شۆڕش یان گۆڕانكاری بە كێ دەكرێت؟

دییە عەلی

شۆڕش، گۆڕانكاریی ڕیشەییە لە دۆخێكەوە بۆ دۆخێكی تر، هەر ئەمەش بووەتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ كودەتای سەربازی.
شۆڕش یان گۆڕانكاری لەژیانی سیاسیدا كەزیاتر مەبەستی بابەتەكەی ئێمەیە، زیاتر لەدامەزراوەكان و دەسەڵاتدا دەبێت.
شۆڕش جۆری زۆرە، بەڵام ئێمە زیاتر لەسەر بوارە سیاسییەكەی دەوەستین، كەدەروازەیەكی گرنگە بۆ هەموو بوارەكانی تری ژیانی مرۆڤ، لەوەش زیاتر لەسەر شۆڕشی ناوخۆیی دەوەستین، واتە ئۆپۆزسیۆن یان گروپێك دێن و دژی دەسەڵات دەوەستنەوە دەیانەوێت خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست، پرسیاری جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە ئایا شۆڕش یان گۆڕانكاری بەكێ دەكرێت؟ ئایا هەموو كەسێ دەتوانێ ڕابەرایەتی شۆڕش بكات؟ 

بەرلە هەرشتێ لە كوردستان زۆرجار خۆپیشاندانی مەدەنی و ڕاپەرینی جەماوەری كە دوو چەمكی تەواو جیاوازن لە یەكدی تێكەڵكراون، بۆنمونە شاسوار عەبدولواحید، لە گوتاری سەرەتای بانگەشەی خۆپیشاندان، سەرەتا دەڵێ ڕاپەڕینی جەماوەری دواتر بایدەداتەوە و دەڵێت، خۆپیشاندانی مەدەنی، كە ئەم دووچەمكە جیاوازی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمان، بەڵام بۆ كەسێ هیچ قوڵاییەكی لەسیاسەتدا نییە و ئاگاداری زانست و بیری سیاسی نییە، وەك یەك سەیر دەكات.

لەكوردستان لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە خۆپیشاندانی جۆراوجۆر كراوە، بەهێزترینیان خۆپیشاندانەكەی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر بوو، كەكۆمەڵێ داواكاری جدی و سیاسی هەبوو، توانی زیاتر لە ٦٠ رۆژ بەردەوامبێت، پیاوێكی بەهێزی وەك نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەیەكی وەك گۆڕانی لەپشتەوەبوو، بەڵام ئەویش لە رۆژەكانی كۆتایدا ئەگەر یەكێتیش هەڵینەكوتایەتەسەری و كۆتایی پێنەهێنایە، خۆی كۆتایی پێدەهات، چونكە بووبە شوێنی گاڵتە و گەپ.
بۆیە لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی حكومڕانی كوردیدا هیچ ڕاپەڕینێكی جەماوەی دروست نەبووە كە گۆڕانكارییەكی گەورە بەدی بهێنن، ڕەنگە هۆكاری هەرە سەرەكی ئەوەی كە نەیتوانیوە گۆڕانكاری بكات، پەیوەندی بە رابەری خۆپیشاندانەكەوە بێت، كەیان خۆپیشاندانەكان بێ ڕابەربوون، یان ڕابەرەكانی خۆپیشاندان لێنەبڕاون و نەیانتوانیوە لەخۆیان ببورن، چونكە بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرژەوەندییان لەمانەوەی سیستمەكەدا هەبووە.

ماركس لە مانیفێستەكەیدا دەڵێت "باچینە چەوسێنەرەكان ، بەرامبەر بەشۆڕشی كۆمۆنیستی سەرتاپایان بێتە لەرزین ، لەم شۆڕشەدا كرێكاران هیچ لەدەست نادەن ، تەنها زنجیرەكانیان نەبێت". 
لای ماركس ئەم دیدە تەواو وابەستەیە بەبەرژەوەندی خۆدی تاكەوە یان ئەو چینەی كەدەیانەوێت شۆڕش بكەن.
هەرچی مەسیحە دەڵێت، "ئەوەی دەیەوێت خۆی ڕزگار بكات با نكۆڵی لە خۆی بكات و خاچەكەی خۆی ھەڵبگرێت و شوێنم كەوێت".
مەسحیش لێرە بەهەمان شێوە باس لەڕزگاری دەكات، باسی گۆڕانكاری و شۆڕش دەكات، بۆیە لای مەسیحیش كەسانێ دەتوانن گۆڕانكاری بكەن، ئەوانەن كەخۆیان بكەن بەقوربانی لەپێناو ڕزگاركردنی گەلەكەیدا.
 
ئێستا كەشاسوار عەبدولواحید بانگەشەی گۆڕانكاری و شۆڕش دەكات، دەبێت بیدەین لەفلتەری ماركس و مەسیح، هەتا بۆمان ڕوون بێتەوە كە شاسوار عەبدولواحید و حزبەكەی چۆن دەتوانن گۆڕانكاری بكەن؟
بەرلە هەرشتێ دەبێت ئەوەمان لاڕوون بێت، كە خودی شاسوار عەبدولواحید و سەرمایەكەی كەدەیەوێت شۆڕشی پێوە بكات بەرهەمی ئەو گەندەڵییەیە كەبانگەشەی گۆڕینی دەكات، ئێستاش خەریكی زیادكردنی سەرمایەكەیەتی و هاتنە ناوكایەی سیاسیشییەوە هەر بۆ ئەوەبوو، كەسەرمایەكەی زیاد بكات و بیشی پارێزێت ئیتر چۆن شۆڕشی پێدەكرێت؟
كەسێ لەكۆشكێكی گرانبەهاوە سەیری شار بكات و فەرشی سوری بۆخۆی ڕاخستبێت و چەندان جۆر جوانكاری كردبێت چۆن و لەكوێدا دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟
كەسێ سیاسەتی كردبێت بەسێرك و توڕەی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمەكانی تر بەرنامە و ستراتیژی بۆ دابنێ واتە هیچ بنەمایەی نەگۆڕی نەبێت، هەر رۆژەی لەسەر مەزهەبێ بێت ئیتر چۆن دەتوانێت شۆڕش بكات.
كەسێ پارەی ١٠ هەزار خاوەن پشك بخوات و مافە داراییەكانی بۆ نەگێڕێتەوە و ساڵانە حساباتیان لەگەڵدا نەكات و خاوەن پشك نەزانێت پرۆژەكەی چیلهاتووە گۆڕانكاری لەچیدا دەكات؟
كەسێ قەرزاری حكومەت و وەستا و كرێكار و خاوەنی شۆفڵ و گەڵابە و بارهەڵگرەكانی تربێت، لەمیدیاكەشیەوە بڵێ تەحەدا دەكەم قەرزاری هیچ كەسێك نیم، سەیرە ئەم كەسە هێندە ڕوو قایم بێت، بانگەشەی شۆڕش و گۆڕانكاری بكات، لەویش سەیرتر ئەوانەن دوای ئەم كەسە بكەون و بڕوا بەقسەكانی بهێنن و چاوەڕێی ئەوەی لێبكەن گۆڕانكارییان بۆ بكات و ژیانیان بگۆڕێت.




07/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر