دەسەلاتێکی بێ وێنە لە بێ یاسایی و ستەمدا

لەتیف مستەفا

لەسەر خۆپیشاندانەکەی بەیانی با بەزمانێکی یاسایی ئەبستراکت « روت قسە بکەین» و درۆی دیموکراتی وئازادی رادەربرین و خۆپیشاندان فڕێ بدەینە لاوە کە دەسەلاتداری ئەفەندی خێلەکی ویراسی  خۆی پێوە بادەدات.
ئەگەر وایدابنێین خۆپیشاندان بەبێ مۆڵەت تاوانە
لە تاواندا بەگوێرەی یاسای عێراق و کوردستانیش سێ قۆناغمان ھەیە:-
١-- قۆناغی  بیرکردنەوەو کردەوەکانی ئامادەسازی بۆ تاوان ، ئەم قۆناغە بەھیچ شێوەیەک سزای لەسەر نیە ، وەک ئەوەی کەسێک پەیژە پەیدا دەکا بۆ دزی ، یان چەقۆ بۆکوشتن ، ئەمە سزای لەسەر نیە چونکە دەشێ کەسەکە پەشیمان بێتەوە وەدەشێ پەیژەکە یان چەقۆکەی بۆ شتی تر بوێ ، بۆیەنابێ ھیچ ئیجرائاتێکیش بکرێ چونکە کارێکی ئاساییە وەک ھەموو کارەکانی مرۆڤ
٢- قۆناغی دەستکردن بە جێبەجێکردنی تاوانەکە ، واتە ھەلسان بە جێبەجێکردنی دزی یان کوشتن بەلام بەھۆکارێک بۆی بەئەنجام ناگەیەنرێ  ئەمەیان یاسادانەر سزایەکی کەمتری بۆ داناوە لەتاوانەکە دەتوانین بەزمانی حیسابی بلێین لە چارەکی سزای تاوانەکە ئەگەر ئەنجامی بدایە تێپەرناکات
٣- قۆناغی ئەنجامدانی تاوانەکە، ئەمە ئیتر سزای تەواوی لەسەرە
کەچی ئەم دەسەلاتە ستەمکارە خێلەکیە لەسەر تەنانەت بیرکردنەوە و کردەوەی ئامادەسازی بۆ تاوانیش ئیجرائات دەکات و خەلک دەسگیر دەکات
لە سەر ئەوەی کە خەلکانێک ئامادەسازی دەکەن «لەوانەیە» بەیانی خۆپیشاندان بکەن چەندان کەسی بە نایاسایی دەسگیر کردوە، ئێ لەوانەیە نەیکەن یان پەشیمان ببنەوە ، چۆن خەلک لەسەر ئامادەسازی دەسگیر دەکرێ؟
دوو سالێک پێش ئێستا جارێک بۆ رادیۆی ئەمەریکا وتم لای ئەم  دەسەلاتە تەنانەت بیرکردنەوە لە خۆپیشاندانیش تاوانە کەچی ھەندێ پەیجی سەر بەدەسەلات نوسیبویان ئەو ئازادیەی لە ھەرێم ھەیە لەھیچ شوێنێک نیە و ئێمەیان بە شێواندنی ناوبانگی ھەرێم تۆمەتبار دەکرد


05/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر