عێراق وڵاتێکی چێنراو بە مین

بورهان شێخ رٶوف
ئامارەکانی مینی چێنراو لەھەموو وڵاتانی جیھاندا کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رێکخراوانەی لە بواری لەناوبردنی میندا کاردەکەن خەمڵاندوویانە بە زیاتر لە ١١٠ ملیۆن مین ،لەوانە ٤٠% لە وڵاتە عەرەبیەکانە ،واتە ھەرسەعاتێک دووکەس مین دەیکوژێت، ھەروەھا ئامارە نێونەتەوەییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە رۆژانە حەفتا کەس لەناودەچن یان زیانیان بەردەکەوێت بەھۆی مینەوە , تێکڕا مانگانە (٨٠٠) کەس دەمرن بەمین.

ھۆکاری چاندن و بڵاوبوونەوەی ئەو ھەموو مینە لە وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ھەموو جەنگ و شەڕو ململانێ و بەریەککەوتنە ئیقلیمی و ناوخۆییە، ھەندێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری و کۆلییانالستی وڵاتانی بیانی بۆ وڵاتەکانیان، لە عێراق و سوریاش ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان ڕۆڵی کاریگەرییان ھەبوو لە بڵاوبوونەوەو چاندنی مین لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر لەوێندەر فەرمانڕەواو دەستەڵاتداربوون.

لەوانەش خراپتر تەنھا (١٣) وڵاتی عەرەبی ڕەزامەندی پیشانداوە لە سەر رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە (( رێککەوتننامەی ئۆتاوا )) ساڵی ١٩٩٧ ناسراوە  بۆ قەدەغەکردنی بەرھەمھێنان و ھەڵگرتن و گواستنەوەی مین، ئەومینانەی کە مرۆڤ دەکەنە ئامانج لە جیھاندا.

عێراق و مین

رووبەرێکی زۆری خاکی عێراق لەشارو گوندەکان پڕن لە مینی شاراوە کە گیانی ھەزاران کەسی کردە قوربانی و ھەزارانی تری کەمئەندام و دەست و قاچ پەڕیو کرد، بێ ئەوەی سەرباز بن یان بەشداری شەڕیان کردبێت، بەڵام باجی شەڕو ململانێکانیان دا، زیاتر لە دوای ساڵی ١٩٨٠ کە عێراق و ئێران جەنگێکی ھەشت ساڵەیان کرد، دواتر عێراق دەوڵەتی کوەیتی داگیرکرد ١٩٩٠، دواتر داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیەوە ساڵی ٢٠٠٣ ،دواتر شەڕی تائیفی ناوخۆیی و سەرھەڵدانی قاعیدەو داعش و داگیرکردنی سێ یەکی خاکی عێراق لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامەوە لە ساڵی ٢٠١٤، ھەموو ئەو جەنگ و ململانێ توندوتیژانەکە ٣١ ساڵی خایاند، جگە لە ترس و سام  ملێونەھا مینیشی بە شاراوەی لە ڕووبەرێکی فراواندا بۆ بە جێ ھێڵاون تائێستاش لێرەو لەوێ ڕۆژانە خەڵکی عێراق لەناودەبات.

تیمەمیدیاییە  تایبەتەکانی بەدوادچوون و بنکۆڵکاری بۆ کاریگەری و زیانەکانی مین و پاشماوەی کەرەسە جەنگیەکان  لە عێراقدا کاری ورد و دروستیان ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەی گیانی زۆرێک لە عێراقیەکان بە کوردو عەرەب و پێکھاتەکانی تریشی لەناوبردووە ،زیانی ماڵی زۆریشی بە بوودجەی دەوڵەتی عێراق گەیاندووە و باری زیاتر قورس کردووە و تووشی کورتھێنانی گەورەی کردووە کە بە (٤٠) ملیار دۆلار دادەنرێت.

مین و پاشماوە جەنگیەکانی تر

مین و تەقەمەنی و ھەموو پاشماوە جەنگیەکانی تر بە زۆر لە سەر سنوورەکانی عێراق و ئێران ماونەتەوە بڵاوەیان پێکراوە، بەھۆی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ئەو دوو ولاتەوە لە ١٩٨٠-١٩٨٨ لە سەردەمی حوکمڕانی سەدام حوسێن، لە دوای ئەوەش داگیرکردنی دەوڵەتی کوەیت لە ٢/٨/١٩٩٠ ھەر لەلایەن سەدامەوە، ھەربۆ راستی ئەم وتانە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە فەرمانگەی کاروباری مین سەربە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە تا ئێستا (٣٠٠٠) کم٢ لە خاکی عێراق مێن رێژەو پیسە بە پاشماوەکانی ئەو جەنگانە، جگە لە ھەرێمی کوردستانیش.

ھەروەھا ئەوەشی راگەیاندووە کە عێراق یەکێکە لە پیسترین وڵاتەکان بە بوونی رووبەری فراوانی مین رێژکراوو و بڵاوبوونەوە کەرەسەری جەنگی و بۆمبی ھێشوویی، ھەروەھا زۆرترینی ئەو مینانە لە ناوچەی خانەقینی پارێزگای دیالەو ناوچەی زرباتیەی پارێزگای واسیت و ناوچەی شەتولعەرەب لە پارێزگای بەسرەن.

ھەروەھا ١٢٠٠ کم لە سنووری عێراق و ئێران  بە مین چێنراوەو پیسە بە پاشماوەی جەنگی جۆراوجۆر، جگە لەوە ٩٠ ناوچە پیس بووە بە تیشکی ناوکی یۆرانیۆمی تواوە، کە تائێستا بووەتە ھۆی مردنی ٣٠ ھەزار کەس زیاتر و برینداربوونی ٢٢٩٨٠ کەس.

لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی مین لەوەزارەتی ژینگەی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە کەوا مین و بۆمب و رۆکێتی کیمیاوی بەکارھاتووە کەجۆارجۆر بوون لەوان ناپاڵمیشی تێدابووە کە قەدغەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا.

بە جۆرێک ئەو مینانە جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەکان و تەنانەت ئاژەڵەکان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی لەناوبردووە، ھەروەھا ملێۆنان مینیش تا ئێستا شوێنەکانیان دیاری نەکراوە و شاراوەن بۆی ھەیە ھەرچرکەساتێک خەڵکی تر بکەن بە قوربانی یان دەستو قاچەکانیان بپەڕێنن و کەمئەندامیان بکەن.

لەوانەش مەترسیدارتر تاقم و گروپی چەکدارو دەستڕۆیشتوو ھەن کە دەستکاری ئەو مین و کەرەسە جەنگیانە دەکەن بە رۆژی رووناک و لەیەکیان جودا دەکەنەوە و بازرگانی پێوە دەکەن و حکومەت و کەسیش دەستەڵاتی نیە بەر بەو ھەنگاوانەیان بگرێت.

زیانەکانی عێراق لەو جەنگانەدا ھەر گیانی رۆڵەکانی نەبوون بەڵکی (٢٢٠) ملیار دۆلار زیانیشی بەرکەوت، بە تایبەتی جەنگی عێراق – ئێران ١٩٨٠-١٩٨٨ عێراق بووە وڵاتێکی بەکاربەری کەرەسەی جەنگی کەدواتر گەمارۆی نێودەوڵەتیشی بەسەردا سەپێنرا بە ھۆی داگیرکردنی دەوڵەتی کوەیتەوە ئیتر ھەژاری و نەبوونی بە شێوەیەکی فراوان ھەموو عێراقی گرتەوە.

ھەر ئەو بەرپرسەی عێراق ئەوەشی راگەیاندووە کە ئەمریکا لە جەنگی دووەمی کەنداو ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە ٩٠٠ تەن لە رۆکێتی ھەڵگری یۆرانیۆمی تواوەی بەکارھێناوە کە ٢٠٠ تەنی بەر پارێزگای بەسرە کەوتووە کە ئەوەش وایکردووە کە زۆرتر پاشماوەی کەرەسەی جەنگی لەوێندەربێت.

کاریگەری بۆ شێر پەنجە

تێکڕای ساڵانەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق ٢٥٠٠ حاڵەتە، لەوانە ٢٠% شێرپەنجەی مەمکە، بەسرەش بەرزترین رێژەی تووشبوونی بەرکەوتووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥_٢٠١٧ کە خۆی لە نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ حاڵەتی  مانگانە تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ رێژەکە ٢٠٠% بەرزبووەتەوە ئەویش بە ھۆی کۆبوونەوەو بڵاو بوونەوەی ئەو پاشماوە جەنگیانەوە.

دواتر کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بۆ میدیاکانی ئاشکرا کردووە کە ئاماری قوربانیەکانی کەمئەندام بوون لە سی ساڵی رابردووی جەنگە ماڵوێرانکەرەکانی عێراق بەھۆی مین و بۆمبی نەتەقیوە و پاشماوەی جەنگ گەیشتووەتە ((٢٢٦٨٥))کەس بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق.

ئەوەشی ئاشکراکردووە ژمارەی نێرینە لە قوربانیە کەمئەندامەکاندا ((٢٠٩٧٥))کەسە، بەڵام ژمارەی مێینە ((٧١٠))کەسە، بەڵام ژمارەی ئەوانی گیانیان لە دەستداوە (( ٢٩٨٥٩)) کەسە.

کۆمیسیۆنی مافەکانی  مرۆڤی عێراق زانیاری وردتر و مەترسیدارتری بڵاوکردرۆتەوە لە سەر ژمارەی مین و بۆمب و کەرەسەو پاشماوە جەنگیەکان ئەویش ((٠٨٦ ٥٧١ ٧٣٨ ١)) لە ناوچە داخراوەکانی عێراق کە بەسەر ھەموو پارێزگاکانی عێراقدا دابەشبووە بە رادەی جیاواز، کەتا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، کە ئەمەش مەترسی گەورەی لێدەکرێت کە کارەساتی نیشتمانی گەورەی لێبکەوێتەوە.

ئێستا دوای ٣٣ ساڵ لە کۆتاییھاتنی جەنگی عێراق ئێران ھێشتا پارێزگاکانی بەسرە و عیمارە و واسیت و دیالە و سلێمانی و ئەوانی تریشی باجی ئەو جەنگە دەدەن و رۆژانە روداوی کارەستبار ییان بەرەو روو دەبێتەوە.

ژمارەی مینەکان لە عێراقدا

لە عێراقدا (( ٥٠)) ملیۆن مین ھەیە کە ژماری دانیشتووانی عێراق ئێستا ((٤٠)) ملیۆن کەسە، زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق ئێران، دواتر داگیرکردنی کوەیت لە لایەن سوپای عێراقەوە، دواتر داگیرکردنی عێراق لە لایەن ھاوپەیمانانەوە، دواتر شەڕی داعش، دواتریش بیر لێ بکەینەوە ھەمووی جەنگەکانی سەدام ھۆکاربوون بۆ ھەڵگیرسانی ئەو جەنگانە.

بە ھەرحاڵ درێژە دووکەڵی ئەم باسە و کاردانەوە و لێکەوتەکانی، لە مێژبوو خوازیاربووم قسەو باسێکی درێژ لە سەر مین بکەم، چونکە ساڵانێکی درێژە لێرەو لەوێ کەسوارو ھاونیشتمانیەکانمان شەل و شەکەت دەکات یان لەناویان دەبات.

لە کۆتاییدا مینیش وەکو کەرەسەیەکی جەنگی شووم و شاراوە دوژمنێکی سەرسەختی مرۆڤە و ھێوادارم ھەموو وڵاتان بچنە ئەو رێککەوتنامەی ئۆتاواوە کە تایبەتە بە لە قەدەغەکردنی بەرھەم ھێننان و گواستنەوەو ھەڵگرتنی مینەوە، بە تایبەتی عێراق کە قوربانیەکی گەورەی مینە.

21/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر