەیەوە بڕوانە ئەو وتارەم لە لینکی یەکەم دامناوە و سەیرێکی نەخشەکان بکەن)یان پێکدەهێنا. 

بۆ ئەمە زۆربەی وڵاتان پشتگیری لە ئازربایجان دەکەن و بە مافی ئەرمەنەکانی نازانن، کە لە دەرەوەی سنوورە دانپێدانراوەکانی نەگۆڕنە قەرەباخ دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە بۆ ئەوەی بیناکەن بە بەرەی شەڕ لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان. هەڵبەتە لە کاتی خۆیدا کە ئەم ناوچانە کران بە بەڕەی شەڕ هەموو دانیشتوانی کورد و ئازەری ئاوارە کران. پێموایە ئەگەر ئەم جارەش نەبێ و بە شەڕیش نەبێ، ئازەرییەکان ئەم ناوچانە دەگرنەوە و لە گفتوگۆکانی داهاتوودا باسەکان زیاتر لە بارەی ستاتووی قانوونیی نەگۆڕنە قەرەباخەوە دەبن لە چوارچیوەی کۆماری ئازربایجاندا. وڵاتانی ڕووسیا، فرەنسا و ئەمریکا دەبنە بە گەرانتیۆری مافەکانی ئەرمەن لە نەگۆڕنە قەرەباخ بەڵام لە چوارچیوەی کۆماری ئازربایجاندا. داننەنانی هیچ دەوڵەتێکی دونیا لە سێ دەیەیەی ڕابردوودا، بە خودی ئەرمینیاشەوە، بە کۆماری ئارستاخدا، ئەوە دەردەخات کە ئەگەر جیابوونەوەی ئەو ناوچەیە لە کۆماری ئازربایجان هیچ نەبێ تا ئیستا ڕێگەپێدراونیە. لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا ئازربایجان زۆر لاوازتر بوو و تورکیا بەم شێوەی ئێستای ئەردۆگان دەیکا نەیدەتوانی لەو دەڤەرەدا ئەو یارییە بکات و هێشتا سامی ڕووسیا زۆر بوو، بەڵام ئێستا بەداخەوە بارودۆخکە لە قازانجی ئەرمەنەکان نیە، هەرچەندە پێدەچێ ئەوان، بە تایبەتی ئەرمەنەکانی نەگۆڕنە قەرەباخ زۆر جەربەزە بن لە شەڕدا، بەڵام لە بەرامبەر تیکنۆڵۆژیای نوێی جەنگدا و پشتگیری توندی ئەردۆگان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، ئازایی و جەربەزەیی ناتوانن تا کۆتایی شەڕ ببنەوە. 

ڕەنگبێ فاکتەریئ ئامادەیی تیرۆریستان لە گۆڕەپانی شەڕدا لە ناوچەیەک   کەوا دوو سەدە زیاترە ناوچەی هێژیمۆنی ڕووسیایە، ببێتە هۆی هەڵوێستی توندی کرێملن.

مخابن کوردانی ئەو دەڤەرە لە دوای نزیکەی سی ساڵ ئاوارەیی و بڵاوبوونەوە بە ئازەربایجان و وڵاتانی تری یەکێتی سۆڤییەتی جاراندا، تازە  نەدگەڕێنەوە بۆ "کوردستانی سوور" و نە بە هیچ جۆرێک ناویان لە ناواندایە.

 

28/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر