ترس لە تازەگەری وەكو نەخۆشیەكی دەروونیی كورد

عیماد عەلی
لەم گۆرٍانە خێراییەی دونیا. نەبوونی دەوڵەت هیچ بوارێكی بۆ كێبرٍكێی كورد  نەهێشتۆتەوە،  تەنها چاولەرێ و لەدەستی خەڵكی ترنەبێت .

تا رادەیەكی باش میلەتێكی زیرەك و ژیرین، بەڵام  بۆ گۆرٍان و بازدان و پەرٍینەوەی قۆناغی گواستنەوە لە پێگەیەكی كۆمەڵایەتیەوە بۆ ئەویتر، كیسەڵ ئاساش نایبرٍین، قەناعەتمان بە چەقبەستن نیە بەڵام هیچ هەوڵێكمان بۆ دەربازبوون و بیركردنەوەی زانستی و هەڵەسنگاندن و رەخنە لە خۆگرتنمان نیە، رەفتار سۆزداری لە بیری تاك و  كۆبیری گشتی میلەت  بەردەوام زاڵە بەسەر رەوتی ژیان و پەرستنی كەسی و هەوڵنەدانی جدیانە بۆ وەلانانی كۆن و بێكەڵك و نەگونجاو، خۆی  لە خۆیدا بۆتە گرێیەكی ئاڵۆزكاوی ئێمە. 

لە باری سیاسیەوە ئەو بنەماڵە و كۆمەڵە خەڵكە نەگونجاو و ئەڵقە تەسك و بەرژەوەندخوازانە توانیویانە دەست بەسەر چارەنوس و ئایندەی هەر هەموو میلەتدا بگرن و كەس نەتواونێت دەستیان بۆ بەرێت. خەڵكی بزێو و چالاك و بەتوانا و ژیر و ئەكتیڤی نێو كۆمەڵی ئێمە، یان رۆڵی نیە، یان لە گۆشەیەكی نەخوازراودا قەتیس كراوە، یان خەڵكی گەوج و گێل بواری نەداوە رۆڵی كاریگەری حۆی بگێرێ ت و یاڵ بە باری كۆن و پارێزبەندی ژیانەوە بنێت و بیگەیەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتوتر.

گەر بەو شێوەیە نەبوایە، زۆر بە زوویی كۆی گشتی گوشارەی بیری خەڵك ژان دەیگرت و هەڵدەچوو و ستەمی دەسەلاتی ئولیگارشیی ئەم كۆمەڵە بنەماڵانەی كەردستانی قبوڵ نەدەكرد و تورٍی زبڵدانی مێژووی دەدان. ئەمەش بۆ قۆناغبەندی بوارەكانی دابونەریت و پێشكەوتنی زانست و مەعتریفەتیش راستە و تاوەكو خاوەنی ئەم سیفەتانە بین و تاوەكو ترسی تازەگەری و گۆرٍان لە دڵماندا خۆی مەڵاس دابێت هەروا بە دواكەوتوویی و چەقبەستوویی لە ژیاانماندا دەمێنینەوە. 

ئێمەی گەلی كورد ئەوەندە ژێردەستەیی و كڵۆڵی و بێهیواییمان چەشتووە ،  لە خوامان داوایە بەم حاڵەشەوە تەنها وەكو خۆمان لەسەر ئەم ریتمە  بمێنینەوە و هیچمان بەسەر نەیەت و تەنها ساغ و سەلامەت بین و كەس دەستدرێژیمان نەكاتە سەر ، بۆیە هەمیشە لە شوێنی خۆمان چەقمان بەستووە و شتی تازە؛ یان رەت دەكەینەوە یان وەكو خۆی بێ گرنگیدان پشتگوێَی دەخەین، تاوەكو هەست بەوە دەكەین كە ئێمە لە دواكەوتوترین گەلانی دونیا دواكەوتوترین و  هەستی خۆ بەكەمزانی زالًَ بووە بە سەرماندا و هەمیشە و لە هەموو بوارێكدا باوەرمان بە یەندە ئفلیج كەرەكەی خۆمان هەیە كەدەڵێین: با دەست بگرین بە كلاوی خۆمانەوە نەوەكو با بیبات. بۆیە زیاتر حەزی گەرٍانەوە بۆ رابوردوو یان نوستۆلۆجیا لە بیركردنەوە و رەفتارماندا زاڵە و تەنانەت برٍوای بەتینمان بە شتە خورافیەكانە و ترسمان لە شتی تازە و دژە باوە، ئەوەتا بە چۆرەها خەڵكی نەخوێندەوار فریودەخۆین و زۆر بە توندی قەناعەتمان بە جادو و تەڵەكەبازیە و كەم كەس باوەری بە تەكنۆلۆجیای مۆدێرن و رۆبۆت و ژیانی سەردەمانەی بەدەر لە خورافات و داستان و یاڵەوانێتی  و قارەمانی خەیاڵی هەیە. یان ئەوەی ئەو رێژە كەمەی هەیە و لەگەڵ زانستی نوێدا دەرٍوات و باوەرٍی پێیە پشتگوێخراوە و لەترسی جێ لەقكردنی خاوەن دەسەڵاتی پاشكەوتوی بێ توانای كوردستان بواری پَێ نادرێت جێگەی گونجاو و دروستی خۆی بگرێت، چی لە سیاسەت بێت یان پۆستە زانستی و دارایی و كارگێرٍی و تەنانەت رۆشنبیریەكانیش. 

بۆیە جگە لە چەشتنی ژەهری دەرهاویشتەكانی كەموكوردتیی نەبوونی دەوڵەت و كیانی تایبەتی خۆمان، بیركردنەوە و سیفەتی  كۆنەپارێزی و نەبوونی رۆشنبیریی گشتی و دواكەوتوویی زاڵ، برٍستی لێ برٍیوین و لە شوێنی خۆماندا واقورماو و قەتیس و داماوین . بۆیە داهێنان و دۆزینەوەی نوێمان نیە و بەهرەمەندی كەسی و دەزگا و كۆمەڵە و رێكخراو و كۆی گشتی میلەت لە هیچ كلۆجێكدا دەرناكەوێت.

بۆیە بۆ دەربازبوون لەم حاڵەتە، هەر هیچ نەبێت رێژەییش بێت،  پێویستمان بە هەنگاوی سیاسی و زانستی و كۆمەڵایەتی خیًرابرٍە و ، لە سەرجەم بوارەكانیش ، هەمیشە نەبوونی رابەر و بەرێًوەبەر و سەرپەرشتیكار لە كەموكورتیە كوشندەكانی ئەم گەلەیە، هەر بۆیە پێویستیە سەركیەكە خۆی لە خۆیدا لە بژاردەیەكی بەتوانای گونجاوی ژیر و زۆر ئەكتیڤ و گەشبین و خاوەنی ئاوەزی بلیمەتە كە دەتوانێت هەنگاوی سەرەتایی سەركەوتوو بنێت، بەڵكو ئەو ترسە لە ناخماندا برەوێتەوە و هەوڵی تازەگەری جێگەی قەتیسبوون لە كۆنەپارێزی و دواكەوتوویی بگرێتەوە، تاوەكو رزگارمان بێت.

10/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر