لەیادی ٤٩ ساڵەی خۆماڵی کردنی نەوتی عێراقدا

بورهان شێخ رٶوف
وەکوباس دەکرێت نەوت زۆر لە مێژە لە خاکی دێرینی عێراقدا دۆزراوەتەوە، بۆسەردەمی بابلیەکان و پێشتریش دگەڕێتەوە، تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەدەکەن  بابلیەکان نەوتی ڕەشیان لە دروستکردنی تەلارو خانوو و ڕێگەوبانەکاندا بەکارھێناوە.

بەڵگەی لەوەش ڕوونتر ھەیە کە لە زۆرێک لە بیرە نەوتەکان نەوتەکە خۆی ھەڵدەقوڵیەتە  سەر زەوی و ئەمەش سیفەتێکی گرنگی نەوتی عێراقە کە لە سەر رووی زەوییەوە زۆر نزیکەو ئەمەش بڕی تێچوونی دەرھێنانی زۆر ئاسان و کەم خەرجی دەکات، پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی تر کە نەوتەکەیان زۆر قووڵەو خەرجی و تێچووی زۆری گەرەکە بۆ دەرھێنانی.

بەڵام دۆزینەوەو دەرھێنانی نەوت لە عێراقدا  بەئاشکرا لە مێژووی نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست، یەکەم کۆمپانیا کاری لە دەرھێنانی نەوتی عێراقدا کرد ساڵی ١٩١٢ کۆمپانیایەکی تورکی بوو.

بەگوێرەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە جیۆلۆجیەکان  پێکھاتەی  خاکی عێراق (٥٣٠) ئاوێتەو پێکھاتەی جیۆلۆجی تێدایە، ئاماژەی بەھێزن بۆ بوونی بڕێکی ئێجگار زۆری  نەوت، ھەرچەند تائێستا لە (١١٥) شوێن کاری ھەڵکەندنی بۆکراوە، لەوانە (٧١) شوێن دەرکەوتووە کە بڕێکی گەلێک زۆر یەدەکی نەوتی تێدایە کە دەکەونە زۆر شوێنی جیاوە لە عێراق.

کۆمپانیای نەوتی عێراق ناسراو بە (IPC) ئەو ناوەیە کە لە کۆمپانیای نەوتی تورکی نرا دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، بۆیەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی کرد بەدەرھێنانی نەوت لە کێڵگەی بابەگوڕگوڕ، دواتریش کۆمپانیای ناوبراو مۆڵەتی دەرھێنانی نەوتی وەرگرت لە زۆر شوێنی تر لەوانە لە عەرەبستانی سعودیەو کوەیت و دوبەی تاوەکو ساڵی ١٩٦١.

لە ساڵی ١٩٦١عەبدولکەریم قاسم کە لە دوای شۆڕشی ١٤ تەموزی  ١٩٥٨ ەوە  بووبووە  سەرۆکی  عێراق، یاسای ژمارە (٨٠) دەرکرد، بەگوێرەی ئەو یاسایە کاری کۆمپانیا بیانیەکانی سنوردار کرد تەنھا لەو کێڵگانەدا کاربکەن کە پێشتر کاریان تێدا کردووە، بۆیان نیە پشکنین وگەڕان بکەن بۆ دۆزینەوەی  کێڵگەی نوێ.

لە ساڵی ١٩٦٤ یش سەرۆک کۆماری عێراق عەبدولسەلام عارف کە لە ئاکامی کودەتای ڕەشی ٨شوباتی ١٩٦٣ دەستەڵاتی گرتە دەستە لەگەڵ بەعسیەکاندا، دامەزراوەیەکی نیشتمانی عێراقی دامەزراند بەناوی ( کۆمپانیای نەوتی  نیشتمانی ) ئامانجی دۆزینەوەی کێڵگەی نەوتی نوێ و وەبەرھێنانی نیشتمانی تێدابکرێت، تا لە ساڵی ١٩٧٢ سەرۆک کۆماری ئەو کات ئەحمەد حەسەن بەکر ئەویش لە ئەنجامی کودەتای ١٧-٣٠ تەموزی ١٩٦٨ بە سەرکردایەتی حزبی بەعس جڵەوی حوکمڕانی عێراقیان گرتە دەست، نەوتی عێراقی خۆماڵی کرد.

خۆماڵی کردنی نەوت

ئەوەی ئاشنای مێژووی نوێی عێراق بێت ئاگاداری خۆماڵی کردنی نەوتی عێراقیشە، بەعسیەکان لە (٣٥) ساڵی حوکمڕانی (١٩٦٨-٢٠٠٣) خۆیاندا ھەمیشە ئەمەیان بە سەروەری و دەستکەوتێکی گەورە بۆخۆیان لە قەڵەم دەدا.

ھۆکاری ئەم بڕیارە ؟

ھۆکاری ئەم بڕیارەی حکومەتی ئەوسای عێراق وەکو خۆیان ڕایانگەیاندبوو  نیگەرانیان بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاستەکانی بەرھەم ھێنانی نەوت، بە گوێرەی بەرژەوەندییە بازرگانیەکانی خۆیان لە شوێنەکانی تر ،ھەروەھا ناکۆکی زۆریان  لە سەر نرخی نەوت ھەبوو، داوای پشکی ٢٠ % لە کۆمپانیای نەوتی عێراق دەکرد ، بەڵام ئەو کۆمپانیانەی ئەم ئیئتلافەیان پێکھێنابوو قایل نەبوون بەم داواکارییەی عێراق.

کۆمپانیا نەوتیە  بیانیەکانی بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریکی و شل ی ھۆڵەندی  بە ڕێژەی یەکسان  ٢٣.٧٥%  پشکەکانیان بۆخۆیان دابەشکردبوو ھەرلە ساڵی ١٩٢٨ ەوە تەنھا پشکی گولبنیکان  ٥% بوو.

پێداگیری ئەو کۆمپانیانە لە سەر پشکەکانی خۆیان و قایل نەبوون بۆ دەستکاری و ھەموارکردنەوەی گرێبەستەکان و زیادکردنی  بەرھەمھێنانی عێراق، دەستوەردانی زیاتر بۆ دەستگرتن بەسەر پیشەسازی نەوتی عێراقدا، حکومەتی عێراق و ئەحمەد حسەن بەکر یان ناچارکرد کە یاسای خۆماڵی کردنی نەوت دەربکات، بە وتەی کاربەدەستانی ئەوسای حکومەتی عێراق کە بەعسیەکان سەرکردایەتیان دەکرد ، ئەمەش سەرکێشیەکی گەورەبوو لەو کاتەدا لە ڕووی ئابوری سیاسیەوە.

بارودۆخی نێودەوڵەتی ئەو وەختەو شەڕی عەرەب ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٣ کە بەشەڕی تشرین ناسراوە زیاتر یارمەتیدەری عێراق بوون بۆ چەسپاندنی بڕیارەکەیان بە تایبەتی ھەردوو حکومەتی ھۆڵەندا و ئەمریکای تۆمەتباردەکرد بە یارمەتیدانی ئیسرائیل تاوەکو دەست بەسەر پشکەکانی کۆمپانیاکانیاندا بگرێت.

لەلایەکی ترەوە  وڵاتانی ھەناردەکەرو فرۆشیاری  نەوت ( ڕێکخراوی ئۆپیک ) لایەنگری تەواوی بڕیارەکەی حکومەتی  عێراق بوون بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمپانیای نەوتی عێراق ،پێشنیاری پێشکەشکردنی قەرزی کرد بۆ ئەوەی یارمەتی  دابینکردنی ئەو کەم بوونەوەی کەلە دروای بیانیدا  ھاتبووە ئاراوە  لە بازارو بانکەکاندا بدات  کە لە ئاکامی زیان بەرکەوتنی  نەمانی داھاتەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق .

ھەربەگوێرەی یاسای خۆماڵیکردنی نەوتی عێراق ھەموو ماف وماڵ و موڵک ومەوجودات و  کەرەسەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق گوێزرایەوە بۆ کۆمپانیایەکی  حکومی نوێ بەناوی ( کۆمپانیای عێراقی بۆ پرۆسیسە نەوتیەکان ) بۆ ئەوەی لەلایەن کارمەندان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی عێراقی خۆماڵی کراوەوە بەڕێوە ببرێت .

دواتر ڕێککەوتن

ساڵی ١٩٧٣ حکومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی عێراق ڕێککەوتن کە کۆمپانیای ناوبراو (٣٥٠) ملیۆن دۆلار بە حکومەتی عێراق بدات وەکو قەرەبووی ئەو داھاتە نادیار و فەوتاوانەی عێراق لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە نەوتی عێراقیان فرۆشتووە .

لە بەرامبەریشدا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا کە ( ١٥)ملیۆن تەن  لە نەوتی خاوی کەرکوک بە خۆڕایی بدات بە کۆمپانیای نەوتی عێراق کە نرخەکەی بە (٣٠٠)ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لەنێوان ھەردوولایاندا .

لێککەوتەکانی بڕیاری خۆماڵیکردنی نەوت

وەکو پێشتریش ئاماژەم پێداوە بڕیارەکانی خۆماڵیکردنی نەوت لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢-١٩٧٥ ئاکامی ئەو گۆڕانکاری و پێشڤەچوونە سیاسی ناکۆکیە زۆرانە بوولە نرخی نەوت و نەگونجان لە سەر شێوازی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نەوتی عێراق  و ڕێژەی پشکی عێراق و لاوازی گەشەکردنی بەرھەمھێنان بوو .

سەرەڕای گرنگی بڕیارەکە بەڕای زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری نەوت بەتایبەتی ناسیەنالیستە عەرەبیەکان، چونکە پیشەسازی نەوتی عێراقی ڕزگارکرد لە دەستی دەرەکی ،بەڵام زەمینەی سازکرد بۆ تێوەگلانی عێراق بە شەڕلە گەڵ ئێراندا، بەرزبوونەوەی بەرھەمھێننانی نەوتی عێراق لەلایەن کادرو پسپۆڕانی عێراقیەوە وەکو عێراقیەکان و بە تایبەتی بەعسیەکان وایان وتووە ، بەڵام من بۆخۆم ھاوڕا نیم لە گەڵ ئەم بۆچوونە چونکە ھەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە لایەن سەدام حوسینەوە ھۆکاری ڕاستەوخۆی جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران بوو، ئەوەش ئاشکرایە ڕێککەوتننامەی ناوبراو دژ بە گەلی کورد و لە گۆڕنانی شۆڕشەکەی ئەنجامدراو دەستھەڵگرتن لە نیوەی شەتولعەرەب بۆ ئێران بوو نەک بەزبوونەوەی بەرھەمی نەوتی عێراق لێرەدا ھەر ئەوەندە بە پێویست دەزانم ئەگینا لە وتارو باسی تردا باسی ئەم بابەتەم بە درێژی کردووە .

لەلایەکی ترەوە بەعسیەکانی بڕیارێکی وا قورس و چارەنووسسازیان دا نەیانتوانی داھاتی نەوتی عێراق بخەنە خزمەت دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی و کشتوکاڵی گرنگ بۆ وڵات سەرەڕای چەند ھەنگاوێکی سەرەتایی  بۆ خوێندن بە خۆڕایی و خوێندنی ئیلزامی ونەھێشتنی نەخوێندەواری کۆمەڵێ ھەنگاوی تریش لە بواری سەربازی و پیشەسازی سەربازی و بەرھەمھێنانی مووشەک و ڕۆکێتی دوور ھاوێژووچەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی ھێزی ئاسمانی گەورە و یارمەتی زۆر گروپ و بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی وەکو لقی حزبی بەعس لە وڵاتانی عەرەبی تر لە باکوری ئەفریقیا و لە ئوردن و یەمەن و سودان ...تد دواتر عێراقیان تێوەگلان بە شەڕو شۆڕی لاوەکی و درێژخایەنی وەکو جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق ئێران و داگیرکردنی کوەیت و قەتلوعامی خەڵکی کوردستان و شیعەکانی باشوور و بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو تەختکردنی ھەزارەھا گوندو شارۆچکەی  کوردستان و وشککردنی زۆنگاوەکانی باشوورو زۆر تاوانی گەورە کە مرۆڤایەتی شەرمەزارە لە ئاستیاندا  ئەمانە ھەموو خێرو بەرەکەتی خۆماڵیکردنی نەوت بوو بۆیە بەڕاستی ئەو وتەیەیان سەلماند کە نەوت لە نیعمەتەوە بووە بە نیقمەت بۆ گەلانی عێراق .

ھەر لە ئاکامی ئەو ھەموو جەنگ و ململانێ و ناکۆکیە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانەدا کەرتی پیشەسازی نەوتی عێراق گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و بە ھۆی گەمارۆو سزاری ئابوری نێو دەوڵەتی بەسەر عێراقدا، کەرتی نەوت لە ھەموو پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیای نوێ بێبەش و بێبەری بوو، تا لە ساڵی ١٩٩٥ بەگوێرەی بڕیاری ٩٨٦ ئەنجومەنی ئاسایش ناسراو بە بڕیاری نەوت بەرامبەر بە خۆراک بواریان دا عێراق بە شێوەیەکی سنوردار نەوت بفرۆشێت لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی.

نەوتی عێراق لە دوای ٢٠٠٣

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە کەرتی نەوتی عێراق بە ھۆی سزاو دابڕانە زۆرەکانی لە جیھانی دەرەوە نەیتوانی بە خێرا بکەوێتە سەرپێی خۆی و برینەکانی ساڕێژ بکات، ھەرچەند پرۆگرام و پلانی زۆر دانران بۆ ئەوەی توانای بەرھەمھێنانی نەوت بەرز بکەنەوە ، چونکە عێراق تەنھا پشتی بە نەوت بەستووە بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستیە بنەڕەتیەکانی خۆی و ھیچ داھاتێکی تری جێ بایەخی نیە لە بەردەستدا، سەرەڕای بوونی زۆر سێکتەری گرنگ کە حکومەتی عێراق دەتوانێت وەبەرھێنانی خێرای تێدا بکات چ لە کشتوکاڵ و گەشتیارییەوە تا زۆر بابەتی تر ، بەڵام دەستی بۆ ھیچ نەبردووە .

دواتر کێشەو ململانێکانی ناوخۆی عێراق لە شەڕی تائیفی و سەرھەڵدانی ڕەوتە توند ئاژۆکانی قاعیدەو داعش و پەلاماردانی بۆڕی و بیرەنەوتەکان دۆخی شڵەژاوی کەرتی نەوتیان خراپتر و نوغرۆتر کرد .

ھەرێمی کوردستان و نەوت

ڕێککەوتێکی سەیرە، یان بەمەبەست دانراوە نازانم، کاتێک ئەم باسەم دەنووسی گەیشتمە ئەوەی باسی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکەم ڕۆژی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ١/٦/٢٠٠٩ ڕێککەوتی ڕۆژی خۆماڵی نەوتی عێراق بوو لە ساڵی ١٩٧٢، لە ھەرێمیش لە دوای ھەناردەکردنی نەوت کێشەو قەیرانی زۆر بەرەو رووی خەڵکی ھەرێم بووەتەوە، لێرەش نەوت لە نیعمەتەوە بوو بە نیقمەت، بەھەرحاڵ قسەوباسی زۆر لە سەر نەوتی ھەرێم و دەرھێنان و فرۆشتنی کراوە لە ساڵانی ڕابردوودا لەوەیە بوار نەبێت لێرەدا من بچمەوە سەری ، بەڵام ئەوەی گرنگە گرێبەستەکانی نەوت بۆجۆرێکە بەشێکی کەمی داھاتەکەی دەگاتە دەست خەڵکی کوردستان ،ئەمەش مایەی سەرسووڕمان و نیگەرانی زۆرە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراقیش کە ھاوبەشن چونکە بە گوێرەی دەستووری عێراق نەوت و غاز و سامانی سروشتی موڵکی گشت گەلی عێراقە،دەبێت بپرسین لەھەرێمیش ڕۆژێک نایەت بیر لە خۆماڵیکردنی نەوت بکرێتەوە؟

لە کۆتاییدا لە ھەموو ئەوانە خراپتر و کاریگەرتر گەندەڵیە کە وەکو سەرەتان ھەموو جەستەی عێراقی تەنیووەو بە تایبەتی سێکتەری نەوت کە فراوانترین و بەرینترین گەندەڵی تێدا دەکرێت کە مەترسیەکەی لە داعش و تیرۆر زیاترە.

ئەوەی مایەی خۆشی و ئۆمیدی گەلانی عێراقە بوونی سامانی سروشتی و کشتوکاڵ و گەشتیاریی گرنگە لە عێراقدا، ئەگەر حکومەتێکی نیشتمانی خەمخۆر ھەبێت دەتوانێت لە نزیکترین و کورتترین ماوەدا چارە بۆ زۆرێک لە کێشەکانی وڵات بدۆزێتەوە، چونکە ئەزموونی دەوڵەمەندی زۆرێک لە گەلانی جیھانمان لە بەردەستدایە کە لە دۆخی ئەمەی عێراق زۆر خراپتردا تێپەڕیوون، دواتر توانیوویانە ھەستنە سەرپێی خۆیان وگۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدەن .

13/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر