لە نێوان كەلەرەقی و ملكەچی بۆ بەغا

عیماد عەلی
مێژوو زۆر شتی لەم بابەتەمان بۆ باس دەكات و باش دەزانین كە هەمیشە كورد خۆی ماڵی خۆی وێران كردووە، یان ساویلكانە رەفتاری كردووە ، یان دوژمنانی خاڵە لاوەزەكەیان قۆستۆتەوە، یان بە خۆی لە پێناو بەرژەوەندیەكی بچوكی ناوچەیەك یان هۆز و عەشیرەتێك یان بنەماڵەیەك پرسە گشتیە نەتەوەییەكەی خستۆتە قورٍگی شێرەوە و زۆرجار بۆ قازانجێكی كەمی كورتمەودا  ملكەچی دوژمنەكانی بووە. بەڵام ئەوەی ئێستا  و بە تایبەتی لەم كاتە و  لەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستاندا دەبینرێت، ماڵوێرانیەكی زۆر گەورە و كەوتنە سەرساجی عەلیی پرسی كوردە لە هەر چوار پارچەكە بە گشتی نەك ناوچەیەك و عەشیرەتێك و بنەماڵەیەك بێت.

ئەوەی دەبینرێت، لایەنێكی كێشەكە  لە كەلەرٍەقی خۆی بەردەواامە و سەر كەلی شاخێكی فشەڵ و بەتاڵی گرتووە و  نایەتە خوارەوە، بە فیززلی و خۆبە گەورەزانی و خەیاڵی بەرزرٍاگرتنی خۆی لەسەر برایانی خۆی نەك ئەویتری  نەیار و دوژمن، رەفتار دەكات . لایەكەی تریش لە بارێكدایە ئاشەكەی خوا دەیگێرٍێت و بێ سەلیقەیی سەركردایەتی و كەم ئەزمونی و سەركەشی و هەرزەكارانەی كاری سیاسی و نەبوونی سەركردایەتی و پەرشوبڵاویی وای لێكردووە  كە لەم ململانێەدا كەوتۆتە پەلەفاژە و بە شێوەیەك بەرچاوی لێڵ بووە،  لەپێناو زیانبەخشین بە لایەنی كوردی بەرامبەرەكەی، ملكەچیی نەیار و دوژمنی سەرەكی كردۆتە ئامانج و بۆتە خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان و پرسە مێژووییەكەی لە یاریەكەدا.

لەم بارەشەوە لایەنی سێیەم چی نێوخۆیی عیراق بێت یان دەوروبەر، لە خۆشی نەزانیی ئەمانەی كورد خەریكە شاگەشكە دەكات و بە ئاسایی و ئاسانی خەریكی یاریە و ئەوەی دەیەوێت بەم دوولایەنەی نێوخۆ جێبەجێی دەكات و بە خۆیشی لەدوورەوە دانیشتووە و مێش میوانی نیە و كورردستانی لەهیچ كاتێكدا بەم لاوازی و ببَدەربەستیەی نەبینیوە.

ئەوەتا دەبینین لە بێ حیكمەتی و كاری منداڵانەی سەركردایەتی  هەردوولایەنی كورد باری سیاسی و ئابووری گەلی  كوردستان گەیتشتۆتە لاوازترین  خاڵی خۆی و هیچ كات بەم شێوەیە نەبووە  لە رۆخی كەوتنێكی مەزندا بێت و نزیك بێت لەوەی بە تەواوی  تەفروتونا بێت.

ئەوەتا توركیای قەرداش بیوگی لایەكیان و ئێرانی ئاغای بزرگی ئەویتر، ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و بە هەموو شێوەیەك یاریان پێدەكەن،  عیراقیش بە هاندان و رێنمایی دەرودراوسێكانی و مەرامی قەومەچیەكانی ئەم هەلە لەدەست نادات و بە فێڵبازی فارسانەوە مامەڵە لەگەڵ كۆی گشتی پرسەكەدا دەكات و وا دەكات ئەوەی ناوی پرسی كورد و ئایندەی نەوەكانێتی بێ  شەرٍ و قوربانیدان بۆ مەودایەكی دوور بخاتە جاڵێكی قووڵەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە و ئەم دوو لایەنە لێی بێئاگا و بێ خەبەرن و نزیكی نابنەوە ئەوەیە،  لە ململانێی ماڵوێرانكەری خۆیان ناكەون : یەكێك لەم دووانە هەڵوێستێكی بێ وێنەی دەگمەنی مێژووییانە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكە و بارەكەی كورد بۆ خۆی بە گشتی تۆمار ناكات،  ئەگەر بە لاوازی و تەنانەت نەمانی خۆیشی بكەوێتەوە مل بۆ ئەویتر نادات، بۆیە دەبێت چاوەرٍێی هیچ دەرئەنجامێك نەكەین و چاوەرٍێی ئەوە بین ئەم  ماڵوێرانیەی مێژووی ئەم گەلە ستەمدیدەیە چەندین بارە بێتەوە.  

30/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر