كێشەكە لە گوشارەی بیری عەقڵی كوردیدایە؟!

عیماد عەلی
لەم قۆناغەدا كە هەموان ئاڵۆزی باری ژیانیان لەبەرچاوە، بابەتە هەستیار و گەورە و گرنگەكان لەمەرٍ فەلسەفە و سیاسەت و زانست لەبەرچاو دیارنین، بەڵێ هەمویان باسی تایبەتی خۆیان دەوێت و پێویستیان بە كورٍی تایبەتمەندی خۆیانە بەڵام پێویستە بزانین كە پێكەوەیی و لێكئاڵاون و دابەش ناكرێن و هەر هەموویان لە زۆر شوێندا یەكدەگرنەوە و پێویستیان بەیەك دەبێت.

ئێمەی كورد لە بوار مەعریفەت و زانست لە دوای دواوەی پلەبەندی هەموو گەلانی جیهانین، هۆكارە سیاسیەكە و نەبونی دەوڵەت لە پێشەوەی رێگریەكانن و كۆی عەقڵی جەمعی كورد لە هیچ شتێكیدا كەمی نیە و پرٍ توانایە و ئەگەر بتوانین بڵێین زانان و داناشمان زۆرن و كۆی توانای بیركردنەوەی عەقڵی كوردی ئەگەر پەرٍگیر نەبم لە وەسفەكەم هەر هیچ نەبێت هاوتای گوشارەی كۆی عەقڵی خەڵكانی دیكەی ناوچەكەیە ئەگەر زیاتریش نەبێت.

ئەگەر بێینەوە سەر سیاسەتەكە و واقعی خۆمان لەبەرچاو بێت و بە چاوی بەزەییەوە تەماشای شتەكان نەكەین، ئەم قۆناغە تاكە هەلێكە لە سەرجەم مێژووی كورددا بۆ بیركردنەوە و گوفتار  و رەفتاری باش برەخسێت و وا بزانم هیچی نەماوە بۆ ئەوەی بە یەكجاری بە فیرٍۆی بدەین و زەرەیەك سوودی بۆ نەوەكانی ئایندەمان نەبێت. بۆ؟

كورتبینی و مەودای كەمی بیركردنەوە و هەژاری كۆی گشتی گوشارەی بیری جەمعی میلەتێكی وەك ئێمەی داماو و ژێردەستی ئەویتری داگیركەر و ستەمكاری نەزان و جاهیل لە هەموو بوارەكاندا، لەگەڵا تەماح و بەرژەوەندیە هەمەجۆرەكانی زۆر لایەنی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی تەنانەت بەرچاوی ڤیگەرەكانی كوردیشی گرتووە و نازانێت چۆن دەرچەی ئەو كۆبارە زەبەلاح و قورسەی سەرشانی چۆن بدۆزێتەوە و بۆ ئەوەی خۆی لێی خاڵی بكاتەوە. 

ئەگەر رێگرەكانی بەردەم عەقڵی بیركەرەوەی كورد بەم حاڵەتەی تێدایە ریزكەین بێگومان بێئومێد دەبین. ئایین, باری كۆمەڵایەتی، هەژاری باری مەعریفە و زانست، نەبونی گوشارەی عەقڵی جەمعی، نەبونی سەركردە یان ئیلیت، درٍندەیی داگیركەران، نەبونی و كەمی ئامرٍازە پێویستەكانب رزگاری، لەگەڵا باری پەیوەستی خودی تاك و خاكەكەی و چەكەرەنەبونی عیشقی نیشتمانپەروەرێتی نوێ یان لە ناوبردنی لە لایەن داگیركەران لە لایەك و زاڵبونی بیرۆكەی نارشیزیم لە مێشكی گەنجان لە لایەكی ترەوە، كۆی ئەمانە وای كردووە كە بڵێین ئا ئەمەیە باری مەعریفی و وەزعی خودیی كورد و وەزعی بابەتی كوردستان. دەتوانین بڵێین بەڵێ هێزی بیری كۆی عەقڵی كوردی ئەو توانا زەبەلاحەی نیە بگات بە چارەسەریی ئەو هەموو گرفت و كێشانە و رزگاری بكات لەو تەگەرە زۆر و  سەختانە، لە هەمووی زیاتر بوونی كێشە و گرفتی نەبوونی عەقڵ و بیركردنەوەی گونجاو و كەسی بەتوانای داهێنەر لە شوێنی تایبەتی خۆی و پەرشوبڵاوبونی ئەو تۆزە بەرهەمە كەمەی عەقڵی بیركەرەوەی تاكی كورد و دروستنەبونی گوشارەی كۆی گشتی بیری كورد و بزربونی ئەوەی بە دەستەواژە سیاسیەكەی پێی دەوترێت رای گشتی، جا ئەگەر كۆمەڵایەتی بێت یان مەعریفی یان یان سیاسی یان فەلسەفی. (پوختەی نوسینێكی تایبەتە لەمەر  گرفتەكانی ژیانی هەمەجۆری كورد).     

26/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر