سیماکانی یەکێتی نوێ

دییە عەلی

لەدوای ساڵێک لە کودەتاکەی یەکێتی بەسەر لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەموو ئاراستەکانی حزب باسیان لەیەکێتی نوێ و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو دەکرد، بەڕادەیەک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەچاوپێکەوتنی میدیاکاندا، گوتی، هەڵسەنگاندنمان بۆ بکەن، هەتا بزانن چیمان کردووە؟

دوای ساڵێک لە ڕووداوەکانی 8ی تەموز کاتی خۆیەتی هەڵسەنگاندنی ورد بۆ هەنگاو و بەرنامەکانی یەکێتی نوێ بکەین و دیارترین سیماکانی ئەم حزبە بخەینەڕوو، شەن و کەوی بکەین.

یەکێتی نوێ، وەک چەمکێکی نوێ لە ئەدەبیاتی ئاراستەی سەرکەوتووی حزبدا سەپێندرا بەسەر ئەو حزبەی لەساڵی 1976ەوە خەبات دەکات، بەهەموو باشی و خراپییەکانیەوە، ئێمە مێژووی ئەو حزبە ناخەینە بەرنەشتەر یان ناخەینە بەردەم مەحەک، بەڵکو کار لەسەر یەک ساڵ تەمەنی یەکێتی نوێ دەکەین و هەوڵدەدەین سیماکانی ئەو حزبە مانیفێست بکەین، بزانین یەکێتی نوێ چ جیاوازییەکی لەگەڵ یەکێتیەکەی پێشوودا هەیە؟

ئەگەر بەویژدانەوە و دوور لەرق خوێندنەوە بۆ یەکێتی نوێ بکەین، ئەوە لە کورتترین پێناسەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی یەکێتی نوێ نەک بەرەو پێش نەچووە و نەبووەتە جێگای ئومێدی هاوڵاتیان بگرە، ئەو تروسکاییەش لەیەکێتییەکەی پێشوودا هەبوو، ئەوەش کوژاندەوە.
ئەگەر دیارترین سیماکانی یەکێتی پێشوو، قاچاخچیەتی و سەرانەسەندن و کێشە دروستکردن بۆ حکومەت و دەستێوەردانی حزب لە حکومەت و ئاراستەکردنی حزب بێت لەلایەنێکی ئیقلیمییەوە، ئەوە هەمان سیما بەزەقتر و ئاشکراتر دیارە و قاچاخچیەتی و داگیرکردنی زەوی و تەخشان و پەخشانکردنی زەوی سلێمانی نەک کەم نەبووەتەوە، بەڵکو ئێستا زەوییەکی وەها لەسلێمانیدا نەماوە ئەگەر سبەینێ حکومەت بیەوێت پرۆژەیەک جێبەجێ بکات زەوی دەستناکەوێت.

لەماوەی پێشوودا و لەسەردەمی یەکێتی نوێدا، بانقەکان بەتەواوەتی خاڵی بوون، بەڕادەیەک کە پارەی بۆ موچەی خانەنشینان تێدا نەماوە و لەوماوەشدا چەند خانەنشینێک لەسەرەی وەرگرتنی موچەیەکی کەمدا گیانیان لەدەستدا، ئەم ڕووداوە هەرچەندە فەشەلی ئیدارەی یەکێتی نوی بوو لەسلێمانی دەیانویست بەم کارە حکومەت ئیحراج بکەن، بەڵام هەموو هاوڵاتیان تێگەیشتن ئەمە شکستێکی تری بێ چەندوچۆنی یەکێتی نوێ بوو، کەلەدوای ڕووداوەکانی 8ی تەموزەوە دەیان بەڵێن و مژدەی جۆراوجۆری بەهاوڵاتیاندا، بەڵام نەیتوانی کەمترینیان جێبەجێ بکات.

هەر لەسەردەمی یەکێتی نوێدا هێرشەکانی یەکێتی تورکیا گەیشتتوەتە قوڵایی سلێمانی و ئەو شوێنانەی پێشتر بەزۆنی سەوز ناوزەد دەکرام بەڕادەیەک رۆژێک لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی چالاکوانی پەکەکە لەچێشتخانەکەی خۆیدا تیرۆر دەکرێت و گاهێ لە ئەخجەلەر و گەرمیان ئۆتۆمبێل بۆردومان دەکرێت و کادری باڵای پەکەکە و یەپەگە دەکرێنە ئامانج، ئەمانە هەموو دەلیلی شکستی ئەو حزبەن (یەکێتی نوێ).

بەدەر لەوەش لەسەردەمی یەکێتی نوێدا زۆربەی پرۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری وەستاون و بەدەیان پرۆژە رۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیەکان دەخرێتە تەندەرینەوە بەڵام کەس وەریناگرێت، لەبەرئەوەی سلفەکانیان وەک خۆیی نادرێتێ، کەسش نییە خەمێکیان لێبخوات و هاوڵاتیانی ئەم سنورەش نازانن پەنا بۆ کێ ببەن.

لەلایەکی ترەوە داهاتی ناوخۆ بەفشارێکی زۆر بەشێکی کەمی دەگەڕێتەوە بۆ پایتەخت و ئەویتر کەس نازانێ چی لێبەسەردێت و هیچ زیادەیەکیشی بۆ سلێمانی نییە، بۆیە کاتێ ورد دەبیتەوە لەیەکێتی نوێ و سیماکانی کورد گوتەنی دەبێت ڕەحمەت بۆ کفن دزی پێشوو بنێریت.

09/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر