بەڵێ ریفراندۆم هەڵەیەكی پیرۆز بوو

عیماد عەلی
رۆژ نیە قسەوباس و خواس و رەخنەی جۆراوجۆر لە پرۆسەی ریفراندۆم لە لایەن سەرجەم چین و تویّژەكانی كوردستانەوە نەگیرێت و بە هۆكاری سەرجەم نەهامەتیەكانی ئەم دواییەی گەلی كوردستانی باشوور دادەنرێت و تەنانەت زۆرینەی هەڵە سیاسیە هەمەجۆرەكانیش پێیدا هەڵدەواسن ئەگەر لە دوور و نزیكیشەوە هیچ پەیوەندیەكیی بەو پرۆسەیەشەوە نەبێت.

ئەگەر زۆر راشكاو بین و خاتری هیچ كەس نەگرین و بە بێلایەنی و دوور لە تەنانەت فكر و ئایدیۆلۆجیەت ئەم پرۆسە گرنگە مێژووییە وەكو خۆی بیبینین و بارودۆخی بابەتی و خودیی كوردستانی ئەوسا و ئێستاش وەكو خۆی بخوێنینەوە، دەتوانین دوور لە سۆز هەڵسەنگاندنیًكی وردی بۆ بكەین و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی بخەینەروو و كەسیش ناتوانێت لەوبارەوە هیچ موزایەدەیەك بكات بە راوبۆچون و خوێندنەوەكانی ئەوكاتەی هەرچۆنێك بێت.

تاكە ئاوات و ئامانجی ستراتیجی كورد سەربەخۆیی كوردستانە، لەهیچ قۆناغێكی مێژوویی هەلێكی رتستەخۆی گونجاوی لەبار بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەهاتۆتە ئاراوە، خەڵكی بژاردە و پرۆفیشناڵی سیاسی بلیمەتمان نەبووە تاوەكو بە زانستیانە سەرجەم ئەگەرەكان وەكو خۆی بخاتەروو، لەگەڵا ئەوەی زانیاری و وردەكاریە سیاسیەكان لەبەردەم هەمووان شەفاف و ئاشكرا نەبوون بۆ خوێندنەوەی واقعەكە وەكو خۆی، تەنانەت نامەكەی تیلەرسۆن لەدوای پرۆسەكە بڵاوكرایەوە، تا ئێستاش زۆر رای جیاواز لەحر دەگرێت و كراوەتە كراسەكەی عوسمان و نابرٍێتەوە. ئەگەر وردبین لەو بارەوەە، هەرچەند زۆر ئەگەری ئاشكرا و نهێنی لەخۆدەگرت و چەند رووەكی لە خۆدەگرت بەڵام  پرۆسەیەكی گرنگی پیرۆز بوو لە نێو هاوكێشەیەكی یەكجار ئاڵۆز و قورسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و نێوخۆیی،  لە سەر زەمینەیەكی جەنجاڵ و ئامانجی گەورەی هەندێك وڵاتی جیهان كە تا ئێستاش نەوتەكەی عیراق بە موڵكی خۆیان دەزانن و هەزار و یەك فرتوفێڵ دەكەن بۆ دەست بەسەردا گرتنی، بۆیە توانیان لاوازترین خاڵی ئابووری بەكاربهێنن و كۆمپانیا چاوچنۆكە جیهانیەكان و بەتایبەتی بریتش پترۆلیۆم سوودی لێببینن، بۆیە ئەوان درێخیان نەكرد لەو زیانە و لەولای تونێڵەكەش بە كۆمەڵێك قازانەوە لێی دەرچوون و هاوكێشە سیاسیەكانیان تەنها لە جوغزی بەرژەوەندی تەسكی بێ مروەتانەی وڵاتەكانیان بەكارهێنا و وەك هەمیشە گەلی كوردیان كردە قوربانی بەرژەوەندیە دوورمەوداكانیان.     

ئەگەر ئەوەی روویدا سوودێكی سیاسی و ئابووری تایبەتیی هەبوو بۆ جیهان و ناوچەكە و عیراقیش ، بەڵام بۆ كورد لەو وەزعەدا، ئەگەر لە نێو ئەگەرەكانیشدا ئاسۆیەكی بچوك لەو بارەوە خوێندراەیەوە، تەنها پیرۆزی دۆزەكە خۆی زاڵا كرد بەسەر لێكدانەوەی عەقڵ و بریاری پیرۆز لە پرۆسەیەكی یەكجار پیرۆزدا درا.  لە دەرئەنجامدا تەنها ئەوەی ماوە كە ئەو پیرۆزیە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ناسرێتەوە و لە مێژوودا تۆمار كرا و، لە رووی بابەتیی پرسەكە وەكو خۆی نەك لە روانگەی بەرژەوەندی تەسكی قۆناغێكی دیاریكراو و ژیانی خەلًَك، جێگەی شانازیە بۆ هەمووان.

09/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر