کاریگەریەکانی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لەسەر عێراق

بورهان شێخ رٶوف
ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەکەی سەرقاڵی ئەوە بوون ڕەشنووس و پڕۆژەیاسا بۆ خزمەتی ئاڵا یان خزمەتی سەربازی ئامادە بکەن، بەڵام ھیچ پێشووەچونێکی وا نەھاتە پێشەوە ، تاوەکو لەم ڕۆژانەدا حکومەتی عێراق خۆی پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووەو بۆ خزمەتی سەربازی ئیجباری و بڕیارە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ ئەوەی یاسای تایبەتی بۆ دەربکرێت .

لە دوای ساڵانێکی زۆر لە مشتومڕو لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا حکومەتی عێراق ئەو ھەنگاوەی ناوە ، ھەرچەندە پێشتر یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە عێراقدا کاری پێکراوە تا ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن حاکمی کارگێڕی و سەربازی ئەمریکاوە لە عێراق (پۆل بریمەر) ەو ھەڵوشێنرایەوە .

حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای خزمەتی ئاڵا واتە خزمەتی سەربازی زۆرەملێیپەسەند کرد دوای ئەوەی ئەنجومەنی شورای دەوڵەتی عێراق وردبینی و پێداچوونەوە بۆ کرد، ئیتر ڕەوانەی پەرلەمانیان کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆی لە سەربکەن و یاسای تایبەتی بۆ دەربکەن.

ھەرچەندە گەلی عێراق لە ڕابردوودا ئەزمونێکی تاڵی بینیووە لە گەڵ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە سایەی سیستمی دکتاتۆری تاک حزبی و جەنگە نەبڕاوەکانی ڕژێمی پێشوو، کە زۆرێک لە لاوانی عێراق بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لە ریزەکانی سوپادا دەمانەوە، بۆ نمونە لە دایکبووانی ساڵی ١٩٥٧ زیاتر لە دەساڵ لە خزمەتی سەربازیدا مانەوە لە وەختی جەنگی عێراق و ئێراندا، بەشێکی تر لە لاوانی عێراق لە چوار ساڵ و پێنج ساڵ زیاتر مانەوە لە ریزی سوپای عێراقدا.

ھەرئەوەشە وایکردووە لە ئێستاوە ئەو پڕۆژە یاسایە رووبەڕوی ناڕەزایەتیەکی زۆر لە لایەن ھەندێک لایەنی سیاسی وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ببێتەوە ، کە ھەریەکەیان پاساوی تایبەتی خۆیان ھەیە و دەترسن بەرەو بە سەربازی کردنی کۆمەڵگای عێراقی بێت .


پڕۆژەیاساکە

ڕەشنووسی پڕۆژە یاسا تازەکە خزمەتی سەربازی زۆرەملی دەسەپێنێت بەسەر ھەموو تاکێکی نێرینەی عێراقدا کە تەمەنیان لە نێوان (١٩-٣٥) ساڵدا بێت، ماوەی خزمەتەکەش لە نێو ڕیزەکانی سوپادا لە (٩-١٨) مانگدا دەبێت بە گوێرەی ئاستی زانستی ، ھەر سەربازێکیش مووچەیەکی دیاریکراوی بۆ دەبڕێتەوە بە پێی گەرمی و ئاڵۆزی ئەوناوچەی خزمەتی تێدا دەکات .

کاردانەوەکانی پڕۆژەکە

ھەندێک لایەنی سیاسی ھەر لە ئێستاوە مەترسی ئەوەیان ھەیە کە ئەمە گورزێکی گەورە بێت ئاڕاستەی ئەوان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە میلیشیایان هەیە، نیگەرانن لەوەی پێشکەوتنی چەندایەتی و چۆنایەتی تواناکانی سوپای نیشتمانی عێراق لە ڕۆڵ و پێگە و ھەژموونی ئەوان کەم بکاتەوە .


ھەرێمی کوردستان و پڕۆژە یاساکە

یەکێکی تر لەو کۆسپانەی پێدە چێت دێتە بەردەم ئەم پڕۆژە یاسا، ھەرێمی کوردستانە وەکو ھەرێمێکی فیدراڵی کە پاسەوانی ھەرێمی ھەیە کە ھێزی پێشمەرگەیەو لە دەستووری عێراقیشدا ناوی ھاتووە ، ئایا خەڵکی ھەرێم لەناوی ھێزی پێشمەرگەدا خزمەت دەکەن یان لە ڕیزەکانی سوپای عێراقدا؟ لە پارێزگانی ھەرێم یان لە پارێزگاکانی تری عێراق ؟


لایەنە باشەکانی ئەم پڕۆژە یاسا

یەکەم: سوپاو ھێزە چەکدارەکان لە لایەنگیری حزبی و تائیفی و ناوچەگەری و خێڵەکی و ئتنیکی دووردەخاتەوە.

دووەم: سوپا و ھێزی چەکدار بێلایەن دەکات لە ململانێ سیاسیەکانی وڵات .

سێیەم: لاوانی وڵات و ساز و ئامادە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆر لە ئالەنگاری و ڕاھاتن بۆ مەشق و بەرگەگرتنی زۆری ماندوێتی وڕوبەڕوبوونەوەی ھەموو پێشھاتەکان .

چوارەم: بەرزکردنەوەی گیانی نیشتمان پەروەری لە نێو ڕیزی لاوان .

پێنجەم: کەمکردنەوە بێکاری بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بواری تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنیان بۆ نەڕەخساوە .

لە کۆتاییدا ھەموو یاسایەک لایەنی باش و خراپی ھەیە ، بەڵام بۆ بنیاتنانی دەوڵەوتی یاساو دامەزراوە بۆ بێلایەن بوون و سەروەر بوونی یاسا، سوپایەکی بەھێزی پەروەردەکراو بە بیرو پرنسیپی دیموکراسی دوور لە مەیلی تائیفی و نەتەوەیی پێویستە بۆ گەلی عێراق .

06/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر