خودپەرستی لە ماجەرای جامی جیهانەوە دەركەوت

عیماد عەلی
بە تەمەنی خۆم، ئەوە نزیكەی دوانزە خولی جامی جیهانی دەبینم و چاودێری چۆنێتی بەرێوەچونی  یاریەكان و كاروباری وەرزشی و مامەڵە لەگەڵ  تۆپ و رەوشت و بۆچونی ولاتانم لەمەرٍ بیركردنەوە و ژیانیان لەو چوار گۆشەیەدا بۆ روون بۆتەوە. زۆرینەی ئاهەنگەكانی كردنەوەی خولەكانم بینیوە، زۆر بە وردی دیقەتی مامەڵەی تیپەكانم لەگەڵ یەكدی و لێدوانەكان و رەفتاری وەرزشیانەی هەموو تیپەكانم لەبەر چاو بووە و رەخنەی زۆرم لە رەفتاری زۆرێك لە وڵاتان هەبووە و هەمیشەش قسەم لەسەر ئەوە هەبووە كە ڤیڤا یەكەم لایەنی خەتابارە كە ئەم پاڵەوانێتیەیان لە گەوهەری وەزشیانەی خۆیان بە هۆی پارەو بەرژەوەندی مادیەوە پۆچەڵ كردۆتەوەو ئەم یاریە جەماوەریەیان وا لێكردووە تەنها خۆی لە چۆنێتی بەدەستهێنانی پارە بدۆزێتەوە و لە كۆتاییشدا پارە و نەوت بونە هۆكاری ئەوەی راكێشانی خولەكە بۆ وڵاتێك كە تا سەر ئێسقان پرٍ پرٍە لە ئایدۆلۆجیا و عەقیدە و بیری ئایینی و فكری سیاسی تاكرەوانە و ناوەندی ئیسلامی سیاسی و لەبەر چەندی هۆكاری سیاسی ئەكەر نا ئیسلامیش بێت ئەم وڵاتە بۆتە سەرچاوەی هەڵقوڵاوی فكری ئەخوانی.
پێشتر بیرمان لەوە كردەوە بەڵكو ئەم وڵاتە لەم بوارەدا پەند لە خولەكانی پێشووی بینیبێت و وەكو روحی وەرزشی بەدوور لە هەر كەموكورتیەك مامەڵە لەگەڵا تۆپی پێدا بكات و وەرزش وەك گوێرایەڵی و خۆشەویستی و رێزگرتنی بەرامبەر ببینێت.
هەر لە دەستپێك و ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانێتیەكەوە، تاكرٍەوی و خودپەرستی و دەربرٍینی عەقیدی و ئایینی و فكری ئیخوانیانە لە ناوەخنی ئاهەنگەكەیاندا بەجوانی دەركەوت. هەر لەیەكەم چركە ساتەوە چەندین پرسیارم لا دروست بوو:
*ئایا لە كام پاڵەوانێتیدا بیرو هزر و عەقیدە و ئایین و رەمزی ئایینی زەق كراوەتەوە، لە پاڵەوانێتەكەی قەتەری سەرچاوەی گەشەپێدانی ئبخوان نەبێت؟
*ئایا لەكام پاڵوانێتی زەنگی كەنیسە لێدراوە یان ئنجیل و تەورات خوێندراوەتەوە تاوەكو لە نێو مەیدانی تۆپێندا قورئان ئەزبەر بكرێت و منداڵی خوار هەژدە ساڵ پەڵكێِش بكرێت بۆ دەرخستنی رەمزی ئایینی گەوران تەلقین بكرێن؟.
*ئایا لە كام پاڵەوانێتیدا كۆمەڵە شیعارێكی  ئایینی تایبەت  لە كوچە و كۆڵان و گۆرٍەپان و دەشت و دارو بەرد  هەڵكراوەو تایبەت بووە بە ژمارەیەك خەڵك كە لە چاو ژمارەی هەڵگری ئایینەكانی دیكە كەمینە بن؟
*ئایا فەرمانە گشتیەكان و ریزبەستنی كردەوە  و فەرمانی سەپاندنی بیری تایبەت و فەرزكردنی پرەنسیپی قەدەغەكراوەكان بەقەد ئەم پاڵەوانێتیە لە هیچ كاتێكدا فەرز كراوە ؟
*ئایا لە هیچ پاڵەوانێتیەكی پێشتردا، كەس وێنەی كڵێسا و قوبەی پەرستگای جووەكانی بینیوە فەرزكرابێت بەسەر هەڵگرانی ئایینی ئیسلامدا؟
لەمبارەوە ئەوەمان بۆ روون بووەوە، كە ئەگەر پاڵەوانێتیەكانی پپَشتر فێری كەلتوری لێبوردەیی و رێزگرتن لە بەرامبەر و تۆلیرانسی فراوانی كەسی و كۆمەڵایەتی و لەخۆبوردویی كردین، بەڵام ئەمجارە فێری كەلتوری تاكرەوی و خۆ بەزلزانی و خودپەرستی و باڵاكردنی خود و فەرزكردنی كەلتوری زەقی ئایینی تایبەت بە خود كردین و، دەركەوت ئەو بۆچونە تەسكبینانە بە زەقی خۆی فەرزكردووە بەسەر پاڵەوانێتیەكەدا. 
        


24/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر