كورد لەم هەڵبژاردنەی توركیادا

عیماد عەلی
ئەم جارە، توركیا بۆ هەڵبژاردن و گەیشتن بە دەرئەنجام و یەكلایی بوونەوە، لە سەر ئاگری نەرم دەكوڵێت. راپۆرتە رۆژئاواییەكان و رای پسپۆرٍان و پێشبینیەكان لەسەر شێمانەی دوا دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی توركیا زۆر جیاوازن، بەڵام لەوە یەكلایی بۆتەوە  كە لە گەرٍی یەكەمی هەڵبژاردن كڵیچدار ئۆگلۆ و ئەردۆگان دەچنە گەرٍی دووەمەوە، لەم بارەوە دەبێت ئەوە بە وردی لەبەرچاو بگیرێت كە محەرەم ئینجە لە حیزبەكەی ئەردۆگان جیابۆتەوە و ئێستا وەكو سەربەخۆیەك خۆی بۆ سەرۆكی توركیا پاڵاوتووە ، ئەویش زیاتر لە دەنگەكانی  ئەردوگان دەبات و لە قازانجی ئۆغلۆی بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دەكەوێتەوە. ئەگەر سەركەوتنی ئۆغلۆ‌و بەربژێرەی ئۆپۆزسیۆن  كۆتایی بە بیست ساڵ حوكمی زۆر ئاڵۆز و زیاتر قەرەقوشیانەی ئەردۆگان بێنێت، كە ئەمە هەر هیچ نەبێت تەنها لە روانگەی نەهێشتنی  زوڵمی بەردەوامی ئەرد‌وگانەوە بێت، خۆی لە خۆیدا نیمچە قازانجێكە بۆ كورد و پرسەكەی لە توركیا، بەڵام ئەوەی راستی بێت هیچ متمانەیەك بەم كڵیچدارە نیە، كە مامەڵەی لەگەڵ ئەم كێشە گەورەیەی توركیا چۆن دەبێت، بە تایبەتی ئەمیش وەكو عەلەویەكی ئەندامی جەهەپەی ئەتاتۆرك مێژوویەكی زۆر جوانی لەم بارەوە نیە و لە ماوەیەكی دوورو درێژی سیاسەتی خۆیدا هەڵوێٍستی نابەحێ و خراپ و زۆر بێفەرٍی لەمەرٍ كورد و پرسەكەی لە كوردستانی باكوور هەبووە.

ئەگەر زۆر باس لەوە دەكرێت كە حزبەكەی ئەردوگان بە ئاشكرا و نهێنی لەگەڵ نەتەوەییە توندرٍٍەو و ئیسلامیەكانی كورد دا هاوپەیمانی بەستووە و،  بە پێی هەندێك ناوەندی راپرسی دەنگەكانی ئەم حزبە لە پێشەوەدایە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوركیا ، وادیارە ئەم گەرٍەیرۆژی  14ی مایۆ گڵۆڵەی خودی ئەردۆگان بە جیا لە حزبەكەی كەوتۆتە لێژی، ئەگەر بۆگەرٍی دووەم لە رۆژی 28ی مایۆ یاریەكە بەحۆرێكی دیكە نەگۆرٍێت و لە پێناو خستنە بەری بەرژەوەندیی تایبەتی بۆ بەربژێران ئینجە یان سینان گۆرٍٍانكاری لە یاریەكەدا نەكرێت، بە تایبەتی هەمووان باش دەزانن پێشتر ئەردوگان لەم بارەوە دەستێكی هەبووە و فێڵی زۆری كردووە و خەڵك و حزبەكانی دیكەی زۆر هەڵخەڵەتاندووە، ئەگەر بە خواستی فێڵبازانەی ئەردوگان نەرٍوات ئەوا كڵیچدارئۆغلۆ دەستەبەری دەرچوون دەكات.

پێشبینیەكان وا دەردەكەون كە پارتی سەوزی چەپ 12% ی كۆی دەنگەكانی 18% ەكەی كوردی دانیشتوانی توركیا بەدەست بێنێت، ئەمەش تا رادەیەكی باش زیاتر لە قازانجی كورد و پرسەكەی و صەلاحەدین دەمیرتاش دەكەوێتەوە، جا دەرئەنجامەكە هەر چۆنێك بێت و كاریگەریەكانی ژمارەی پێویستی دڵخوازی دڵسۆزانی كورد نەبێت و بەدوور بێت لە دابینكردنی دەنگی رەهای كورد  و  زۆرجێگەی رەزامەندیی هەمووان نەبێت بۆ بە یەكجاریی یەكلایی كردنەوەی دوور لە خەوشی پرسی كورد لە ئایندەیەكی نزیكی توركیادا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێت ئەوەی پەیوەستە بە ئاشتی فۆناغبەندی نێوان كورد و حكومەتی ئایندەی  توركیا و كەیسی هەدەپە و صەلاحەدین دەمیرتاش فەرامۆش بكرێت. بە هەموو پێوەرەكان ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە رۆڵی كورد لەم هەڵبژاردنە جێگەی خۆی لە یەكلاییكردنەوەی جەنگەكان دەبینێت و هیچ لایەك ناتوانێت لەبەرچاوی نەگرێت، بەڵام لەوێشدا تا رادەیەكی نا تەبایی و نایەكگرتوویی ریزی گەل بە هۆكاری بابەتیانەی مێژوو كردەوە نەك فاكتەری خودی و نەزانی و بێ ئاگایی سەركردایەتی هاوشێوەی باشوور، خاڵێكی نێگەتیڤی باری سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلی كوردە لە باكووری كوردستانیش.  

07/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر