تەنها بە لێقەومانی خۆیان رادەچڵەكێن

عیماد عەلی
شتێكی تازە ناڵێین، كە باس لە مێژووی بیركردنەوەو مامەڵەی ئەم دوو حزبە لەشاخ و شار لەگەڵ كێشە و پرسەكانی كوردستان و باری ژیانی گەلەكەمان بكەین. ئەوەی روونە، تاوەكو تینی ئاگرەكە وەكو حزب نەگاتە كیانی خۆیان هیچ كوێ بە بارودۆحی خەڵك نادەن و جیاوزیەكی گەورەیان لە نێوان خۆیان و خەڵكەكە دروستكردووە،  ئەمەش بە جوانی دڵسۆزیان بۆ خەڵك دەردەخات. لە شاخ، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە چی بەسەر خەڵكدا دێت، نسكۆیان بە شۆرش كرد و هۆكاربوون بۆ ئەنفال و كیمیاباران و قرٍكردنی خەڵك، بێ ئەوەی دەرئەنجامی هەرٍەشە و هەڵویَِستی دوژمنان لەبەرچاو بگرن. لە دوای راپەرینیش خەڵكەكەیان رووبەرٍووی كۆرٍەو  و شەری نێوخۆ و یەكترقرٍكردن كردەوە و هەمووانیان تەفروتونا كرد و خۆیان و حزبەكانیان وەك بەرزكی بانان لێی دەرچوون.

لە شاریش وەنەبێت خەمیان گەل بێت، ئەوەتا دەبینین زۆرینەی خەڵك برسی و بێدەرامەت و هەژارە كەچی ئەوان یاری بە دۆلار و یۆرۆ و دینار دەكەن و بە ئیمتیازی حزبی شا بەسەپان نازانن و ئەوەی خەمیان نەبێت حاڵی چینە چەوساوەكەیە و هیچ دەرئەنجامێكی خراپ ناخوێننەوە كە ئەم واقیعەی گەیاندۆتە لێواری رووخان. باری تەندرسوتی خەڵك روو لە خراپیە و داتاكان نیشانەی زیادبونی نەخۆشیە خەتەرناكەكان دەردەخەن و ئەوان تەنها بۆ چارەسەری ئاساییترین نەخۆشی روودەكەنە ئۆرپاو ولاتانی رۆژ ئاوا. لە رووی پەروەردە و خوێندەواریەوە، رێژەی نەخوێندەواری و نزمبونی ئاستی زانستی رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو بنكە مل دەنێت كەچی ئەوانی حزبی لە باشترین قوتابخانە و زانكۆدان چی لە ناوخۆ بێت یان دەرەوە دەخوێنن و كورٍی هەژاریش زرتەی چاوی دێت.

 تاوەكو ئەمڕۆ ئەوە دەردەخەن كە بیركردنەوەیان تەنها لە دەرگای حزبەكانیان تێپەرناكات و خەڵكیان كردۆتە دوو چینی جیاواز  و دوور لەیەك یەكێكی لە خۆشی ژیان و ئاسودەیی و تەندروستی و هەمووشتێكی لەبەردەست و فەراهەم و، چینێكی هەژار و نەخۆش و نەخوێندەوار و زەلیل و مەلول.

بۆیە درێژەدان بەم بیركردنەوە یە و هەست نەكردن بە حاڵی خەڵك، تاوەكو خۆیان توشی نەهامەتەیكان نەبن، دەیانخاتە بارێكەوە كە ئەوانیش دواجار لە كۆتاییدا تووشی لێقەومان دەبن و ماڵئاوایی دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كە لەگەڵ خۆیاندا جگە لە حزبەكانیان خەڵكەكەش توشی لێقەومان و هەرەس و بێ ئومیدی دەكەن،. ئەوەتا ئەمرٍۆ باش دەیبینین و بە جوانی هەستی پێدەكەین كە چۆن خەڵكەكەیان گەیاندۆتە لێواری مەرگ و گرفتی گەورە تاوەكو ئاستێك كە نزیك بین لە دارٍمان، كەچیی ئەوان لە خەمی ململانێ و پاشقول لەیەكدانی خۆیانن و مێش میوانیان نیە.


24/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر