بۆچی نابێت تەسلیم بین؟

دییە عەلی
ئەمرۆ 18_5_2022 بارزانی باوک وتارێکی پێشکەشکرد لە رێورەسمی دیکۆمێنتاری شۆڕشەکانی بارزانی، گوتارێکی کورت و پوخت و بەهێزی پێشکەشکرد، بۆ هەموو کوردانی دڵسۆز جێگای ئومێد و هیوابوو، بۆ دوژمنانیش ئیتر ناوخۆی بن یان دەرەکی نیگەرانی و شۆک بوو. 

جارێکی تر بارزانی ئیرادەی گەلی کوردی پیشانی هەموو دنیادا لە خۆڕاگری و تەسلیم نەبوون بەفشارە ناوخۆی و دەرەکییەکان.

بارزانی لەگوتارەکەیدا بەروون و ڕاشکاوی باسی دۆخی عێراق و فشارەکان و پابەند نەبوون بەدەستوری هەمیشەیی عێراقەوە کرد و گوتی "شەڕ دۆخێکی خراپە، بەڵام خراپتر لەشەڕ تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین".
بارزانی بەم دێڕە سادەیە وەڵامی هەموو ئەوانەی دایەوە کەخەونیان بەوەوە دەبینی لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە هەرێم بەگشتی و پارتی بەتایبەتی تەسلیمی عێراق ببێت و هەموو شتێکی رادەستبکات و دواتر چاوەڕێی رەحمەتی شیعەیەکان بێت، کەچیمان پێ ڕەوا دەبینن. 

ئەم کورتبیبنییە زۆر سیاسی و هێزی سیاسی کۆتایی پێهێنا، بەومەراقەوە سەریاننایەوە، بەڵام وا هەرێم هەر بەردەوامە و رۆژ لەرۆژبێ گەشەی زیاتر و زیاتر دەکات، ئەوانیش بێ ئومێد و هیوا بڕاوتر دەکات. 

پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، بەشێکی پەرلەمانتارانی کورد بەناوی هاوپەیمانی هیواوە شەو و رۆژیان خستبووە سەر یەک و بوبونە بوقی شیعە وەلائییەکانی ئێران و بەردەوام فشاریان دەخستەسەر حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەر نرخێ بێت تەسلیمی عێراق ببن و تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی قەوارەی هەرێمیش بێت. 

 بێگومان ئەمەش کورتبینی و تێنەگەیشتنی ئەوان بوون، چونکە ئەوان هیچ قوربانییەکیان بۆ هەرێم و قەوارەکەی نەدابوو، تەنیا و تەنیا ئامانجیان رازیکردنی دڵی شیعەکان بوو، بۆ دەستکەوتی شەخسی خۆیان لەسەر حسابی گەلی کورد، بەڵام ئەم خەونەشیان بەدینەهات و بێشیو سەریان نایەوە، بەجۆرێک زۆربەیان لە محەکی هاوڵاتیاندا راسب بوون و دەرنەچوون لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراقدا. 

بارزانی هەر لەو گوتارەدا، بەدێڕێکی سەرەنجڕاکێشتر وەڵامی ئەوانەی دایەوە کەخەونیان بەتەسلیم بوونەوە بەعێراقەوە دەبینی و گوتی، زۆر گوێمان لەتەهدیدات دەبێت، لەناوخۆشماندا خەڵکانێک دەڵێن، ئەم هەرێمە چەند رۆژێکی ماوە و تەواو دەبێت، "ئەم هەرێمە بەخوێنی شەهیدان دروست بووە و بەخوێنی رۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت".

بۆیە دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن هەرێم کاڵایەکی هێند هەرزان نییە هەرکەس و حزبێک بێت و یاری بەچارەنوسیەوە بکات، تەنیا لەپێناوی چەند بەڵێنێکی سادەدا، کەهیچ گرەنتیەکیش نییە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، کەگرنگترینیان موچەبوو رۆژگارێ، بەڵام ئەوەتا سەرەڕای ڕێککەوتن، کەچی عێراق و هێزە باڵا دەستەکان هەر رۆژەی بەبیانویەک 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم نانێرن، کە ئەوەی شارەزای عێراق بێت دەزانێ، ئەو هەمووە داهاتەی نەوتی عێراق جگە لەموچە هیچیتری دیار نییە، واتە لەدوای رووخانی عێراقەوە و بەدیاریکراوی لەدوای ساڵی 2005ەوە بەسەدان ملیار دۆلار لەعێراقدا دیار نەماوە و هیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێت نەک هەر لێکۆڵینەوە بکات، بەڵکو هەر باسیشی بکات.  تەنانەت بەشێکی زۆری فشارەکانی عێراق لەم رووەوە، ئیرەی بردنە بەهەرێمی کوردستان و نایانەوێت بۆ هاوڵاتیانی خۆیان روون بکەنەوە بۆچی هەرێم بە لەسەدا 10ی بودجەوە لەچەند ساڵێکدا بەوشێوەیە پێشکەوت، بەڵام پارێزگاکانی تر بەلەسەدا 90ی بودجەوە کەمترین پرۆژەی تێدایە و بووەتە زبڵخانەیەک و هیچ سیمایەکی پێشکەوتنی پێوە نەماوە، بۆیە ناکرێت هەرێمێکی پێشکەوتوو خۆی رادەستی حکومەتێک یاخود عەقڵیەتێکی دواکەوتوو بکات، بەڵێ ناکرێت تەسلیم بین و دەبێت تا دواهەناسە بەرگری و پارێزگاری لەقەوارەی هەرێم و هەنگاو بۆ دەوڵەت هەڵگرین.

18/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر