دیوە سیاسییەکەی سەردانی پاپا بۆ عێراق و کوردستان

جەواد قادر

هێشتا قەداسەتی پاپا فرانسیس نەگەیشتبووەوە ئاسمانی ڤاتیکان، کە سەرۆک بایدن بەپەلە و بە دیقەتەوە پەیامێکی ئاراستە کرد و "سوپاس و ستایشی سەردانە مێژووییەکەی" پاپای بۆ عێراق کرد. لە پەیامەکەیدا، بایدن گومانی بۆ کەس نەهێشتەوە کە پاپا پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ، فراوان و هەمیشەیی ئەمەریکای لەگەڵدایە و قەداسەتیان نوێنەرایەتیی مەعنەویی وتاری ڕۆژاوا لە کێشمەکێشەکانی ئێستای جیهاندا دەکات. (ئەم وتارەی ڕۆژاوا بریتییە لە بەردەوامبوون لە نیزامی ئاسایشیی نێودەوڵەتی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەرقەرار بووە کە جیگەی بۆ پێکەوەژیانی میللەتان بەبێ شەڕ فەراهەم کردووە.)  


دوو جاری تر و دوو پاپای تر بە جیددی لە بەرنامەیاندا بووە سەردانی عیراق بکەن و بە هۆکاری جیاواز نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن. پاپا ژان پۆلی دووەم لە ٢٠٠٠ و پاپا بێنیدیکت لە ٢٠٠٥. بەڵام ئەمجارەیان سەردانەکە ئەوەندە گرنگ بوو کە تەنانەت چاوپۆشی لە کۆرۆنا و دۆخی نالەباری ئەمنیی عێراق و دونیایەک تێبینیی دیکەیش کرا و پاپا نەک هاتە عێراق، بەڵکوو خاڵ بە خاڵی سەردانەکەی باشتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا ئەنجام دا.


پاپا جگە لە بەغدا، سەردانی سێ شوێنی کرد کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی سیاسەتی گشتیی ڕۆژاوایە بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە عێراقدا. قەداسەتیان چووە نەجەف، هاتە هەولێر و چووە مووسڵ. بە واتەیەکی تر، سەردانەکان ددانپێنانێکی ڕاشکاو بوو بە ئەو سێ پێکهاتە سەرەکییەی عێراق؛ شیعە، کورد و سوننە، کە بە بەردەوامی و دوای جەنگی ٢٠٠٣، ڕوانگەی ئەمەریکا و ڕۆژاوایان بۆ دواڕۆژی عێراق لێ پێک هاتووە.


بە دڵنیاییەوە، بانگەشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەرۆکوەزیران کازمی بۆ دیالۆگی نیشتمانی و دیاریکردنی ٦ی مارس وەک ڕۆژی پێکەوەژیان لە وڵاتەکەدا، بە ڕوونی و بێ پەردە، پابەندیی عێراق بەو ڕوانگەیە جەخت دەکاتەوە و لە ڕاستیدا، عێراق ڕێگەی تری لەبەردەمدا نییە جگە لە دەستگرتن بەو ڕوانگەیەوە، (ڕوانگەی تریش هەیە، بەڵام ئەوکات وڵاتەکە دەبێ دوو دەیەی تر بچێتە شەڕی ناوخۆ، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە کە ئەمە عێراق وەک دەوڵەت تەخت دەکات.)


لەو کێشمەکێشە جیاواز، هەمەلایەن و تاقەتپڕووکێنەی کە لە سەدەی بیستویەکدا ڕووبەری سیاسیی نێوان ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا (لە لایەک) و هەموو دونیا بە سەرکردایەتیی نادیاری چین و ڕووسیا (لە لایەکی دیکەوە) دەگرێتەوە، دەرفەت بە سوئی تەفاهوم و مجامەلە نادرێت. عێراق لە ڕێگەی (دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا-عێراقەوە) نیشانی داوە کە لەم سەدەیەدا دەکەوێتە کام بەرەیەوە و بە هەموو پێوەرێک، بژارەیەکی باشی کردووە.


سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی پاراستنی سەر و ماڵی گەلانی کوردستانیان لە ئەستۆیە، تا ئێستا بە دیقەتێکی باشەوە لە ناو ئەو پۆلێنبەندییە سەختە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەدا جووڵەیان کردووە و سەرباری نەهامەتیی یەکجار کەمەرشکێنی چەند ساڵی ڕابردوو، هێشتا ستراتیژێکی ڕوونی سیاسی، سەربازی و ئابوورییان هەیە. ئەمە بە تایبەت بە ڕوونی لە سیاسەتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگیان داوەتەوە کە هەوڵی داوە هەرێمی کوردستان لە یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکان دوور ڕابگرێت و، هاوکات بە ڕاشکاوی پەرە بە هاوپەیمانیی پتەوی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکا و ڕۆژاوادا بدات.


بۆیە کاتێک قەداسەتی پاپا فرانسیس، بە ئازادی لە ناو شاری هەولێردا گەشت دەکات و دواتر بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان (کە جلوبەرگی کوردی لەبەرەدایە) وتە بۆ دونیا پێشکەش دەکات، پەیامەکە بەهێزترە لەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەبێت.  


سەردانی قەداسەتی پاپا فرانسیس، پاڵپشتییەکی بەهێز بوو بۆ ستراتیژیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

09/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر