کازمی لە واشنتۆن

بورهان شێخ رٶوف
ئەمڕۆ دووشەممە کازمی لە واشنتۆن لە دیالۆگ و دانوستانێکی یەکلاکەرەوەدا دەبێت لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی ئایندەی ھێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق .

لە بارودۆخێکدا ئەم وتوێژانە بەڕێوەدەچێت کازمی لە نێوان ھەردوو جەمسەری ململانێی لە مێژینەو سەرسەخت ئێران و ئەمریکادا وەستاوە، ھەوڵ دەدات دڵی ھەردوولایان ڕابگرێت، کەسیان تووڕەو زویر نەبن لێی، ئەوانیش ئێران و ئەمریکا لە ھەوڵی ئەوەدان عێراق بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەو ھاوکێشەی دۆخی عێراق ناھەوسەنگ دەبێت و زیان بە دۆخ و پێگەی عێراق دەگەیەنێت، کە ببێتە بەشێک لە سیاسەتی جەمسەرگیری کە ئەمەش ئەمێستا لە توانای عێراقدا نیە .

کازمی لەوبارودۆخەی کە ئێستا ناوچەکەو عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە ھەوڵی ئەوەدایە جۆرێک لە ھاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕابگرێت بەو پێیەی پەیوەندی باشی لە گەڵ ھەردوو لادا ھەیە ، دەخوازێت بە کەمترین زیان لەم ململانێ دەربازی بێت، ڕێگەیەکی تری لە بەردەمدا نیە ئەگەر بەتەمای ئەوە بێت لە پرۆسەی سیاسیدا ڕۆڵی ھەبێت .

لەڕووی ناوخۆییەوە ئەگەر حەشدی شەعبی و میلیشیا چەکدارەکانی بەربەستی گەوەرەی بەردەم کازمی بن، بەو پێیەی ئێستا خاوەن ھێزێکی گەورەو کاریگەرن، تا ئێستا سەرەڕای ئەوەی کێشەی گەورەیان بۆ خوولقاندووە، بەڵام ھەر لە گەڵیاندا ھەڵی کردووەو دواجار پشتیوانی نمایشێکی گەورەی حەشدی شەعبی کرد لە ٢٦/٦/٢٠٢١ لە پارێزگای دیالە کە ئەمەش نیشانەی گونجان و ھەماھەنگی نێوان کازمی و حەشدە و ڕەزامەندی تارانە کەوادەکات رَیگای کازمی بۆ تاران خۆش بێت .

لەڕووی دەرەوەش کازمی لە ھەوڵی بەدەستھێنانی پشتیوانی و سۆزی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیدایە بە تایبەتی عەرەبستانی سعودیە، ئەگەر کازمی لەم ھەنگاوەدا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت ئەوە خاڵێکی بەھێز بە دەست دێنێت بۆ ناوخۆو شەقامی عێراقی، بەڵام تا ئێستا لەوەناچێت کازمی توانیبێتی سەرکەوتن و ھەماھەنگی و سازانی تەواوی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بەدەست ھێنابێت، بەڵکو کازمی بەبارودۆخێکی سەخت و دژواردا گوزەر دەکات وەکو مەیدانی مینڕێژکراوە وایە، لە ژێرفشاری ئەمریکاو حەشدی شەعبیشدایە،بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا .

ئەم خوولەی دانوستان

خوولی چوارەمی دانووستانەکانی عێراق و ئەمریکا لە ٢٦/٧/٢٠٢١ لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت لەوەناچێت وەکو خوولەکانی پێشوو بێت، بەڵکو کارو ئەرکی حکومەتی عێراق ئاسان نابێت، بەھۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان و دۆسییەکانی نێوانیان ، ھەروەھا پێشووەچوون و بەریەککەوتنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکلایی کرایەوە کە کازمی خۆی سەرۆکایەتی شاندی عێراق دەکات، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دووجار سەردانی واشنتۆی کردووە ، ئەگەر جاری پێشوو توانی پشتیوانی ئیدارەی ترەمپ مسۆگەر بکات ، ئەمجارە سەرۆک بایدن دەبینێت .

لەدوای خوولی سێیەمی دانوستانەکان ئەمریکیەکان خوازیار بوون کازمی ڕۆڵی حەشدی شەعبی سنوورداربکات لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ،وەکو بەڵێنی دابوو ، بەڵام دواتر پێچەوانەکەیمان بینی دوای ھێرش و پەلامارەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنکەو بارەگانی ھێزەکانی ئەمریکا و و پەلامارە ئاسمانیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی.

کازمی لە برۆکسل لە مانگی حوزییرانی ٢٠٢١ لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ داوای کرد وڵاتان کێشەو ململانێکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە ،عێراق نەکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانیان ، چونگە ئاسایشی عێراق کاریگەری لە سەر ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی ھەیە ،

ھەرچەندە ئەمریکاو عێراق ھەر لە خوولی سێیەمی دانوستانەکانیانەوە لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون کە کۆتایی بە ڕۆڵی جەنگی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بھێنن و تەنھا ڕۆڵی ڕاوێژ و ڕاھێنان ببینن ، بەڵام پێش سێ ھەفتە لەمەوبەر کازمی لێدوانێکی سەیری دا کە مایەی تێڕامان و سەرنجی ئەمریکیەکان بوو ئەویش وتی دەبێت کۆتایی بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا بێت لە عێراق نەوەکو خشتە دابنرێت بۆ کشانەوەیان .

بۆیە ئێستا سەرچاوە ھەواڵییەکان لە واشنتۆن باس لەوە دەکەن کە ئەمریکیەکان متمانەیان بە کازمی لەق بووە ، ھەوڵی پێداچوونەوە بە ھەموو لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتنامەکانی پێشوو دەدەن ، ھەر ئەوەش بووە ھۆکاری لێدانی گورزی سەربازی لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە مانگی ڕابردوو لە سەر سنووری عێراق و سوریا.

لە کۆتاییدا ترسی ئەمریکیەکان لە پڕکردنەوەی بۆشایی پاشەکشەیان لە عێراق ، ھەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو کە ئایا کێ براوە دەبێت ھەوڵی حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیارسیاسی عێراق، لە کاتێکدا ھێشتا تەواو خۆیان بۆ ئامادەنەکردووە و خوازیارن دوای بخەن، نیگەرانی کوردو سونەکان لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ڕێخۆشکردن بۆ ئەوەی لایەنێک بەتەواوی قۆرخی دەستەڵات بکات لە عێراقدا، ھەموو ئەمانە ترسی جدین و ڕۆژو ھەفتەو مانگەکانی داھاتوو وەڵامی ئەو ترسانە دەدەنەوە. 

26/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر