ئه‌گه‌ر به‌ناڕاسته‌وخۆش بێت، ده‌رئه‌نجامی چوارده‌هه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵێك په‌یامی ڕاست‌و ڕون‌و بێ پێچ‌و په‌نای بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و حزبه‌كان‌و سه‌رجه‌م كادر‌و هه‌وادارانی پارتی‌و به‌تایبه‌تی بۆ پڕۆ پارتیه‌كانی ناو حزب‌و ڕێكخراوه‌كانی تری نارد كه پارتی ئه‌گه‌ر به‌ئاگاییه‌وه ئه‌وه‌ی كردبێت یان له‌ده‌ستده‌رچوبێت یان به‌وردی بیریان له‌ئاینه‌ده‌ی حزبه‌كه‌ی خۆشیان نه‌كردبێته‌وه، یان ڕێباز‌و مه‌نهه‌جی تایبه‌تی پارتی ئه‌وه‌ی ویستبێت‌و له‌وه زیاتری پێنه‌بوبێت‌و پێی نه‌كرابێت، ئه‌وه‌ی زۆر به‌ڕون‌و ئاشكرایی ده‌رخست كه پارتی حزبی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌و بنه‌ماڵه به‌ته‌واوی قۆرخیكردوه‌و ئه‌وه‌ی حزبایه‌تی ڕاسته‌قینه بێت به‌هیچ شێوه‌و هیچ كلۆچێك له‌هیچ كون‌و قوشبنێكی ئه‌م حزبه‌دا به‌دیناكرێت.
ده‌توانین بڵێین حزبێكی تایبه‌تی‌و بێوێنه‌ی كوردستانیه‌و ته‌نانه‌ت له‌مكاته‌داو به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كه‌شدا شتی وا به‌دیناكرێت، هیچ ڕێكخستنێكی مه‌ده‌نی نادۆزیته‌وه ڕه‌فتارو كرداری به‌و شێوه‌یه بێت‌و باسی دیموكراتی بكات‌و ته‌نانه‌ت ناوی حزبه‌كه‌ش دیموكرات بێت، واته وه‌كو هه‌ندێك ڕژێمی ناوچه‌كه به‌ناوی دیموكراسیه‌وه حوكمێكی تاكرٍه‌وی بنه‌ماڵه‌یی بسه‌پێنێت‌و ته‌نانه‌ت منداڵی سه‌ر بێشكه‌كه‌یان خۆی ئاماده‌باشی كردبێت بۆ حكومڕانی حزبی‌و كوردستان بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه. هه‌وڵی زه‌مینه‌سازی ته‌واو بۆ حوكمی پاشایه‌تی له‌و هه‌نگاوانه بون كه له‌م كۆنگره‌یه‌دا جوانتر له‌وانه‌ی پێشوو ده‌ركه‌وتن.
ده‌شێت بڵێین، به‌بێئاگایی خۆیان، زیانی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ڕه‌فتارو شێوازه به‌ڕێوه‌بردنه‌ی پارتی به‌و بیركردنه‌وه له‌چه‌ند خاڵێكدا ده‌رده‌كه‌وێت:
1ـ ئه‌وه‌ی ڕون ده‌رده‌كه‌وێت كه حكومڕانی ڕاسته‌قینه كێیه‌و كێش مێگه‌لانه به‌دوای كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه‌یه‌و ته‌نها پله‌ی شێخی ده‌رباری بۆ ده‌مێته‌وه.
2ـ پێكهاتنی چین‌و توێژی هه‌مه‌چه‌شن له‌ناو حزبه‌كه‌دا، قه‌ت به‌قه‌د ئه‌مكاته وا به‌ڕونی ده‌رنه‌كه‌وتوه‌و ئه‌وه‌ی یه‌كلایی بوه‌وه كه تادێت چه‌ندین چینی جیاوازی نێو پارتی له‌باری حزبی‌و مادی مه‌عنه‌ویه‌وه هه‌ڵده‌تۆقێن.
3ـ به‌گه‌وره‌و بچوكی به‌شداربوانی كۆنگره سه‌لمێنرا كه پارته‌كه‌یان حزبێكی موخابه‌راتیی تۆكمه‌ی پڕ له‌پره‌نسیپی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یین‌و به‌دورن له‌حزبی مۆدێرنه‌ن.
4ـ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه باوه‌ڕبون به‌حزب به‌پێی پله‌ی ملكه‌چبون‌و وه‌لا‌و بۆ كه‌س‌و بنه‌ماڵه‌یه نه‌ك حزب‌و ڕێباز‌و شیعار‌و ئامانج.
بۆیه، تاقه سودێكی ئه‌م كۆنگره‌و ڕه‌فتاری ئه‌م حزبه له‌وه‌دا ده‌بینرێته‌وه كه ده‌رئه‌جامه‌كان تاكه سودێكی گشتی حزبی بۆ خه‌ڵك له‌وه‌دا ده‌رخست كه خه‌ڵكی دیكه‌ی دور له‌پارتی‌و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پڕۆ پارتین له‌ناو حزب‌و ڕێكخراوه‌كان‌و ده‌ره‌وه‌شیاندا، ئه‌وه‌یان بۆ ڕونبوه‌وه كه ئاینده‌یان له‌نێو ئه‌م حزبه نادۆزنه‌وه‌و دڵسۆزی‌و ملكه‌چی‌و حزبایه‌تی دروست له‌م حزبه‌دا ناخوات‌و تا ئه‌م حزبه به‌مشێوه به‌ڕێوه‌ببرێت موڵكی تایبه‌تی چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ته‌و بۆ كه‌س نییه دورونزیك توخنی بكه‌وێت‌و مێژوه‌كه‌ی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌و به‌س، بۆیه ئه‌مه باشترین خاڵه كه گه‌لی كوردستان ده‌توانێت قازانجی لێ ببینێت. ئه‌وه دیاره كه جه‌ماوه‌ری ئه‌م حزبه له‌بازنه‌یه‌كدا بێ گه‌شه‌ی ڕێكخستنی ئاسۆیی‌و ئه‌ستونی‌و وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی باش بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌مده‌كات كه حزبی نوێی سه‌رده‌میانه‌و یه‌كگرتوو به‌دور له‌م حزبه‌و هاوشێوه‌كانی له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دابمه‌زرێنن‌و كێبركێی پارتی‌و پاشكۆو هاوشێوه‌كانی بكه‌ن‌و ئه‌و ده‌رفه‌ته دروستده‌بێت كه وه‌رگۆڕان‌و گۆڕانكاری ڕیشه‌یی هه‌مه‌چه‌شنی سیاسیی فراوان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له ئاینده‌دا دروستبێت.