ئەنجوومەنی ئاساییش پاڵپشتی لە نامەکەی سەرۆکی هەرێم دەکات

جەواد قادر
 
بڕیاری ئەمڕۆی نەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان (٢٥٧٦) بۆ عێراق، ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە دەستەبەر دەکات کە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە قووڵانەی چەند ساڵی ڕابردوو، پێویستییانە و لە نامەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، جەختی لێ کرابووەوە. 

ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت بەرلە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاساییش، مانەوەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقدا بۆ ساڵێكی تر درێژ دەكاتەوە.

دوو لە داواکارییەکانی سەرۆکی هەرێم کە لە نامەکەیدا جەختیان لێ کرابووەوە، بە ڕوونی خراونەتە ناو بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش. یەکەم: پاڵپشتیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢١. دووەم: پاڵپشتیکردنی هەمەلایەنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لە ڕێگەی بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە عێراق.

سەرۆکی هەرێم هەروەها داوای کردبوو کە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕۆڵی زیاتر و فراوانتری هەبێت لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان. ئەم خاڵەیش بە ڕوونی لە بڕیارەکەدا ئاماژەی پێ دراوە.

لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پاڵپشتی بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەکاندا جەختی لێ کراوەتەوە کە پێشوازیکردنە لە بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێم.

ئاماژەدان بە یاسای بوودجە و ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ناوهێنانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشدا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم بریارە وەک بەڵگەیەکی بەهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە و یارمەتیی تیمە دانوستاندکارەکانی کوردستان دەدات.

لە بڕیارەکەدا هاوکات ئاماژە بە بەردەوامبوون شەڕی دژ بە داعش دراوە و داوا کراوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مکوڕ بێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق و پێکهاتەکانی دژ بە داعش.

بۆ پرسی هەڵبژاردن، بڕیارەکە دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ئەو پێداویستییانە دەستەبەر دەکات کە بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و بێگەرد پێویستن، لەوانە، تیمی تایبەت بۆ چاودێری پێش هەڵبژاردن و نووسینی ڕاپۆرت لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان كە دواتر دەدرێتە دەستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکی هەرێم بە بەردەوامی جەختی لە دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی کردووەتەوە. سەرۆکی هەرێم هەروەها داوای ڕوانگەی هاوبەش و ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسیی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان لە عێراق و کوردستاندا کردووەتەوە. بڕیارەکەی ئەمڕۆ، ڕێخۆشکەر و پاڵپشتی ئەو هەوڵانەیە و دەستکەوتێکی نیشتمانیی گەورەیە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت و لە عێراقدا بە گشتی.

28/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر