فشارەکانی عێراق و کارتەکانی کورد

دییە عەلی

لە رۆژی 16-4-2022 وتارێکم نوسی بەناونیشانی (ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت؟) لەوکاتەدا کە ئەو وتارەم نوسی خەڵکانێکی زۆر پێیان وابوو، لەچەند رۆژێکی کەمدا حکومەتی هەرێم لە ناو دەچێت و عێراق دەست دەگرێت بەسەر تەواوی بیرە نەوتەکانی هەرێمدا و سەرچاوەی ئابوری بەتەواوەتی وشک دەکات، هەتا دەگاتە هەرەسهێنانی حکومەت، بەڵام بەندە لە وتارەکەمدا دەڵێم، حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت و بڕیارەکە بەبڕیارێکی ئێرانی دەزانێت و ئەوەش روونە کە حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیاری ئێران نابێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک مرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام دەبێت لەهەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و واخەریکی غازیشە کەئەمەیان لەم دۆخەدا هەم دەرگای زیاتر و ئالنگاری نوێش بۆ حکومەتی هەرێم زیاددەکات، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا ناکرێ و نابێت حکومەتی هەرێم واز بەرژەوەندی گەلەکەی بهێنێت لەبەر فشاری چەند دەوڵەتێکی گۆشەگیر کە لەئاستی جیهاندا کە هیچ دەرفەتێک بۆ هەستانەوەیان نییە.

رۆژی 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 دەرکرد و بە نادەستوری دادەنێت، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت لەلایەن بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشوتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەویتر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا.

 ئەگەرچی دادگای فیدراڵی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەعێراق، بەڵام بڕیارەکەی لە کاتی ململانێی توندی نێوان هەردوو بەرەی هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان و چوارچێوەی هەماهەنگی بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان یان زۆرینە پێچەوانەی خواستی ئێران هەنگاوی دەنا بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆیە ئێران لەڕێگای وەلائییەکانیەوە هەوڵیدا دادگاکە لەدژی کورد بەکاربهێنێت، چونکە ئێران پێی وابوو بزوێنەری سەرەکی هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمان بارزانیە و ئەوەی لەپشتی نەخشە و پلانەکانیەوەیە بارزانییە، بۆیە ئەم بڕیارەی دادگاش بۆ ئەوە بوو بارزانی لەو هاوپەیمانێتییە بکشێتەوە، بەڵام بارزانی نەکشایەوە، هەتا سەدر کشایەوە و گۆڕەپانەکەی چۆڵکرد.

ئێستا وازیاتر و زیاتر گوێمان لە لێدوانی بەرپرسانی عێراق دەبێت لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەربارەی کەرتی وزەی هەرێم.

ئەمرۆش ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئیحسان عبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەرکردووە دەربارەی نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، "بەم نزیکانە لەڕێگەی ڕێکارە یاسایی و شەرعییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت". ئەوەش ئاشکرایە لەسەرەتاوە حکومەتی هەرێم بەتوندی بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و وتی "بەهیچ شێوەیەک پابەندی بڕیارەکە نابین و بڕیارێکی تەواو سیاسییە".

لەم دۆخە شێواوەی عێراقدا جێبەجێکردنی بڕیارگەلێکی وەک بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەگەر نەڵێم مەحاڵە ئەوە زەحمەتە جێبەجێ بکرێت و لەماوەی پێشووشدا تاکەشتێ کە عێراق پێی کرابێت هەڕەشەکردن بووە لە کڕیارانی نەوتی هەرێم لەلایەک و ئەو کۆمپانیانەی کەکار لە کێڵگەی نەوتییەکانی هەرێمدا دەکەن، تائێستا فشارەکان شتێکی گەورەیان بۆ عێراق سەوز نەکردووە.

خۆ ئەگەر چەند لایەنێکی شیعە بیانەوێت ململانێکە توند بکەنەوە هەتا ئاستی پێکدادانی چەکداری و بەکارهێنانی هێز، ئەوە بەرونی دیارە سوپای عێراق ناتوانێت و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک لەم ململانێیەدا بەشداری بکات، ئەوەی زیاتر ئەگەری هەیە هێرشی حەشدی شەعبیە و ئامانجیان دابڕینی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانە، کە ئەم پلانە هەیە و چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەمریکا بەربەستی گەورەی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پلانەیە، چونکە تاکە دەروازە پەیوەندی ئەمریکا بە رۆژئاواوە هەرێمی کوردستانە، خۆ ئەگەر لەحاڵەتێکدا حەشد هێرشیش بکات ئەوە ئەمریکا بینەر نابێت، بێگومان هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەروا دەستەوسان نابێت و دەتوانێت ڕووبەڕووی حەشد ببێتەوە.

لەدوای کشانەوەی سەدرەوە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە بۆ کورد و کارتەکانی دەستی بارزانی زیاتر و زیاتر بووە، بەوەی چۆن دانوستان بکات لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، چونکە پێگەی بارزانی و حزبەکەی لەعێراقدا ناتوانرێت نادیدە بگیرێت، بۆیە کاتێ بارزانی دانوستان دەکات دەبێت پێش مەرجی پەکخستن و وەلاوەنانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و زامنکردنی بودجە و موچەی کوردستان بێت و دواتر لەسەر پۆست و داواکارییەکانی تر بگەنە ڕێککەوتن.

21/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر