پڕكردنی بەنداوی نەهزە لە ئەسیوپیا

بورهان شێخ رٶوف
لە دوای راگەیاندنی شكستهێنانی وتوێژەكانی كینشاسا لە نێوان میسر و سودان و ئەسیوپیا كە سەرۆكایەتی رێكخراوی یەكێتی ئەفریقیا رێكیخستبوو، كە ئێستا لای ئەنگۆلایە، هەروەها لەگەڵ نزیكبوونەوەی قۆناغی دووەمی پڕكردنی بەنداوەكە لە ئاو لەلایەن ئەسیوپیاوە، وردە وردە كات بەرتەسك دەبێتەوە و بوار نامێنێت بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانەكە، ئەگەرەكانی هەڵكشانی توندوتیژی و بەریەككەوتن لەنێوان هەرسێ‌ وڵات ئەسیوپیا لە لایەك و میسر و سودان لە لایەكی ترەوە دێتە ئاراوە و ئەگەری بۆردوومانكردنی بەنداوەكە لەلایەن میسرەوە یەكێك لە ئەگەرەكانە.

لەدوای شكستی

وتووێژەكانی كینشاسا چی روودەدات؟

لە دوای ئاماژەكانی سەرۆك كۆماری میسر عەبدولفتاح سیسی بۆ پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی یان هەواڵگری دژی ئەدیس ئەبابا لە دوای شكستی وتوێژەكانی كینشاسا، هەروەها راگەیاندنی وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوكری كە گفتوگۆكانی كینشاسا دوا هەل و بوار بوو بۆ چارەسەری ئاشتیانە.

ئێستا ئەو پرسیارە خۆی قووت دەكاتەوە ئایا هەنگاوی دواتری میسر و سودان چییە و كاردانەوەكانیان چی دەبێت؟ ئایا كار دەگاتە جەنگ و بەریەكەوتنی سەربازی لە نێوان ئەدیس ئەبابا و قاهیرە و خەرتووم؟ ئەی كاردانەوەی ئەسیوپیا چی دەبێت؟

هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەفریقیا چۆن دەبێت بەرامبەر بە لێدوانە توند و زبرەكانی میسر و سودان؟

ئەگەرچی قەیرانی بەنداوی نەهزە كە لەسەر رووباری نیل ئەسیوپیا بنیاتی ناوە، قەیرانێكی كۆنە و 10 ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، ئەو دانوستانانە كە لەلایەن رێكخراوی یەكێتیی ئەفریقیاوە سەرپەرشتی دەكرێت، چونكە نیل رووبارێكی نێودەوڵەتییە و بە هەرسێ وڵاتی ئەسیوپیا و سودان و میسردا دەڕوات و یەكێك لە گەورەترین رووبارەكانی جیهان و پێچەوانەی هەموو رووبارەكانی ترە، ئەم لە باشوورەوە بۆ باكوور دەڕوات.

لە 7/ 4/ 2021 سەرۆكی میسر سیسی بۆ جاری دووەم هۆشدارییەكی توندی ئاڕاستەی ئەدیس ئەبابا كرد، لە ئەگەری سووربوونی لە قۆناغی دووەمی پڕكردنی بەنداوەكە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، ئەوا دەستی میسر كراوە دەبێت بۆ هەموو ئەگەر و بژاردەكان بە تایبەتی ئەگەر بەشە ئاوی میسر كەم بكرێتەوە و دەستی بۆ ببرێت.

بژاردە سیاسییەكان
وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند كە وڵاتەكەی و سودان روو لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن سەبارەت بە ناكۆكیەكانیان دەربارەی بەنداوی نەهزە لە دوای شكستی دانوستانەكانی كنشاسا .

هەرچەندە پێشتر ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەیەكی بۆ تاوتوێكردنی ئەم مەسەلەیە كردبوو. بەڵام لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئێستای وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش ئاسان نییە بڕیارێك دژی ئەسیوپیا دەربكرێت لە چوارچێوەی بەندی حەوتەمدا، بە تایبەتی چین خاوەنی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و دۆستانەی پتەوە بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا لەگەڵ ئەسیوپیا تەنانەت ئەسیوپیا بە چینی ئەفریقیا ناودەبرێت هەندێكجار .

هەڵوێستی وڵاتان

هەڵوێستی روسیا دەڵەمەییە و ناڕوونە، هەڵوێستی ئەمریكا توندتر بوو بە تایبەتی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ رەخنەی ئاراستەی ئەسیوپیا كردبوو سزای بەسەردا سەپاند دوای ئەوەی شكستی بە دانوستانەكان هێنا كە بە نێوەندگیریی ئەمریكا بەڕێووە دەچوو، بەڵام دواتر ئیدارەی سەرۆك بایدن سزاكانی هەڵوەشانەوە، لەبەرئەوەی دیموكراتەكانی ئەمریكا زیاتر سەرسام و هاوسۆزن لەگەڵ لۆبی ئەفریقاییە ئەمریكییەكان كە هاوسۆزن لە گەڵ ئەسیوپیا بەو پێیەی كۆنترین ئیتنیكی رەشی ئەفریقیان.

ئەوروپیەكانیش هەڵوێستێكی روون و راشكاو و یەكلاكەرەوەیان نییە لەسەر ئەم قەیرانە و زیادەڕۆییش دەكەن، بە تایبەتی حزب و لایەن لیبراڵ و چەپە ئەوروپیەكان هەمیشە مەیل و سۆزدارییان بۆ ئەفریقییەكان هەیە.

بژاردەی هەواڵگریی

یەكێك لەو بژاردانەی بۆ میسر ئاسانترین و خۆشدەسترین و كەمترین خەرجی بوێت، بژاردەی هەواڵگرییە ئەویش هاندانی ململانێ‌ ناوخۆییەكانی ئەسیوپیایە واتە پشتیوانیی بزووتنەوە جوداخوازەكانە بە هاوكاریی سودان، لە بەرئەوەی ئەسیوپیا بە درێژایی مێژووەكەی ئیمپراتۆرییەت بووە واتە كەمینەیەكی ئتنیكی حوكمڕانی گەلەكەی كردووە.

لەلایەكی ترەوە جوگرافیا و كەژ و كێوەكانی ئەسیوپیا قەڵغانێكی پتەوبووە بۆ بەرەنگاریی و داكۆكی لە وڵاتەكەیان لە بەرامبەر دوژمنەکانیان و پەلاماردەران، لەڕووی ناوخۆییشەوە پشت و پەنای هێزو لایەنە ناوخۆییە بەرهەڵستكارەكانی حكومەتی ئەدیس ئەبابایە، بەتایبەتی كە سوپای وڵات لاوازە لەڕووی چەك و كەرەسەكانی جەنگییەوە، بەڵام ئەو سیناریۆیە تائێستا لە لایەن میسر و سودانەوە كاری بۆ نەكراوە و لە بەرنامەی كاریاندا نییە، چونكە لە كۆتایی ساڵی 2020 كە شەڕی هەرێمی تیگرای لە ئەسیوپیا قەوما، سودان و میسر بێلایەن بوون، عەبدوڵڵا حەمدۆكی سەرۆك وەزیرانی سودانیش دەستپێشخەرییەكی ئەفریقی بۆ ئاشتی پێشنیازكرد بەڵام گوێی لێ نەگیرا .

تەنها میسر و سودان مانۆڕێكی سەربازیی هاوبەشیان لە خاكی سودان بەڕێوەبرد لەكاتی ئەو شەڕەدا، ئێستا وا ئەسیوپیا لە قۆناغی دووەمی پڕكردنی بەنداوەكە نزیك دەبێتەوە، حكومەتی ئەسیوپیاش سەركەوت لە سەركوتكردنی جوداخوازانی تیگرای، بۆیە تازە ئەو سیناریۆیە كاتی بەسەرچوو تا رووداوێكی تری واش، كاتی زۆری دەوێت، بەڵام ئاكامی پڕكردنی بەنداوەكە بەو شێوەی ئەسیوپیا دەیەوێت كارەساتبارە بۆ میسر و سودان .

بە ئامانج گرتنی بەنداوەكە

یەكێكی تر لەو بژاردانەی كەباس دەكرێت بەئامانجگرتنی بەنداوی نەهزەیە بە ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگریی ورد و كاریگەر و تەقاندنەوەی كە دوایی میسرییەكان دەتوانن خۆیانی لێ‌ بێبەری بكەن، پێشتریش ساڵی 2012 میسرییەكان كارێكی وایان كردووە هەروەكو لە بەڵگەكانی ویكیلیكسدا باسی كراوە كە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكایان ناردووە كە لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی پێشوو میسرییەكان ئەو كەرەسە و تەقەمەنیانەیان تەقاندۆتەوە كە بەڕێوەبوون بەرەو ئەسیوپیا.

ئێستاش لە دوای تەواوبوونی بەنداوەكە بەڕێوەچوونی هەر ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگریی بۆ تەقاندنەوەی بەنداوەكە زۆر قورسە، جگە لە كاریگەرییەكانی بۆ سەر سودان، ئەگەر بەنداوەكە بڕووخێت زیانی زۆر و كارەساتی مرۆیی و ئابووریی گەورە دەخوڵقێنێت.

لەلایەكی تریشەوە، شكستی هەر ئۆپەراسیۆنێكی لەو شێوەیە، یان دەستگیركردنی بکەرەکانی ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە هەڵایەكی ئابڕوبەرانە بۆ میسر و سودان لەلایەن ئەسیوپییەكانەوە.

بژاردەی جەنگ

بژاردەی جەنگ قورسترین بژاردەیە، ئەگەر بەراوردێكی ئاسایی هەردوو سوپای میسر و ئەسیوپیا بكەین ئەوا دەبینین سوپای میسر لەڕووی ژمارە و چەندایەتی و چۆنایەتی و كەرەسەی جەنگی و چەكەوە لە سوپای ئەسیوپیا بەهێزترە بە گوێرەی پێگەی (گلۆباڵ فیربۆر)ی ئەمریكی .

لەلایەكی ترەوە هەرچەندە جەنگ تەنها ژمارە و جۆری چەك نییە، بەڵكو جوگرافیا و كەشوهەوا و سروشت و زۆر شتی تریش یەكلایی دەكەنەوە، ئەسیوپیا یەكێك لە شاخاویترین وڵاتانی جیهانە، جگە لە سەختی و قووڵی دۆڵ و دەشتەكانی، كێشەی گەورەی سوپای میسر ئەوەیە سنووری هاوبەش و راستەوخۆی لەگەڵ ئەسیوپیادا نییە، ئەسیوپیاش كەناری دەریایی نییە تا لە دەریاوە پەلاماری میسرییەكان بدەن، بەڵكو هەر دەبێت لە خاكی سودانەوە پەلاماری بدەن، سودانیش لە ئەسیوپیا لاوازترە.

بۆمبابارانكردنی بەنداوی نەهزە لەلایەن میسرەوە

بۆمبابارانكردنی بەنداوەكە لەلایەن هێزی ئاسمانی میسرەوە كارێكی ئاسان نییە، هەرچەند هێزی ئاسمانی میسر زۆر لە پێش هێزی ئاسمانی ئەسیوپیاوەیە، نزیكترین بنكەی ئاسمانی میسر لە ئەسیوپیاوە 1500 كم دوورە، میسریش ژمارەیەكی كەم فڕۆكەی جەنگی هەیە بتوانێت ئەو ماوە دوورە ببڕێت، لەوانە فڕۆكەی (رافالی فەرەنسی) 24 فڕۆكەیەكە کە توانای بڕینی 1800 كیلۆمەتریان هەیە، جگە لە (12) فڕۆكەی F16 و فڕۆكەشیان نییە تا لە ئاسمان بەنزینیان بۆ دابین بكات.

ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا بەنداوەكە لە خاكی سودانەوە بۆمباران بكرێت، ئەوا پاساو دەدات بە ئەسیوپیا كە پەلاماری سودان بدات.

بەرگریی ئاسمانی ئەسیوپیا

هەرچەندە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەسیوپیا زانیاریی زۆر نییە لە سەری، بەڵام هەندێك سەرچاوە باسی بوونی سیستمی S300 روسیایی دەكەن، سەرەڕای هەندێك مووشەكی دروستكراوی ناوخۆ. لەلایەكی تریشەوە هەندێك سەرچاوە باسی ئەوەدەكەن كە ئیسرائیل سیستمی بەرگریی موشەكی كورت و ناوەڕاست مەودایان بە ئەسیوپیا داوە بۆ بەرگریی لە بەندوای نەهزە.

رۆكێت هاوكێشەكەی گۆڕی

خاڵێكی بەهێز بۆ قاهیرە رۆكێتی (سكالب) ستورم شادۆی ئەوروپیە كە میسرییەكان دەستیان پێی گەیشتووە و دەتوانن لە دوورەوە پەلاماری بەنداوەكە بدەن.

كات لە بەرژەوەندیی میسر نییە

بە رۆیشتنی كات بوار تەسك دەبێتەوە بۆ پەلاماردانی بەنداوەكە، چونكە لە حاڵەتی پڕبوونی تەواوی بەنداوەكەدا ئیتر میسر و سودان دەكەونە بەر مەترسی و زیانی گەورە ئەگەر بەنداوەكە بڕۆخێنن، بۆیە پێویستە ئەگەر نیازی وایان هەبێت، پێش پڕبوونی بە تەواوی پەلاماری بدەن.

سیناریۆكانی تۆڵە سەندنەوە لەلایەن ئەسیوپیاوە

دوورنییە ئەسیوپیاش تۆڵە بكاتەوە و ئاسانترین ئامانج بۆ سوپای ئەسیوپیا، سودانە كە لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و سوپاشەوە ئەسیوپیا دوو هێندەی سودان دەبێت، خاكی ئەسیوپیا سەخت و شاخاوییە سودان دەشتاییە، رژێمی ئەسیوپیا توندو تۆڵ و یەكگرتووە و حكومەتی سودان راگوزەر و فشۆڵە و كێشە و قەیرانی ناوخۆیی زۆری هەیە.

بەڵام میسر ئەگەر نیازی وای هەبێت، پێویستە لەپێشدا سوپای سودان ساز و ئامادە و چەكدار بكات بۆ روبەڕوبوونەوەی هەموو ئەگەرەكان.

كاردانەوەی ئەسیوپیا بەرامبەر میسر

یەكێك لەو ئامانجانەی كە ئەسیوپیا ئەگەر بتوانێت لێی بدات، بەنداوی (سد العالي)میسرە، كە ئەمەش كارێكی قورسە و ئەسیوپیا مووشەك و رۆكێتی دوورمەودای نییە، ئەسیوپیەكان دەتوانن ئاوی رووباری نیل پیس بكەن كە لە خاكی وڵاتەكەی خۆیانەوە دەردەچێت بۆ ئەوەی میسر و سودان كەڵكی لێ‌ نەبینن.

هەڵوێستی یەكێتی ئەفریقیا

هەڵوێستی یەكێتی ئەفریقا سۆزداریی و لایەنگرییە بۆ ئەسیوپیا، بە تایبەتی باشووری ئەفریقیا كە لەدوای سیستمی ئاپارتایدەوە خۆی وەكو پێشەنگی ئەفریقیا دەنوێنێت و دژبە رۆڵی مێژوویی میسرە، بۆیە لە حاڵەتی روودانی هەر شەڕێكدا، دوورنییە سزا بەسەر میسر و سوداندا بسەپێنن و ئەندامێتیان لە یەكێتییەکەیاندا سڕ بكەن.

لە كۆتاییدا بۆ گەلانی هەژاری ئەفریقا جەنگ ماڵوێرانی و كارەساتێكی گەورەیە و هەژاریی و دواكەوتوویی زیاتریان بۆ دەخوڵقێنێت، بۆیە باشترە لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن بە تایبەتی 10 ساڵی رابردوویان بە گفتوگۆوە بەسەربردووە و ناكۆكییەكانیش هەر پاپەند بوونە بەكاتەوە بۆ پڕكردنی بەنداوەكە، لە بری بە 10ساڵ پڕبێت بە 20 ساڵ پڕ ببێت لەئاو بەبێ‌ ئەوەی سامان و خوێنی هەژارانی ئەفریقا لە شەڕدا بەفیڕۆ بڕوات .

06/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر