چ قەوارەیەك گەورەترینی پەرلەمانی نوێی عیراق دەبێت؟

بورهان شێخ رٶوف
دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پەسەند نەکراوی هەڵبژاردنە پێشوەختە گشتییەکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە کە ئاخۆ ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی دەبێتە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان، یان موقتەدا سەدر و سەدرییەكان، ئێستاش مالیكی دەستیكردووە بە پەیوەندیكردن و راوێژ لەگەڵ ئەو قەوارە و لایانانەی كە سەركەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو بە مەبەستی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و دواتریش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی

ئەم هەنگاوەی مالیكی و هاوپەیمانەكانی، مایەی مەترسی و ئاماژەیەكی سامناكن بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێكی گەورە، لەكاتێكدا فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە پێشەوەی هەموو قەوارەكانی ترەوە بوو، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكانیش لەلایەن كۆمسیۆنەوە بە دەستی، بە هۆی بوونی هەڵەی تەكنیكی، ئەنجامەكان وەكو خۆی مانەوە، واتا سەدرییەكان یەكەمی قەوارە براوەكانن.

وەكو وتمان بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن، كاندیدەكانی لیستەكەی موقتەدا سەدر لە پێشەوەی هەموو لیستەكانی ترەوەن بە جیاوازییەكی زۆر، لە دوای ئەویش لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر دێت، لە بەرامبەردا لیستی فەتحی هادی عامری و ئەوانەی لەوەوە نزیكن كە بە لیستی حەشد ناسراون، پاشەكشەی زۆریان كردووە لەم هەڵبژاردنەدا و ئەمانە هەموو لەسەر بەرەی شیعە هەژمار دەكرێن.

لە بەرەی سوننەكانیش هاوپەیمانی تەقەدوم كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكایەتی دەكات، پێشكەوتنی گەورەی بە دەستهێناوە، لە بەرامبەر ركابەرەكەی كە هاوپەیمانیی عەزمە و خەمیس خەنجەری گەورە بازرگانی عەرەب سەرۆكایەتی دەكات، لە هەرێمی كوردستانیش هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند لایەنێكی تر سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

ئەم ئەنجامانەش هەندێک لایەنی تووڕە و نیگەران كردووە و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز و هەروەها خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەكەن!

دۆڕاوانی ئەم هەڵبژاردنە

ئەو لایەنانەی زیانی گەورەیان لەم هەڵبژاردنەدا بەركەوتووە و شكستیان هێناوە، باڵی سیاسیی حەشدی شەعبین كە لە پەرلەمانی عیراقدا نوێنەرایەتیان هەبوو، هەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای‌ هەڵبژاردنەكان پەلەیان كرد لە راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان، پێش ئەوەی ژماردن و جیاكردنەوەی تەواوی وێستگەكان تەواوبكرێت، بەڵام دواتر كۆمسیۆن روونكردنەوەی دا، كە راگەیاندنەکە ئەنجامی سەرەتایین و شایانی تانە لێدان و گۆڕانكاریین، مۆڵەتی سێ‌ رۆژیشی دایە لایەنە ناڕازییەكان تا تانە پێشكەش بكەن، بەڵام ئەنجامە كۆتاییەكەش کە «هێشتا لە دادگای فیدراڵی پەسەند نەکراوە» بەهەمان شێوەی ئەنجامە سەرەتاییەكە دەرچوو، كە بڕیارە دواتر داداگای فیدراڵی عیراق راستاندنی بۆ دەكات و یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌ دەبەسترێت.

لەلایەكی ترەوە زۆرێك لە سەركردە دیار و باڵاكانی پرۆسەی سیاسی عیراق لە هەموو پێكهاتەكان بە تایبەتی شیعە و سوننەكان پاشەكشەی زۆریان كردووە و سەرنەكەوتوون و نەیانتوانیووە متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنن، لە بەرامبەردا هێرشی توندیان كردۆتە سەر كۆمسیۆن.

كێشەی گەورەترین قەوارە

دوای راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان و پێشكەوتنی لیستەكەی سەدر، سەرلەنوێ‌ ململانێی ئەوە دەستیپێكرد کە ئاخۆ كێ‌ دەبێتە گەورەترین قەوارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆئەوەی حكومەتی نوێ پێكبهێنێت، سەدرییەكانیش دەبێژن كە ئەوان گەورەترین فراكسێونن، چونكە زۆرترین دەنگیان هێناوە و حكومەتی نوێ‌ پێكدەهێنن، لە بەرامبەردا ركابەرە كۆن و دوژمنە سەرسەختەكەی سەدر، نوری مالیكی رایگەیاند: سەرقاڵی دروستكردنی گەورەترین فراكسێۆنە بە هاوپەیمانی لەگەڵ فراكسیۆنە جیاوازەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەی مالیكیدا، سەدر رایگەیاند كە ئەوان گەورەترین قەوارەی نێو پەرلەمان دەبن و وەكو ئەیاد عەلاوی نین، مەبەستیشی روون بوو باسی لە هەڵبژاردنەكانی 2010 كرد كە عەلاوی 91 كورسی بەدەستهێنا و دواتر مالیكی بە 89 كورسییەوە كابینەی حكومەتی پێكهێنا.

سەبارەت بەم كێشە یاسایی و دەستوورییە، پێم خۆشە راو بۆچوونی تاریق حەربی گەورە یاساناس و شرۆڤەكاری دەستووری عیراق بخەمەڕوو، لە جیاتی بۆچوونی خۆم، كە لە بەیاننامەیەكدا دەبێژێت فراكسیۆنی سەدر گەورەترین قەوارەیە بە ژمارەی كورسی، بەو جۆرەش دەبێت رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بە گوێرەی مادەی 46 لە یاسای هەڵبژاردن و مادەی 76 ی دەستووری عیراق، هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە سەرۆك كۆماری نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵدەبژێردرێت و پێویستە كاندیدی فراكسیۆنی سەدر رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هەروەها حەرب ئاماژەی بە شیكردنەوەی داداگای فیداراڵی عیراق بۆ مادەی 45 یاسای هەڵبژاردنی نوێی عیراقی ژمارە (9)ی ساڵی 2020 كرد، كە رێگریی لە سەنگەر گواستنەوەی نوێنەران دەكات لە فراكسیۆنێكەوە بۆ فراكسیۆنێكی تر، كە ئەمەش لە رابردوودا كێشەی زۆری دروستكرد بۆ كڕینی وەلائات و دەنگی فراكسیۆن و لیستە بچووكەكان بە قازانجی قەوارە گەورەكان، كە پێویستییان بە چەند كورسییەكی كەم دەبوو، بۆ مسۆگەركردنی لیست و قەوارەی گەورەتر بۆ پێكهێنانی حكومەت.

لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا راو بۆچوونی جیاوازتریش هەیە كە پێیانوایە، ئێستاش بوار هەیە بۆ پێكهێنانی قەوارەی گەورە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ پێكهێنانی فراکسیۆنی گەورە بە پشت بەستن بە لێكدانەوە و شرۆڤە كۆنەكانی دادگای فیدراڵی عیراق لە ساڵەكانی 2010 و 2014، كە نوێنەران ئازادبوون و بۆیان هەبوو لە فراكسیۆنێكەوە بچنە نێو فراكسیۆنێكی تر، وەكو ئەزموونەكەی مالیكی لە ساڵی 2010دا.

لە كۆتاییدا ئەوەی تا ئێستا پێشبینی دەكرێت، لەوە ناچێت وا بەئاسانی كابینەی نوێ‌ بۆ سەدرییەكان بەبێ‌ كێشمەكێش و سەرئێشە پێكبێت، چونكە تائێستا سێبەری حەشد و وڵاتانی ئیقلیمی ئامادەیی راستوخۆ و كاریگەریان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق هەیە. درێژەدان بە دۆخی رابردووش ئارامی و سەقامگیریی بۆ عیراق ناهێنێت، دەرگاش دەكاتەوە بۆ قۆناغێكی شپرزەتر و خۆپیشاندان، بەتایبەتی تشرینییەكان كە بایكۆتی ئەم هەڵبژاردنەیان كرد و هەر لە ئێستاشەوە هەڕەشەی سەرلەنوێ‌ رژانە سەر شەقامەكان دەكەن.

20/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر