بیركردنەوەی كاڵ و كورتمەودای دەسترۆیشتووانی كوردستان

عیماد عەلی
ئەوەی لە زۆرێك شیكاری و شرۆڤەی جوان و ئاڵۆزو هەندێك زانستیانەی چاودێرانی سیاسی و رۆشنبیران لەمەر هەڵسەنگاندنی زەزعی كوردستان و پەیوەندی هەردوو حزبی دەسترۆیشتوی كوردستان و بیركردنەوەی سەركردەكانیان دبینین و دەخوێنینەوە, جێگەی سەرسورمانە، نەك لەبەر ئەوەی بێ ئاستن و شرۆفەكان وا نین و بەهەڵە هەلسەنگاندن دەكەن بەڵكو لەبەر ئەوەی سیاسەت و مامەڵەی ئەم دوو حزبە بەدوور لە هەموو حساباتێكی ورد  و لێكدانەوەی كارلێكە سیاسیە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكان بەرێدەكرێت و تەنها خاڵاێك لەبەرچاودەگرن وەكو كەس و سەركردە و حزب چەندیان دەست دەكەوێت و بەس و ئەوەی نزیكی ناكەونەوە و بەهیچ شێوەیەك بیری لێناكەنەوە بەرژەوەندی دەرەوەی بازنەی سودی كەسی و حزبیە. بۆیە تا ئێستا دەرئەنجام و دەركەوتەی رەفتارە كورتبینیەكانیان ئاڵۆز و تەنانەت پێشبینیكراوی خۆشیان نیە، بەڵگەی سەلمێنەری ئەمەش  ئەوەیە نە دۆستایەتیان بۆ ماوەیەكی زۆر بردەكات و نەش دوژمنایەتیان و ئەوەی بەرێوەدەچێت تەنها سەرپێی و كاتیە و لەسەر هاوبەرژەوەندی حزبی و كەسیەكان لەنگەری بەستووە. بە تایبەتی لە رووی ستراتیجیەتی بیری نەتەوەیی و بەرژەوەندی باڵاو و خەتی سوور و بیری دوورمەودا ئەوەندە هەنگاو دەنێن كە تەنانەت بەرچاوی خۆیان نابینن, نەك دراسەتی رەوت و رێرەو و فاكتەر و جەوهەری پرسەكە وچۆنێتی رەفتاری گونجاو و دروستی رێبەری راستەقینەی سەركەوتن بكەن. بۆیە تەنانەت پرزانیاری وبلیمەت و شارەزاترین بیریاری سیاسی و فكری تەنانەت جیهانیش ناتوانێت پێشبینی دەرئەنجامی هەلًوێستیان لە ئایندەیەكی كورتی سیاسەتی ئەم دوو حزبە بكات و رای راستی خۆی لەمەر كردەوەكانی داهاتویان دەربرێت.

بۆیە دەكرێت بە راشكاوی بڵێین ئەو خەتە راست و زانستیانەی سیاسەتی حزب و لایەن و دەسەڵاتدارانی ولاتانی پێكەوتوو لە سەری دەرۆن زۆر روونترە تەنانەت لەبەرچاوی نەك تەنها خەڵكەكانیان بەخۆیان بەڵكو لای چاودێرانی ئاسایی هەموو لایەك و  تەنانەت كوردستانیش، بەڵام ئەوەی لە كوردستان و لای ئەم دوو حزبە و دەسەڵاتی كوردستان دەگوزەرێت بەهیچ شێوەیەكدەرئەنجام و ئایندەی پێشبینیكراو نیە و تەنانەت پرشارەزایی و لێهاتووترین كەسی چاودێری تەنانەت بیانیش ناتوانێـت شرۆفەی راستودروستی وەزعی كوردستان و پێشبینی واقعی ئایندە و دەرئەنجامی رەفتاری سیاسیەكانی بكات. تۆ تەماشای كێشەی هەڵبژاردنی سەركۆماری عیراق و نەبونی مووچەی فەرمانبەران و گرانی و نەداری و بێدەرامەتی خەڵكی كوردستان و پەیوەندی هەردوو حزب و هاوپەیمانی و جەمسەربەندی و هەڵوێست و راوبۆچوونیان لەم كاتەدا بكە و ئەوجا رەحمەت بنێرە بۆ سەركردایەتیە زۆر بە سەلیقە و زانیاری و پر لە حورمەتەكانیان. 

بۆیە، ئەوەی ئێستا لە لای خەڵك بە مەحاڵ دادنرێت و پێشبینیكراو نیە لەوانەیە لەچركەیەكدا لە لایەن  ئەم دوو حزبەوە جێبەجێبكرێ و سەرجەم پێشبینی و لەیەكدان و حسابااتە سیاسیە زانستیەكان لنگەوقوچ ببنەوە و هاكازانیت دوژمنایەتی بووە دۆستایەتی و پەیوەندی نادروست بووە برایەتی و دەست لەملان و هاورێیەتیەكی ئەوتۆ كە موو نەچیّت بەبەینیاندا. بۆیە ئەمان لە پرێكدا رەفتارێك دەكەن و هەنگاوێك دەنێن بۆ هەنگاو و رەفتاری دووەم بەجێی دەهێلن بۆ خوا، بەتایبەتی لە كاتێكدا كە سەرجەمسەرە ناوچەییەكانیان فەرمان بەسەردا بكەن، ئەمان راستەوخۆ بە بەڵێ گەورەم وەڵام دەدەنەوە. هەر بۆیە بەردەوام خەڵك جگە لە نەبوونی و كەمدەرامەتی و ناجێگیری دەروونی لە دڵەراوكێ و نیگەرانی و نائارمی سیاسیی بەردەوامدا دەژێت. ئەم وەزعە بێ دەربەستیەی لە لایەن دەسەڵات و ئەم دوو حزبە هاتۆتە ئاراوە لە دەرئەنجامی كاڵا بیركردنەوە ی فەریكە سیاسیەكانی خۆ بە سەركردەزانی ئەم دوو حزبەدا هاتۆتە ئاراوە, بۆیە تەنانەت هیچ بلیمەتێكی سیاسی ناتوانێت پێشبینی وەزعی سیاسی سبەی و دوو سبەی كوردستان بكات و ئایندەی نزیكیش بخەمڵینێت. شرۆڤەی ئەو خەڵكە بە توانا و دڵاسۆز و لێهاتووەش بێ سەرئەنجام دەبێت و هیچ پ]شبینیەكی راستی لێهەڵناكرێنرێت.

06/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر