‌‌‌دکتۆر بەرهەم بۆ نەبوو بەسەرۆک کۆمار؟

مه‌جید مام برایم
بە رای زۆرینەی یەکیتی و بەشیکی بەرچاوی سەرکردە و جەماوەی لایەنە سیاسیەکان و پانتایەکی بەرین لەخەڵکی کوردستان  بۆ ئەم قۆناغەی ئیستای کوردستان، د. بەرهەم شایستەترین و پێویستیترین کاراکتەرێکی سیاسی کورد بوو کەدەبوایە ببیتە کاندیدی کورد بۆ سەرۆک کوماری عێراق.
 هەبوونی ئەم کۆدەنگیە لەسەر دکتۆر لەبەر لێهاتوویی لەبواری دەوڵەتداری و هەبوونی ئەزموونێکی نایاب لەبنیاتنانی پەیوەندیەکان و ڕاستگۆیی لەپرسی خزمەتکردنی خەلک. ڕەنگ هۆکارێکی دیکەش ئەوە بووبێت کەپێشبینی دەکرا سەرەنجام دکتۆر بەرهەم ببێتە توانایەکی شایستە بۆ چارەسەرکردنی کیشە هەڵاوساوەکانی نێوان هەریم و بەغداد و گیرانەوەی مووچە و قوتی خەلکی کورستان.
بەڵام وەکو دەرکەوت مەشهەدەکە پێچەوانە دەرچوو چونکە لەڕاستیدا  ویستی کەمایەتیەک لەناو سیاسی و دەسەڵاتدارانی کورد(کەبەردەوام ویستێکی بازرگانی خوازانەی وێناکەری شەر و قەیران بووە) پیچەوانەی دەخواست و لەگەڵ ئەو ویستە سیاسی و میللیەی  کۆمەڵانی خەلک و یەکیتیشدا کۆک نەدەهاتەوە.  .  
لەم ڕوەوە ئەوەی پرسەکەی لەسەعاتی سفردا یەکلایی کردەوە توافقێکی بنەماڵەیی بوو لەنێوان هەردوو بنەمالەی ئیبراهیم ئەحمەد و بارزانیدا، کەدوو بنەماڵەی خودان دەسەڵاتی ڕەهان لەناو یەکێتی و پارتیدا، بەئامانجی پاراستنی بەرژەوندیە ئابوورییەکان (بەتایبەتی نەوت). 
لێرەوە یەکێتی چیتر حزبە جیاو جیاواز و ڕکابەرە سەرسەختە تەقلیدیەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان نیە، چونکە لێرەدا کۆنترۆلکردنی یەکیتی لە لایەن بنەمالەی ئیبراهیم ئەحمەدەوە بەڕێبەرایەتی هێرۆخان، بەمانای کۆتایی هێنانە بەدوا جیاوازی لەنیوان پارتی و یەکیتیدا،کەئامانج لێی سەرخستنی پلانی بەبنەماڵەکردنی یەکێتی و لێدانی هەر ئیرادەیەکی چاکسازی و بوژاندنەوەی جیاوازیە جوانەکانی ناو ئەو هێزەیە،ئیرادەیەک کەدوای جیابوونەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی نەرم لەسەر دەستی دکتۆر بەرهەم هاوڕێکانی سەریان هەڵدایەوە.
  ئامانجی کەمایەتیە باڵادەستەکەی ناو یەکێتی لەدوورخستنەوەی دکتۆر بەرهەم چی بوو؟بۆچی وایانکرد؟
لێرەدا هەوڵدەدەین بەخاڵ هەندێک لەفاکتە وەرامەکان بۆ خۆێنەرانی بەڕێز بخەینە ڕوو: -     
  ١ - بنەمالەی ئیبراهیم ئەحمد ئەمەیان کردە دەرفەتێکی شایستە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکێتی و هەوڵێکی سەرکەوتویاندا بۆئەوەی دوا نووزەی ئیرادەی بریاری سەربەخۆی یەکیتی و کاری حیزبایەتی سیستماتیک ببرن. ڕەنگە لێرەدا هەبێت بڵێت ئاخر ئەمە یەکێتی بچوکتر دەکاتەوە،بەڵام لەڕاستیدا ڕەنگە ئەوەی لێرەدا ئەوان بەلایانەوە گرنگ نەبێت مەسەلەی بچوکبوونەوە یان هەڵسانەوەی یەکێتی بێت چونکە بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد بەئەندازەی ئەوەی مەبەستیانە سەرچاوەکانی هێز و پارە و دەسەڵاتی ناو یەکێتی لەژێر دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە شتێکی دیکەیان مەبەست نیە، بەتایبەت کەمودەتێکە لەدوای کاک نەوشیروان مستەفاوە، ئەوان د. بەرهەم ساڵح بەمەترسیەکی سەر ئامانجەکانیان دەبینن ، کەبڕوام وایە لەم ڕوەوە ڕەنگە ئەوان باش بۆی چووبن چونکە لەڕاستیدا بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار، لەدوای بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفاوە دەبوو بەجدیترین مەترسی لەسەر پلان و بەرنامەکانیان، مەترسیەك کەدەیتوانی بەرژەوەندیە بنەماڵەییەکان بخاتە ژیر پرسیاری جدیەوە.
     ٢ - سەرۆکایەتی کۆمار بۆ بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد سەرباری بایەخ و پیگەی سیاسی، وەکوو سەرچاوەیەکی گەورە و گرنگی داهات و دەرامەتی سەیر دەکرێت هەربۆیە پێشبینی کراوبوو کەئەو بنەماڵە دەسەڵاتدارەی ناو یەکێتی بەئاسانی دەستبەرداری ئەو داهات و دەرامە گەورەیە نەبن.   
      ٣ - هیرۆخان  نەیدەویست جارێکی دیکە داهات و دارایی بندەستی ئەو بچێتەوە ژێر ڕەحمەتی دکتۆر بەرهەم. چونکە ئەم خانمە لەم ڕوەوە ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ دکتۆر بەرهەمدا هەبوو، بەتایبەت ئەوکاتانەی کە دکتۆر بەرهەم سەرۆکی کابینەی شەشەم بوو، کاتێک لەیەکەم هەنگاوی کارە چاکسازیەکانی خۆیدا پارەی سەرجەم ئەو دەزگا و دامەزراوانەی بڕی کەوەکوو بەهەدەرانی سامانی گشتی بۆحزب سەیردەکران بێگومان لەناو ئەو دەزگاو دامەزراوە حزبیانەشەدا داموودەزگا حزبیەکانی سەر بەهێرۆخانیش بۆیەکەم جار هیچ چاوپۆشیەکان لێنەکرا و بودجەی ئەوانیش بڕدران کەئەمەش ڕەنگە شتێک بێت هەرگیز لەبیر هێرۆخان نەچێتەوە. لێرەوە دکتۆر بەرهەمێکی ڕیفۆڕمخواز و شەفاف چۆن دەشێت ببێتە کاندیدی بنەماڵەیەک کەئەمە بەمەترسی بۆسەر پێگە و دەسەڵات و داهاتی خۆیان دەزانن؟!  
لەڕاستیدا ئەم چەند خاڵەی سەرەوە هۆکارێکی گرنگ بوون بۆئەوەی هێرۆخان و بنەماڵەکەی سەرسەختانە دژی بڕیاڕی زۆرایەتی مەکتەبی سیاسی بجەنگن لەوەش زیاتر لەسەعاتی سفردا بیر لەڕێکەوتنی ژێر بەژێر بکەنەوە لەگەڵ پارتیدا و ڕێگە بگرن لەوەی کەدکتۆر بەرهەم ببێت بەسەرۆک کۆمار.   
 هێنانەوەی تاڵەبانی !
 لێرەدا کات و ساتی هینانەوەی مام جەلال جێگای سەرنج بوو هەروەک چۆن بەڕای زۆرێک لەچاودێران هێنانەوەی تاڵەبانی لەو ئان وساتەدا بەمەبەستی راکیشانی سۆزی خەلک بوو بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان و گروپەکەی دەوروبەریان و دواجار ڕووگیرکردنی مەکتەبی سیاسی و یەکێتیەکان لەحزوری مام جەلالدا. ئەم سیناریۆیە کاتێک زیاتر ڕۆشن دەبێت کەبەپەلە داوا دەکەن کاک کۆسرەت بە تەنیا بچیتە لای مام جەلال. هەرواش بوو چونکە کاتیک کاک کۆسرەت دەچێت یەکسەر لەوێ هیرۆخان داوای لی دەکات کەڕازی بێت بەوەی کەدکتۆر بەرهەم نەبێت بەکاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بەڵام (بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لەکاک کۆسرەت) کاک کۆسرەت ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و لەبری ئەوە نامەیەکی بەناوی مەکتەبی سیاسیەوە بۆ کاک مەسعود بارزانی نوسی و تیایدا بەڕوونی ئەوەی دووپات کردبۆوە (کەدکتۆر بەرهەم کاندیدی زۆربەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیە).دواتریش بۆ هەمان مەبەست دەرگای پێشوازیکردن و سەردانیکردنی بەپەلەو جاوەڕواننەکراوی مام جەلال خرایە سەرپشت بەڕووی سەرکردەی لایەنە سیاسیە باڵا دەستەکانی هەرێمەکەدا بەتایبەت بارزانی و نەوشیروان مستەفا.
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کەلەم ڕوەوە هێرۆخان سەرکەوتوبووبێت بۆئەوەی لەڕێگەی تاڵەبانیەوە بەبارزانی بوترێت کەبا د. بەرهەم نەبێتە کاندیدی سەرۆک کۆمار، بەڵام لەڕاستیدا ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نەبوو، چونکە بەداخەوە هەندێک لەشایەدحاڵەکان ئەوانەی لەماوەکانی رابردوودا، دەرفەتی بینینی مام جەلالیان هەبووە هەموویان ئەوە دووپات دەکەنەوە کەدوورنزیک مام جەلال لەڕووداوەکانی دوای نەخۆش کەوتنی خۆی بۆ ساتیك وه‌ تا نوسینی ئەم وتارە، وردودرشت لەهیچ شتێک ئاگادار نیە و ئاگاداریش نەکراوەتەوە و هەروەکو چۆن ئەو شایەدحاڵانە ئەوەیان دووپات کردەوە کە پزیشکەکانیشی هەتا ئێستاش جگە لەبەسەرهاتە خۆشەکانی ڕابردوو بوونی هەر قسە و باسێکی دیکەیان بەهیچ جۆرێک بەپەسند نەزانیووە.  
لێرەدا هەرچەندە هەموو شتێک بەپێچەوانەی پێشبینیەکانەوە ڕوویاندا، بەڵام لەڕاستیدا و لەکۆتایی سینارۆکاندا زیاتر لەپاڵەوان و براوە و دۆڕاوێک دەبینێن. چونکە ئەگەر لێرەدا سەیربکەین ڕەنگە ببینین ئەوەی بەتەنها براوەیە هێرۆخان نیە هەروەکو چۆن دکتۆر بەرهەمیش زیانمەندێکی تاک و تەنها نیە. ڕاستە هێرۆخان توانی دکتۆر بەرهەم بەلاوە بنێت و کاندیدی دڵخوازی خۆی لەسەر کورسیەکەی تاڵەبانی بەهاوکاری پارتی و بەبەکارهێنانی د. فوئاد و د.نەجمەدین و گروپه‌کەی بندەستی دابنێتەوە، بەڵام لەو لاشەوە د. بەرهەم لەڕووی سۆزی یەکێتیەکان و خەڵک و تەنانەت ڕای گشتی لایەنە سیاسیەکانیش، بوو بەسیمبوڵ. سیمبوڵێک کەچاوەڕوان دەکرێت هەروەکو نەوشیروان مستەفا ڕەنگە خەڵک لەسەعاتی سفری بیست و پێنجی ‌حەوتێکی دیکەدا، چانسی فڕینێکی مەزنی پێ بدەن.  فڕینێک، کەڕەنگە کوردستانی عێراق لەگەڵ خۆیدا بباتە قۆناغێکی نوێوە.
 


02/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر