سەرۆکی هەرێم بۆ باسی گرێبەستێکی سیاسیی نوێی کرد؟

جەواد قادر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە دیدارەکەی تەلەڤزیۆنی ئەلشەرقییەدا، گوتی قۆناغی ڕاگوزەر لە عێراقدا دەمێکە کۆتاییی پێ هاتووە، نەوەیەکی نوێ پێگەییشتووە کە چیتر ناتوانێت چاوەڕێی بەڵێنی بێ کرداری سیاسییەکان بێت و، ڕوون نییە کە عێراق بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت. پەیمانێکی نوێ لەنێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەڵوەشانەوەی زیاتری شیرازەی عێراق بگیرێت و بیكاتە دەوڵەتی هاووڵاتی. 

ئەو گوتی ئەو پەیمانە نوێیە دەتوانێت گەرەنتی هەڵسانەوەی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بکات، بە مەرجێک لەسەر بنەمای ڕوانگەی هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان بینا کرابێت. ئەو گوتی ئەم گرێبەستە سیاسییە نابێ لەسەر بنەمای لۆژیکی هێز هەڵچنرابێت، چونکە لە هەژدە ساڵی ڕابردوودا ئەم تێڕوانینە شکستی هێنا. بە واتەیەکی تر ئەوە زۆرینە نییە کە دەتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، بەڵکوو تەوافوق و ڕێزلێنانی یەکسان لە ئیرادەی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانە کە دەتوانێت ببێتە هەوێنی دەوڵەتی هاووڵاتی لە عێراقدا.

سەرۆکی هەرێم گوتی لە ٢٠٠٣دا، کورد و شیعە هاوپەیمان و زۆرینە بوون و ئێستا ئەو هاوپەیمانییە کۆتایی پێ هاتووە. ئەو کات سووننە نەیدەویست بەشداری پرۆسەی سیاسی ببێت، چونکە هەستی بە پەراوێزی دەکرد. ئەو گوتی پەیمانێکی نوێ پێویستە بۆ بەشداری پێکردنی دادپەروەرانەی سەرجەم لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسیدا، کە ئەگەر ئەوە نەکرێت، چارەنووسی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠، لێڵتر دەبێت لەو مێژووە گرژەی لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

سەرۆکی هەرێم لە پرسی دەستوور و ئەگەری گۆڕانکاری لە دەستووردا گوتی، هەر گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی گەل و هاووڵاتیانی عێراقدا بێت، دەکرێت پاڵپشتی بکرێت. بەڵام گوتی دەستوور تاکە بەڵگەنامەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر ئیرادەی لایەنەکانی عێراقی، بە کوردیشەوە، تێدا بەرجەستە کراوەتەوە و کێشە لە جێبەجێ نەکردنی دەستووردایە، نەک لە بڕگەکانی دەستوور. 

دەربڕینەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، جەختکردنەوەی ئەو نەخشەڕێگەیەیە کە سەرۆکی هەرێم لە دوو ساڵی دەستبەکاربوونیدا پێداگریی لێ کردووەتەوە. ئەو لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان، ئامادەییی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتیی عێراق لە هەموو بوارەکاندا دەربڕیوە. بە واتەیەکی دیکە، سەرۆکی هەرێم بە ڕوونی پێی گوتوون هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ عێراقیبووندا نابێت، ئەگەر عێراق وەک دەوڵەت ئەو دەستوورە جێبەجێ بکات کە لەسەری بینا کراوە؛ بۆ نموونە پرسی کەرکووک. بۆیە ئەگەر عێراق ئەوە بکات، هەرێم نەک هەر عێراق وەک نیشتمانی خۆی سەیر دەکات، بەڵکوو دەکەوێتە بەرەی پێشەوەی داکۆکیکردن لێێ. ئەو ڕوانگە هاوبەشەی سەرۆکی هەرێم بانگەوازیی بۆ دەکات، دەبێ پێش هەر جۆرە پەیمانێکی سیاسیی نوێدا بێتە ئاراوە.

ئەم نەخشەڕێگەیەی سەرۆکی هەرێم بەختی سەرکەوتنی زۆرە. هۆکارەکەیشی پاڵپشتیی کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمەریکا و فەڕەنسایە. بەڵام هەروەک سەرۆکی هەرێمیش ئاماژەی پێ دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پۆلێکی سەنگین لە سەرکردە عێراقییەکان پاڵپشتی لە هاتنەدی پەیمانێکی نوێ دەکەن کە لەسەر دیدێکی هاوبەش دروست کرابێت.

نزیکەی پێنج مانگ بۆ هەڵبژارنەکانی عێراق ماوە. لە ڕاستیدا، هیچ لێکۆڵەرێکی سیاسی ناتوانێت پێشبینیی ئاکامی هەڵبژارنەکان بکات. دەستوەردان لە ئەنجامی دەنگدان تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر سنووردار دەکرێت و ئەوە وا دەکات کە لایەنەکان زۆر زیاتر لە جاران پشت بە ڕاکێشانی ڕاستەقینەی دەنگدەر بۆ بەرنامە سیاسییەکانیان ببەستن. بۆیە دەبێ بەرنامەکانیان ڕاستینە بن. هاوکات، نەوەیەكی تووڕە، پێش کۆرۆنا، هاتە سەر شەقامەکانی عێراق. دەنگی ئەم نەوەیە بە هیچ شێوەیەک دیار نییە بۆ کام لایەن دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا دژی هەموو لایەنەکانن. بەڵام هۆکاری سەرەکیی دیارنەبوونی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، جۆر و چەندییەتیی هاوپەیمانییەکانە کە دواجار یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. هەر بۆیەیشە، پەیمانێکی نوێی سیاسی، ئێستا پێویستە بۆ ڕێگرتن لە پەرتەوازەبوونی دوای هەڵبژاردنەکان.

23/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر