گرنگی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران

دییە عەلی
ئەمڕۆ ٢٣-٥-٢٠٢١ بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە شاری سلێمانی دانرا، کە ئەویش پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە بەهاوبەشی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت، بە بودجەی ١٢٢ ملیۆن دۆلار، پێشتریش ئەم پرۆژەیە لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکردووە و زیاتر لەسەدا ٧٠ی پرۆژەکە تەواو بووە و وابڕیارە بەم زووانە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، هەروەها بڕیارە هەمان پرۆژەش لە شاری دهۆک بینابکرێ.

مەعلومی هەمومانە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەکارنامەکەیدا هاتووە کە هەوڵدەدات سەرچاوەکانی داهات فرە چەشن بکات، ئەمەش وادەکات وڵات لە ڕووی ئابورییەوە بەهێز بکات.

ئەم پرۆژەیە وێڕای ئەوەی ئاسایشی خۆراک دابین دەکات و هەم هانی جوتیاری خۆماڵی دەدات و دڵنیایی دەداتێ لەساخبونەوەی بەرهەمەکە، ئەمەش وادەکات جوتیار بەخەیاڵی ئاسودەوە پەرە بەکەرتی کشتوکاڵ بدات و داهێنانی تێدا بکات.

بەشێوەیەکی گشتی کەرتی کشتوکاڵ و بازاڕ دەبوژێنێتەوە و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێ بەتایبەتی بۆ دەرچوانی زانستە کشتوکاڵییەکان کەساڵانێکە دوای تەواوبوونی خوێندن لەماڵەوە دادەنیشن یاخود کارێکی ناچاری یان کارێک کەدڵخوازی خۆیان نییە دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە گوندەکان دەبوژێنێتەوە و کۆچی پێچەوانە دروست دەکاتەوە لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان و کەرتی ئاژەڵداری بەهەموو جۆرەکانیەوە دەبوژێنێتەوە و کەلتوری پشت بەخۆبەستن دروست دەکات لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتییەوە، بەوەش ڕێگردەبێ لەچونە دەرەوەی سەرمایەی ناوخۆی بۆ دەرەوە و ڕێخۆشکەردەبێ بۆ بەستنەوەی هەرێم بە بازاڕەکانی جیهانەوە، سەقامگیری خۆراکی و ئابوری و دارایی دروست دەکات و وڵاتەکەمان لە ئابوری هاوردەکەر و هاوڵاتی بەکاربەرەوە دەگۆڕێ بۆ وڵاتێکی هەناردەکەر و هاوڵاتیەکی بەرهەمهێنەر.

جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی پێدانی گەنمەکانیان بە بەغدا لەساڵانی پێشوودا و دواتریش دواخستنی شایستە داراییەکانیان زەبری کوشندەیان لە متمانەی جوتیاراندا و وایلە بەشێک لە جوتیاران کردووە واز لەکشتوکاڵ بهێنن، بۆیە ئەم پرۆژەیە یەجگار گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی جوتیاران، چونکە وەک وەزیری کشتوکاڵ لە گوتارەکەیدا وتی، دەستبەچی جوتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن و وەک عێراق لە چاوەڕوانییەکی زۆردا نامێننەوە.

ئەوە جگە لەو هەمووە بیانووەی ساڵانە بەپشکی هەرێمی دەگرن و غەدری گەورە لە جوتیارانی هەرێم دەکرێ لەلایەن بەغداوە، واتە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە لەنێوان پارێزگا کوردییەکان و پارێزگاکانی تری عێراقدا، بۆیە ئەم پرۆژەیە جوتیارانی هەرێم ڕزگار دەکات لەو دۆخە ناهەموار و ناجۆرەی عێراق.

بایەخی کابینەی نۆیەم بۆکەرتی کشتوکاڵ تەنیا لەسایلۆدا ناوەستێ بەڵکو سێ کارگەی بنەتۆیش دروست دەکات، بەوەش کێشەی بنەتۆوی جوتیاران چارەسەر دەکات،  کەبەپێی زانیارییەکان ساڵانە بە ٨٠ هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت و لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێ، بەوەش پارەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ جوتیاران، چونکە چیتر پێویستیان بەبنەتۆوی دەرەوە نامێنێ.

ئەوە جگە لەوەی لیژنەی نیشتیمانی تۆمارکردن و پەسەندکردنی بنەتۆ لەهەرێمی کوردستان دروست دەکرێ، کە بەتوێژینەوەی زانستی باشترین جۆری بنەتۆو دیاریدەکات، کە لەگەڵ کەشوهەوای کوردستاندا گونجاوە. 

هەر بەپێی زانیارییەکان بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لەماوەی کاری کابینەی نۆدا لە ١.٥ بۆ لەسەدا ٨ بەرز بووەتەوە. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوتاری دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانەوە وتی "ئامانجمان ئەوەیە لەم پرۆژانە نەک هەر بەشی پێویستی خۆمان بەرهەم بهێنین، بەڵکو دەمانەوێ هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە بەداهاتێکی تر و تەنها پشت بەیەک سەرچاوە نەبەستین".

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت "ئێمە بەدوای دەستکەوتی کورتخایەنەوە نین، بەڵکو بیرمان بیرێکی ستراتیژییە، بۆ ئەوەی کوردستان لە ڕووی ئابورییەوە بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت، نەک تەنیا پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات، بەڵکو ببێتە سەبەتەیەکی خۆراک بۆ ناوچەکەش".

ڤلاديمێر پوتن، سەرۆکی ئێستای ڕوسیا دەڵێت، ساڵی یەکەمی کارکردنم بوو لە سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕۆژێک ڕۆشتم بۆ ناوچەی ڤۆڵگا، بۆ لای خەڵک و جوتیاری ناوچەکە و بەڵێنم پێدان هاوکاری جدیان بکەم لە باشتر کردنی بەرهەمەکانیان و هەموو جۆرە هاوکاریەکیان بکەم.
ڕاوێژکارەکانم پێیان وتم: قوربان ئێمە کێشە و گرفتی زۆرمان هەیە ئیوەش تازە دێن کار لە کەرتی کشتوکاڵیدا دەکەن بڕۆن ئاوڕێک لە کێشە گەورەکانی تر بدەنەوە.

منیش پێم وتن "بۆ تێرکردنی سکی خەڵکی پێویستە هاوکاری بەرهەمی ناوخۆ بکرێت، ئەگەر وانەکەین سکی خاڵی مێشکی بەتاڵ دروستدەکات مێشکی بەتاڵیش کۆیلایەتی و پاشکۆیەتی دروستدەکات.

بهێڵن وەرزێرەکان بچێنن و بەرهەمەکانیان زیادبکەن، ئەگەر وانەکەن ڕۆژێک لە بەرامبەر بێگانە دەست پاندەکەنەوە و ئەوانیش خواردنی خراپ و بەسەرچوتان پێدەدەن جەستە و ڕۆحی کۆمەڵگاکەمان پیس دەکەن"

هەرچەندە ئەم هەنگاوەی کابینەی نۆیەمی حکومەت هەنگاوێکی گرنگە، هاوشانی ئەوەش ناکرێ کەرت و سێکتەرەکانی تر فەرامۆشبکرێ، بەڵکو بۆ ئەوەی وڵاتێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و بەهێز بێت و بەرگەی قەیران و نەهامەتی و ڕووداوی سروشتی و تەواوی دەرد و بەڵاکان بگرێت، پێویستە سێکتەرەکانی تر یان کەرتەکانی تر بەتایبەتیش کەرتی پیشەسازی بەیاخی پێبدرێ بەوەش ئابورییەکی بەهێز بینا دەکرێ و ئابوری بەهێزیش سەرەکیترین بنەمایە بۆ دەوڵەت و پێشکەوتنەکانی.

23/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر