فەلسەفەی هەژگەرایی لە كوردستان

عیماد عەلی
فەلسەفەیەكی نوێیە كە پشت بەسەرجەم تیۆرەكانی فەلسەفی تایبەت بە بەرژەوەندیەكانی هەژاران دەبەستێت، بە دوور لە سەرجەم بیروبۆچون و فەلسەفە رەق و رووتە تیۆریە كۆنە بەسەرچووەكان، تایبەتە بە هەوڵو تەقەلا و تێكۆشانی هەمەلایەنی هەژاران، كە لە كرێكار و جوتیار و كاسبكار و فەرمانبەر و سەرجەم توێژە حسابكراوەكانی سەر بە كەمدەرامەت  و پشت نەبەستن و بە هیچ فكر و بۆچون و فەلسەفە كۆنە باوەكانی جیهان: بە لەبەرچاوگرتنی دابونەریت و عورف و فەلسەفە و فكری تایبەتی هەر ناوچەیەك كە هەژاران تێیدا نیشتەجێبن .

واتە سەرجەم ئەو چەمك و زاراو ە و دەستەواژە زانستیانەی  تایبەتن بە چۆنێتی رێكخستنی ژیانی  هەژاران  و پەیوەستن بە بیر  و فەلسەی تایبەت بە رەوتی ژیانیانیان و بەدەرن لە  كرۆكی هەر دەستەواژەیەك، كە لەگەڵ تایبەتمەندی و پێویستی و بەرژەوەندیی ئەو خەڵكەدا نەیەتەوە. بە واتایەكی تر، بەگشتی بەدوور بێت لەو فەلسەفە جیهانیە باوانەی لەمەرٍ سۆشیالیزم و سەرمایەداری و لیبراڵیزم  و هاوكێشە و لێكەوتەكانیان، واتە فكر و  فەلسەفەیەكی هاوچەرخی تایبەتە بە خودی هەژاران بە سەرجەم بۆچون و تایبەتمەندی و خەسڵەتەكانیانەوە بێت بە شێوەیەكی گشتی و، دەكرێت  لە هەر جێگە و پێگەیەكی ئەم جیهانە، بە پێی بارودۆخی كۆمەڵایەتی ، سیاسی، ئابووری  و كەلتوری و فەرهەنگی خۆیان، هەژاران  بیر و فەلسەفەی هەژگەرایی گونجاو و تایبەت بە خۆی پیادەبكات.

دەبێت ئەم فەلسەفەیەش لە چوارچێوەیەكی ئازادیی دیاریكراوی گونجاوی ئەو گەلەە بێت  لە سیفەتە تایبەتەكانی ئەو گەلە (نمونە كوردستان) دەرنەچێت  و میكانیزمی پەیرەو كردنی دیموكراسیەكەی بگیرێتەبەر، گونجاو  بێت لەگەڵ راستەرێگەی دادپەروەری لە بەرێوەبردنی كاروباری خەڵكدا.

گرنگترین چەمكی پەیوست بە فەلسەفەی هەژگەرایی، كە دەبێت بە روونی  لە روانگەی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی هەژارەوە باس بكرێت، ئاازادی یە، كە سەرجەم چەمكەكانی تری پێوە بەندن، دەكرێت ئەو ئازادیەی هەژارانیش بەم شێوەیە دەبێت:

ئازادی مافێكی رەسەنی هەموو تاكێكە،  واتە هەركەسێك وەكو خۆی نەك وەك تاكێك لە نێوكۆمەڵێكدا یان لە چوارچێوەی كۆمەڵێك باوەردار بە هەر فكر و فەلسەفەیەك یان بە هەر ئایین و مەزهەبێك بژێت، یا لە نێو كۆمەڵێك ملكەچبوی هەر عورف و دابونەریت و كەلتورێك بێت.

لێرەدا باسەكەمان لەسەر كەسێكە لە كۆمەڵێكدا بێت كە رێز لە خۆی بگرێت و ملكەچی یاسابێت، نەك كەسێك لە چوارچێوەیەكی بۆشاییدا بژێت. واتە كەسێك بەئازادی لە نێو كۆمەڵێكدا بێت كە یاسا دەستەبەری ئازادیەكەی بكات نەك ئازادیەكی هەبێت بە خۆی دژی یاسا بێت.

لێرەشدا پێویست ناكات ئەوە بێنینەوە یاد كە ئازادی وەكو بەهایەكی باڵای لێدێت و رێزلێگیراو دەبێت و دەستەبەری سەرجەم چەمكە فكر و فەلسەفیەكانی دیكە دەكات. 

لەمەدا دوو رەوت یان رێباز دەردەكەون كە دەبنە جێگەی مشتومرٍ و ركابەری لەو ناوەندەدا، لەم كاتەدا دەبێت یەكێكیان بە پێی بارودۆخە خودی و بابەتیەكەی ئەو ناوچەیە كە دەبێت گونجا بێت بۆ فەراهەمكردنی و پیادەكردنی، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، ئەوانیش :

*رێبازی كۆنزێرڤەیتف( موحافزكار):  باوەری بەوەیە كە سیستمی كۆمەڵایەتیی باو و ئەوەی پەیوەستە بە كۆمەڵگەوە  وەكو كۆمەڵە بنەمایەكی رەسەن وبنەرٍەتی بێت و، بەختەوەری و خۆشگوزەرانی مرۆڤ پەیوەست دەبێت پێوەی و پێویستە  پارێزگاری لێبكرێت. بەمەش وایلێدێت، كە تاك رێز لە عورف و شوناسی هاوبەشی كۆمەڵ بگرێت و كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی دەكات. بە واتایەكی تر، لێرەدا تاك مافەكانی لە پێدەرەكانی رەوتی ژیانی كۆی كۆمەڵگەوە وەردەگرێت، بۆیە دەبێت پیادەكردنی ئازادی تاك رێگە لە عورفی كۆمەڵایەتی و ویستی كۆمەڵ نەگرێت.

* رێبازی لیبرالیزم؛ لێرەدا پێچەوانەی ئەوەی پێشووە، باوەرٍی بەوەیە كە ئازادی مافێكی رەسەنی تاكە (وەكو تاك خۆی بە تەنها) بێ ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە كە تاكێكە لە ریزی تاكەكانی كۆمەڵدایە ، ئەم ئازادیەی تاكیش لەم رێبازەدا ئەوەیە كە پەیوەستە بە مرۆڤبون و عەقڵانیەتەكەیەوە. بۆیە دەبێت ئازادیەكەی رەها بێت و پەیوەست نەبێت بە هیچ شتێكی ترەوە. بەڵام پێویستی تاك بۆ بەسەربردنی ژیانی بەختەوەر و خۆشگوزەرانی لە كۆمەلًگەدا، وایكردووە كە ئەو ئازادیە دیاریكراو بێت، بۆ ئەوەی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بتوانن پیادەی  بكەن و هیچ كەسێك پێشێلی ئازادیە گشتیەكە و ئازادی ئەویتر نەكات.

ئەوەی گونجاو بێت بۆ كوردستان، دەكرێت لقێك لە بنەماكەی جۆن ستیوارت میل بەكار بهێنرێت، ئەو بنەمایەش ئەمەیە: بۆ پیادەكردنی هەر شتێكی پەیوەست  بە ئازادیی هەر تاكێكەوە بێت، دوو جۆر كاركردن هەیە: 

یەكێكیان : ئەو كارە یان باوەرە یان بۆچونەیە كە تەنها كاریگەری لە سەر خودی بكەر دەبێت و هیچ كاریگەریەكی بەسەر ئەویتردا نابێت، وەكو باوەرٍداری، بە هەر ئایینێك یان مەزهەەبێك بێت. یان هەر كارێك بۆ خۆی بكات .

دووەمیان : ئەو كارە یان باوەرە یان بۆچونەیە كە زەرەری زۆر گەورەی لەسەر ئەویتردا دەبێت، وەكو ئازادیی رقلێبونەوە یان هاندان بۆ وەستان دژ بە  نەتەوە و خاوەن ئاین و ئایینزا و رەنگی جیاوازی ئەویتر.

بە رای جۆن ستیوارت میل، حاڵەتی یەكەم پێویست بە هیچ كاردانەوە و رەتكردنەوەیەك ناكات، تەنانەت ئەگەر كردەوەكە دژ بە عورف و ویستی كۆمەڵیش بێت، بەڵام لەحاڵەتی دووەمدا، ناكرێت هیچ پاساوێكی بۆ یهێنرێًتەوە،  لەبەر ئەوەی ئەو ئازادیەی پەیرەو دەكرێت خۆی لە خۆیدا هاندانی رقلێبونەوە و دەستدرێژی كردنە بۆ سەر ئەویتر، ناتوانرێت لە خانەی ئازادیی رادەربرٍیندا دابنرێت. 

بۆیە ئەو ئازادیە ویستراوەی  تایبەت بێت بە كوردستان، پێویستە بارودوخ و عورف و عاداتی كوردستان بە وردی بخوێندرێتەوە و ئەو كردارەی تایبەت بە ژیانی كورد و بەهاكانی و رەوشت و سیفەتە  باوەكانی بە ناوی ئازادیەوە لەقەرەی نەدرێت.پاش هەڵسەنگاندنی ئەو بەها تایبەتانە، ئەوەی جێگیرە و باوە، ئەگەر قازانجی نەبوو، ئەگەر بتوانرێت بگۆرٍدرێت، دواتر وادەكات لەو بارەشەوە گۆرٍانكاری بەسەر ئازادیشدا دێت، لەبەر ئەوەی دەستكاریكردن و گۆرٍینی ئەو بەها تایبەتانەی خەڵك كە زیانی هەبێت زۆر ئاسان و ئاسایی دەبێت. 

كە ئازادی تایبەت بە هەر میلەتێك دیاری كرا، ئەوسا دەتوانرێت فەلسەفەی هەژگەرای تایبەت بەو شوێنەش پەیرەو بكرێت.

بۆیە پیادەكردنی فەلسەفەی هەژگەرایی لەسەر زەمینەی ئەو جۆرە ئازادیەی خۆی بێت، خۆی بە سەرجەم چەمكە فەلسەفیە پیادەكراوەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەبەستێتەوە و لە پێش هەموو شتێكَ بۆ گرتنەبەری رێگەی راستودروستی فكری و فەلسەفی  هەژاران و كەمدەرامەتاندا دەبێت.

08/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر