لە نزیكەوە ئاشبەتاڵێكی لەسەرخۆ دەبینم

عیماد عەلی
ئەگەر دەرئەنجامی شۆرشی ئەیلول و باری ئەمێستای كوردستان و بە تاتیبەتی سەرئەنجامی كردەوەكانی ئەم سەركردایەتیەی ئێستای كورد بەراوردكەین، زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە و حاڵ و ئایندە و دەرئەنجام و بەرهەمی ئەم خۆبەختكردن و هیلاكیە درێژخایەنەی گەلی كوردستانمان بۆ دەردەكەوێت و بەزەییمان بە خۆماندا دێتەوە.

شۆرشی ئەیلول تا رادەیەكی باش واقیعی و پاك و كوردانە و كەمیی خۆپەرستیی حزبی و كەسیی  ئەم شێوە و رادەیەی ئەمرٍۆی ئەم بارەی ئەمرٍٍۆ دەركەوت  و بەدوور بوو لە كێبرٍكێی خۆپرٍوكێنی نێوخۆیی ئەم جۆرە حزب و سەركردانە ، بەڵام سادەیی واقیعەكە و لە كەشێكی تا ئاستی نەزانی  و ئەگەر بكرێت بڵێین خۆفەرزكردنی باری عەشایەریانەی دوور لە ناخی راستەقینەی شۆرش و مەرجە تایبەتەكانی بوو. كەچی ئەوەی ئەمرٍۆ بە هیچ شێوەیەكی، نە  لە پاكی و بێگەردی و نەش لە بوونی هیچ مەرجێكی بە تایبەتی لە پاش راپەرٍٍین، لە شۆرش نزیك نەبۆتەوە و تەنها خۆی لە كۆمەڵێك هاوبەرژەوەنخواز و دەستەگەریی خزم و عەشیرەت و كۆمەڵێك بازرگان دەبینرێت و هیچی تر.

كە ئاشیەتاَڵەكەی ئەیلول روویدا، تا رادەیەكی باش تەنها لەسەرەوە قەتیس بوو، بەدوور لەوەی پێشمەرگە و خەڵكەكە  زۆر بێ هیوابن، دارٍمانەكە لە سەركردایەتیەوە بوو نەك خەڵكی سادە، تەنانەت ئەگەر خەڵكانێكی ئازا و بوێر سەرپەرشتی شۆرشیان بكردایە، ئەوەندە ورە مابوو كە توانای بەردەوامیی شۆرش خۆی دەسەپاند و ئەگەری دەرئەنجامێكی باشیشی دەبوو، لەوێدا تەنها سەركردایەتی رووخا. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین، ئاشبەتاڵ و هەرەسیێكە لە ناخ و جەوهەر و كرٍۆكی تاك بەتاكی ئەم گەلەدا دەبینین، زۆر كات خۆی دەسەپێنێت و نەوەیەكی رووخاو بەرهەم هاتووە  و دیفاكتۆیەكی دروستكردووە كە ئەستەمە بە ئاسانی هەڵسانەوە و رابوونی نوێ بێنێتە ئاراوە. 

 
لەم شۆرشە نوێیەدا باش دەزانین و جوان تێگەیشتین، ئەوەی لە ململانێ و ركابەری و یەكشكاندنی یەكتری ئەم حزبانەدا،  ئەوەی پێیان كرا لە دژی یەكدی قسوریان لەیەك نەكرد و لای دۆست و دوژمن خۆیان زۆر روو زەرد كرد و وایان لەخۆیان كرد رۆژانە ملكەچی هەمووان بوون  و ناپاكیان كرد، بەڵام ئەوەی هەمیشە زیانی كرد لەو بەینەدا تەنها هاوڵاتیانە و بەس و تا ئێستا حزبەكان و سەركردایەتی بە بەرزكی بانان لێی دەرچوون. ئایا رۆژی تۆڵەی راستەقینەی گەل لەوانیش دەبینین؟.

لەم بەناو شۆرشەدا، بچوكترین شت لای ئەم حزبانە ملكەچیە بۆ حزبە عیراقیەكان  و وڵاتانی دەوروبەر و  ملبەرزی و ملهورٍی و خۆبەزلزانی بۆ یەكتری و لە هەموو كاتێكدا حساب نەكردن بوو بۆ ژیان و گیان  و بەرژەوەندیەكانیی 
خەڵك . 

لە رووی ئابووریەوە، تاوەكو دوێنی لە رێگەی توركیاوە نەوتەكەی هەرێمیان هەراج كرد و تەنها ئەو رژێمەی دوژمنێكی سەرسەختی كوردە  سودی لەو تاڵانیەی دەبینی،كەچی بەردەوام نەبونی و ترس و دڵەراوكێ باڵی بەسەر  مێشك و بیركردنەوەی خەڵك و ژیانیدا كێشابوو، وا ئەمرٍۆش هیچ پینەیەكیان بۆ ناكریت و خۆیان خستۆتە باوەشی عیراق و رووبەرووی تێكشاندنێك بوونەتەوە هیچ چارەیەكیان لە ئاسۆدا بۆ نەماوەتەوە. تاكە ئامرازێكی گەیشتنیان بەدەستەوەبوو لەو هەموو تەنازول و رەفتارەیان لە كەیسی ناردنی نەوت، وا ئێستا ئەوەش لەدەستی ئەم دەسەلاتە زەلیلەی كورد دەرچووە و بە هەموو شێوەیەك خەریكی ملكەچبونن بۆ هەموو دوژمنان و شەرمیان لە هیچ نەماوە. 

بۆیە ئێمە گەیشتووین بەو قەناعەتەی كە بە هەموو شێوەیەك و بە روونی ئاشبەتاڵێكی درێژخایەن و لەسەرخۆ  لە ئارادایە و هەمووان روو لە رووخان و دارٍٍمان و نسكۆ و شكستێكی مێژوویی زۆر گەورەداین. 

20/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر