لایەنی ئەرێنی شكست و سەركەوتنی ئەردۆگان

عیماد عەلی
بە یادكردنەوە و خستنەرووی كردەوە و سیاسەتی دوژمنكارانە و دژایەتی و كوردكوژی ئەردۆگان بێت و بە سۆزداریەكی سیاسیی رووت و نەخوێندنەوەی هەردوولایەنی  سود و قازانجی دوور مەودا بێت، هەموومان لەگەڵ شكست و  كەوتن و تورٍدانی ئەردۆگانین و بە دەرئەچوونی شاگەشكە دەكەیەن و چاوەرٍێی شتی باشتر لە كلیچدار ئۆغلۆ دەكەین.

ئەگەر وتەكەی بەرێز عوسمان بایدەمیر  لێكبدەینەوە كە دەڵێت:  بە دەرئەچوونی ئەردۆگان دەروازەی بەهەشتمان لێ ناكرێتەوە، بەڵام دەرگای دۆزەخمان لێ دادەخرێت، ئەگەروابێت هەر باشە و بە بەستنی دەرگایەك ئەگەری كردنەوەی دەرگاكەی دیكە لە ئارادەبێت. بەڵام تەماشای وەزعی ئۆردوگان و هەڵوێستەكانی و بۆچونی وڵاتان و بەتایبەتی زلهێزەكان و ئەمریكا و ئۆرپا  بكەین، دەكرێت ئێستا باشترین هەل بێت بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو خاڵە لاوازانەی ئەردۆگان و مانۆرەكانی دەریخستوون و هەوڵی ناچاركردنی بۆ سەلماندنی هەر هیچ نەبێت مافە سەرەتاییەكانی كورد و بەتایبەتی ئەگەر هەوڵی دوور خستنەوەی نەتەوەپەرستانی لە ناوەندی بریار و سیاسیەتی توركیا بدرێت و ئەردۆگان بگەرٍێنرێتەوە بۆ سەرەتاكانی قۆناغی سەركوەزیران بوونی و پەیرٍەوكردنی رێبازەكەی ئۆزال و گرتنەبەری پرۆسەی ئاشتەوایی.

لە لایەكی ترەوە تۆیەك بیروبۆچون و رەفتاری كڵیچدارئۆغلۆیەكی ئەتاتۆركی دەزانیت و باش لێی تێگەیشتویت و تا ئێستا بە ئاشكرا هیچ پەیمان و رایەكی تایبەتی لەسەر پرسی كورد  دەرنەبریبێت ، ئەوا شێمانەی مامەڵە و سیاسەتی چاكی لەمەر كورد زۆر كەمە و ئەوەمان بۆ دەردەخات كە دەكرێت  ئەردۆگانێكی زەلیل و داماو و پەروباڵكراو و زۆر لاواز بكرێت و حزبەكەی بە شێویەكی نابوت بمێنێتەوە دەتوانرێت بخرێتە ژێر فشاری هەمەلایەنەی دەرەكی و ناوەكیەوە.

ئەمە لە لایەنی نێوخۆییەوە بەو شێوەیە، ئەگەر لە باری سیاسی دەرەكیەوە لە مەر توركیای ئەردۆگانی بروانین، ئەردۆگانێك كە ئەمریكا و ئۆرپا باش لێی تێگەیشتوون و دەزانن چۆن مانۆر دەكات و یاری لەسەر چەندین پەت دەكات، ئەندامێكی ناتۆیە و شێخی دەرباری روسیا و ئێرانیشە و دوژمنی سەرسەختی یۆنان و ئەرمینیا و سوریایە و هەوڵی ئەوە دەدات لە هەر سێلاوە خۆی نزیك بكاتەوە و وەكو میارتگری عوسمانی هەوڵی گێرٍانەوەی مێژوو دەدات و  بە دوور لە بەرژەوەندیەكانی رۆژئاوا وەك ئەندامێكی ئەكتیڤی ناتۆ یاری دەكات، بەڵكو  وەكو دەروازەیەكی روسیا و چین لە قرم خۆی دەنوێنێت, ئا ئەم سیاسەتە دوفاقیە وای لە رۆژئاوا كردووە كە هەمیشە بە ئاواتی لاوازبوونیی ئەردوگان بن و لەو بارەوە كاریشیان كردووە, بۆیە كورد دەتوانێت لەم بارەدا زیاتر ئەردۆگان و حزبەكەی لە گۆشەیەكدا قەتیش بكات و دەتوانێت بواری یاریكردن و پەیوەندی لەگەڵ نەیارانی ئەردۆگان لە رۆژئوا  فراوانتر بكات. بۆیە دەكرێت كڵیچدار ئۆغلۆ سەرەتایەكی باش بێت بەڵام بە جوڵەیەك دەتوانێت باری لاری توركیا و پەیوەندیەكانی لەگەڵ رۆژئاوا راست بكاتەوە و مەیدانی یاریەكە بۆ كورد تەسك بكاتەوە.

بۆیە لە زۆر لاوە، دەكرێت لەوباوەرٍەدا بین كە دەشێت تا رٍادەیەك خێرەكە لە مانەوەی ئەردۆگان بێت و لە مەودایەكی دووردا بۆ یەكلایی كردنەوەی هەڵوێستەكانی، فشاری زۆری بخرێتە سەر و ملكەچی ئەمركیا و تەنازولی زۆرتر بكات لە پرسی كورد و دیموكراسیدا. 
بۆیە ئەگەر شكستی ئەردۆگان لەچەند روویەكەوە سودێكی كاتی هەبێت و وەك روخانی  دكتاتۆرێك سودی بۆ هەموو گەلانی توركیا بێت، بەڵام بە سەركەوتنی ئەردۆگانیش، لە باری هاوكێشە دەرەكیەكان و لەخوێندنەوە و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ  بارەكەدا سودێكی گەورەی بۆ كورد هەبێت .  

14/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر