بۆچی سەركردەكانی كورد ناخوێننەوە ؟

عیماد عەلی
بە پێی توێژینەوەیەكی پەیمانگای نیشتمانیی فەرٍەنسی، خوێندنەوەی خەڵك بە گشتی لە رۆژئاوا و بە تایبەتی لە فەرٍەنسا كە مەڵبەندی رۆشنبیری و خویندنەوەیە، زۆر كەمی كردووە و، ماوەی خوێندنەوەی خەڵك بە تێكرا گەیشتۆتە سێ سەعات لە هەفتەیەكدا. ئەمەش لە بەرامبەر زۆربونی تەرخانكردنی كات بۆ سۆشیال میدیا زۆر كەمە.
ئەگەر بكرێت ناویان بنێین سەركردەی راستەقینە، ئەگەر بە ژمارە زۆر كەمن لە ناو كوردا، ئەوا بۆ هەموو لایەك روونە كە سەركردە راستەقینەكانی كوردیش هەر هەموویان نەك لە كاتی سەرقاڵبونیان بەوەی دەكرێت ناوی بنێین سیاسەتی كوردی كە تەنها شەرٍە دەندوك و دژایەتی یەكتر و خۆ بە بلیمەتزانیە، بەلكو لە ماوەی خانەنشینبوشیاندا دوورن لە خوێندنەوە . 
بێگومان دەكرێت بڵێین ئەگەر خەڵكی ئاسایی و سادە نەخوێنێتەوە، زیانی كەمتر دەبێت لەوەی خەڵكی خاوەن برٍیار و پلە و پۆست هیچ گوێ نەداتە خوێندنەوە، وەكو ئێستا سەركردەی كورد كە دەبینین بە یەكجاری پشتی لە خوێندنەوە كردووە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی شۆرشی نوێدا سەركردە راستەقینەكان بە پەرۆشەوە بەدوای كتێبی باشدا بوون، ئەمە ئەگەر پێشتر و لە كاتی شۆرشدا چی لە بونی زۆری كات بواری زۆری پێبەخشیبن بۆ خوێندنەوە، بەلام هۆكارێكی ئەوەی لەوكاتەشدا گرنگی بە خوێدنەوە نەدراوە فەراهەم نەبونی كتێبی باش لەو شاخ و داخ و دەشتەدا بووە، بۆیە كاریگەریی نەرێنی باشی لەسەر هەموویان هەبووە. بۆیە دەكرێت بڵێین شۆرشی كورد شۆرشگێری قارەمان و دڵسۆز و نەخوێندەواری زۆرتری بووە زیاتر لەوەی سەركردە بن، هەر لەبەر ئەوەش گەوهەری راستەقینەی سەركردایەتی و شۆرشی راستەقینەیان نەزانیوە، بەڵگەش بۆ ئەوە چەندین خیانەتكار و فایلداریان تێدا دەركەوتووە.
هیچ كەسێك نیە نەزانێت كە خوێندنەوە كلیلی عەقڵ و خۆراكی روحە. بەڵام گەر خوێندنەوە نەبێتە نەریتێكی كۆمەڵایەتی بۆ خەڵك بە گشتی، چەندین هۆكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری خۆی هەیە و دەكرێت لەوەدا زیاتر گلەیی لە خودی تاكی كۆمەڵگە بكرێت كە خاوەن رادەی  رۆشنبیریی دیاریكراوە، بەڵام كە خەڵكانێك خۆیان بە پێشەوا و سەرمەشق و نمونەی سەركردە بزانن، كوفرە ئەوان هەڵگری عەقڵی چەقبەستوو بن و رۆژانە زانیاریەكانیان  زیاتر نەكەن و لەسەر ریتمێكی رۆشنبیری كەموكورتی بێ وەرگرتنی زانیاری نوێ  رۆژ بەرێبكەن . كەوابێت ئێستا لەگەڵ فراوانبون و فەراهەمبونی ژمارەی زۆری  كتیبَی كوالێتی بەرزیش، بۆچی سەركردەكانی كورد ناخوێننەوە؟
*ئێستا لە پاش ئەو نەبونی و چەرمەسەریەی شاخ، كەوتونەتە ژیانێكی پر لە چێژوەرگرتن و كات بەسەربردن و خۆشگوزەرانی، كاتی ئەوەیان نیە چاوێك بە هیچ كتێبێكدا بخشێنن، مەگەر یادەوەری و بیرەوەریەك لێرەو لەوێ نەبێت، كە ئەویش باسی قارەمانێتی ئەم و ئەوی تێدا بێت.
* تەرخانكردنی زۆرینەی كاتەكانیان لە پاش چیّژ و لەزەتی شەهوەت و غەریزە بۆ بینین و بەداوادا چونی سۆشیال میدیایە.
* زیاتر خەریكی سەیران و گەرٍان و سەردانی ئۆرپا و هەوڵی بێوچان بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو كاتانەی لە شاخ بوون و هیچیان نەبینیوە و ئەم لەزەتەیان لەبەردەستدا نەبووە.
* گرنگیدان بە شتی لاوەكی و روكەش كە هیچ سودێكی بۆ خۆیان و میلەتەكەش نیە كە دیسان ئەویش لە سۆشیال میدیا و شویچنەكانی بە فیرۆدانی كات و پارەدا دەیدۆزنەوە.
دوور كەوتنەوە لە فكر و فەلسەفە و بیركردنەوەی قووڵ و كاری جەوهەری سەركردەی تێگەیشتوو و نغرۆبوون لە شتی رواڵەت و توێكڵی بابەتەكان.
*زۆرینەی سەركردەكان خاوەنی مێشكی خوێندنەوەی قووڵ نین و ئەگەر بخوێننەوە شتی كورت مەودایە و زیاتر پارچەی نوسینی بچوكی كە زانیاریی كەم لە خۆ دەگرێت.
* نەبوونی خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە كە وادەكات خوێندنەوە وەك  بێگاری لێبێت و بێزاری دروست دەكات. ئەگەر زیادەرەوی نەكەین سەرجەم سەركردایەتی كورد ئەو خۆشەویستیەی نیە و بەتایبەتی لەم سەردەمەدا خوێندنەوە بە بیگاری دەزانن.
* تەرخانكردنی هەموو عەقڵ و ئەندێشەیان بۆ ركابەری و ململانێ و شە{ە قسە و وەلام و وەڵام دانەوە كە هیچ بوارێكیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ خوێندنەوەی ئاسایی رۆژانە.
* رێگریەكی دیكەی خوێندنەوەی سەركردەكان ئەوەیە بەردەوام لە قەرەباڵغی و ژاوەژاودا دەژین و خوێندنەوە كەشێكی هێمن و ئاسودەی دەوێت كە ئەوان شەو و رۆژیان بە شتی دوور لەوە بەسەر دەبەن و سەرقاڵی شتی زۆر لاوەكی و دەنگە دەنگن.
بۆچارەسەری ئەم مەسەلەیە، دەكرێت هەردوولاكە لەبەرچاو بگیرێت و هەنگاوی بۆ دابنرێت، لەپێشەوەیاندا: لەبەرچاو گرتنی بارودوخە بابەتیەكەیە كە چارەسەری گشتی دەوێت و ئینجا خودیەكە لەسەر خودی سەركردەكە وەستاوە ئەگەر بیەوێت.   


18/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر