ڕونکردنەوەیەک لەسەر بەغایبدانی مامۆستایانی نارازی

لەتیف مستەفا
لەسەر داوای  ژمارەیەک مامۆستا کە بەنامەی تایبەت بێت یان بە راسپاردە داوای رای یاساییان لێکردوین سەبارەت بە غیابدانی مامۆستایان ئەم رەئیە بڵاو دەکەینەوە. 

پێشەکیش دەمەوێ ئەوە رونبکەمەوە کە ئەمە پەیوەندی بە لایەنگیری بایکۆت  یان دەوام کردنەوەی مامۆستایانەوە نیە، پێم وایە هەموومان لە پێشەوە مامۆستایانی مانگرتوو ، خوازیارین بە زووترین کات دەوامی قوتابخانەو خوێندگەکان دەست پێ بکاتەوەو منداڵانی کوردستان لەم ساڵی خویندنە بێ بەش نەبن . بەلکو رەئیەکی یاسایی مجەڕەدە لە ڕوانگەی تیڕوانینی یاسایی بەندەوە. 

دیارە هەموو فەرمانبەرێک لەناویاندا مامۆستا  مافیان هەیە و ئەرکیشیان لەسەر شانە. 

مافی مامۆستایان و گشت فەرمانبەرانیش پێدانی تەواوی مووچەو شایستە داراییەکانیانە  بەرامبەر دەوامی تەواوی ئەوان
واتە پابەندیەکە دولایەنە لایەنی یەکەم کە حکومەتە دەبێ پابەند بێت مووچەو شایستەی دارایی تەواوی مامۆستاو فەرمانبەر لەکاتی خۆیدا بدات

لەبەرامبەردا لایەنی دووەم کە مامۆستایان و گشت فەرمانبەرانن دەبێ دەوامی تەواوی خۆیان  بکەن

کاتێک کە لایەنی یەکەم هەڵناستێت بە پێدانی مافی تەواوی لایەنی دووەم، لایەنی دوەمیش پابەندی دەوامی  تەواوی نامێنێت
سەرەڕای ئەوە ئەم نەچونە دەوامەی مامۆستایان حاڵەتیکی تاکە کەسی یان چەند کەسی نیە تاوەکو باسی سەپاندنی ریکارە کارگێڕیەکانیان لەگەلدا بکریت و بە (غیاب ) بەنەهاتوو تۆمار بکرین، واتە بابەتەکە بابەتیکی کەمتەرخەمی ئیداری وەزیفی نیە کە فەرمانبەرێک یان چەند فەرمانبەرێک بە ئارەزوی خۆیانو بەبێ هیچ هۆکارێکی مەشروع و بێ ئاگادار کردنەوەی فەرمانگەکانیان لە دەوام دابڕابێتن ،بەلکو ئەمەی ئەمان دەیکەن هەڵوێستی نارەزایی دەربڕینە بەرامبەر بە غەدرێک و ناهەقیەک و پیشێل کاریەکی مافی خۆیان کە لێیان دەکرێت و ساڵانە دوبارە دەبێتەوە بێ ئەوەی حکومەت هیچ هەنگاوی جدی بنێت بۆ چارەسەر کردنی کیشەکەیان و نەهێشتنی ئەو غەدرو پیشێل کاریەی بەرامبەریان دەکرێت. 

ئەم مافەش واتە مافی ناڕەزایی  جا لە شیوەی خۆپیشاندان بێت یان بایکۆت و مانگرتن  مافیکی بنەرەتی مرۆڤەو لە جاڕنامەو پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤدا کە عیراق پابەندی خۆی دەربڕیوە پێیانەوەو هەروەها لەدەستوری عێراق و یاساکانی هەرێمیشدا دانی پێدانراوەو پاریزراوەو سزادانی هەر کەسیک لەسەر دەربڕینی فشارو هەلویستی نارەزایی بەشیوەی مەدەنی بۆ بەدەست هێنانی ماف یان لابردنی پێشێل کاری و غەدر لەسەری ، پێشیل کردنی دەستوری عیراق و یاسا بەرکارەکانە.

هیوادارین ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت و مامۆستایان و تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم تەواوی مووچەو شایستە  داراییەکانی خۆیان وەربگرن و دەوامی خوێندنی منداڵە ئازیزەکانمان قوتابیان و خویندکارانی خۆشەویست دەست پێ بکاتەوە. 

28/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر