با لە عەرەبەکانی عێراق و بەسراویەکان فێر ببین

لەتیف مستەفا

پێشەکی پیرۆزبایی لە ھەموو وەرزشوانان و وەزشدۆستان و ھەموو ئەوانە دەکەم کە دوێنێ بە بردنەوەکەی عێراق  دلخۆش بوون، بەڵام ئەوە بابەتەکە نیە.

بابەتەکە نیشتیمان پەروەری و نەتەوە پەروەری عەرەبەکانی عێراقە.

ھەموومان دەزانین  حوکمڕانی عێراق زۆر لە حوکمڕانی کوردستان گەندەڵترو خراپترە، ١٨ ساڵە دار نەخراوەتە سەر بەرد و خەڵکی عێراق کە زۆرینەیان شیعەی عەرەبن و حوکمەکەش عەرەبی شیعەن زۆر بێزارن لەدەسەلارتدارانی خۆیانو لە ئێمە پڕترن دژیان
بەلام لەگەل ئەوەشدا ئەم بێزاریە وای لێنەکردون بێزاربن لە نیشتیمانەکەیان کە عێراقە وە لەنەتەوەکەیان کە عەرەبە، ناڵێن خۆ ئێمە خێرمان لەم نیشتیمانە نەدیوە بابروخێت و وجودی نەمێنێ .

بە پێچەوانەوە ھەموو تاکێکی عەرەبی عێراقی زۆر بەوشیاریەوە جیاوازی دەکات لە نێوان دەسەلاتدارانی بێزراو وە لە نێوان نیشتیمان و نەتەوە، لەدەسەلات و حوکمەتەکەی بێزارەو ھەمیشە خۆپیشاندان نارەزایی دەردەبڕێت و بەردەوام قوربانیش دەدات، تەنھا لەم خۆپیشاندانانەی دوایی ٦٠٠ شەھیدو ھەزاران برینداریان دا ، بەلام شانازی بە عێراق و عەرەبی بونی خۆیانەوە دەکەن و جیای دەکەنەوە لەدەسەلاتی کاتی
لە جامی کەنداودا ھەستت دەکرد ئەوان زۆر شانازی بەوڵاتی خۆیانەوە دەکەن کە عێراقە،  لەکاتی وتنەوەی سرودی نیشتیمانی لەناو یاریگاکە ھەموویان بە شانازیەوە بەیەک دەنگ سرودەکەیان دەوتەوەو ئاڵای عێراقیان پیرۆز و شکۆدار دەکرد، ھەر یەکەیان بەدڵ و بەگیان ھەوڵی دەدا وێنەیەکی جوانی عێراق پشان بدات و کاریشی بۆ سەرکەوتنی پاڵەوانێتیەکە دەکرد وەک ئەوەی بۆ ماڵی خۆی بکات
لەروی نەتەوەیشەوە ھەر ھەمویان شانازیان بەعەرەبی بونی خۆیان و رەگ و ریشەی نەتەوەی خۆیان دەکردو بەشانازیەوە برا عەرەبەکانی کەنداویان بەخێر دەھێناو خزمەتیان دەکردن و دەیان خستنە سەرچاویان و  ھەموانیان تێگەیاند کە ئەوان تینوو پەرۆشی رەچەڵەکی عەرەبی خۆیانن.

بەداخەوە لە کوردستان لە ئەنجامی ٣٠ ساڵەی حوکمڕانی ئەم دوو دەسەلاتە خێلەکیە بازرگانە دژ بە کوردە ، خەلکی لە جیاتی رق بونەوە لەوان و یەکگرتن و تێکۆشان بۆ  نەھێشتنیان، رقیان لە نیشتیمانەکەی خۆیان « کوردستان »دەبێتەوەو زۆرێکیان بەدڵ پێیان خۆشە بروخێ و  ببینەوە بەبەشێک لەعێراق.

لەوەش خراپتر کار گەیشتۆتە ئەوەی خەلکانێک تەنانەت رقیان لە نەتەوەو لە کورد بونی خۆشیان ببێتەوە.

بۆیە دەبێ لەو وانە جوانەی عەرەبەکانی عێراق و بەسراویەکان سود وەربگرین و جیاوازی بکەین لە نێوان دەسەڵاتی گەندەڵ و دوژمن بەکورد  لە لایەک و وە کوردستان و نەتەوەکەمان لەلایەکی ترەوە.

چونکە ھەموو ئەوانەی جیاوازی ناکەن و لە بەر دەسەلاتی گەندەڵ دەیانەوێ ھەرێم بروخێ و کورد نەمێنێ، بیانەوێ و نەیانەوێ ھەرێمی کوردستان و کورد بە تاپۆی ڕەشی ھەردوو دەسەلات دەزانێ

20/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر