هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی تازە؟

جەواد قادر
سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ یٔوردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا لەم هەفتەیەدا، درێژکراوەی دیدارە زنجیرەییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا.

ئامانجی سەرەکی لەو سەردانانە گەییشتنە بە ڕێککەوتنێک لەسەر ستراتیژێکی ڕوون بۆ دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەکەدا کە، بە تایبەت، چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریزمی ڕێکخراو لە خۆ بگرێت. 

بە واتایەکی دیکە، سەرۆکی هەرێم نەک هەر هانی وڵاتانی ناوچەکەی داوە کە بە بەرنامەیەکی یەکگرتوو بە گژ ڕێکخراوە توندڕۆکاندا بچنەوە، بەڵکوو یٔەم بەرنامەیە بۆ هاوکاری و هاوبەشیی نێوانیان لە بوارەکانی تریشدا بە کار بهێنن. 

سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە مەترسی و گرفتی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ تیرۆریزمدا هەیە، بەڵام گرفتی ئوردن لەو ڕووەوە فرەڕەهەندترە. ئوردن لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بە ڕاشکاوی پاڵپشتیی لە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کرد و بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دژ بە دیمشق لە یٔوردن ڕاهێنانیان پێ کرا. هەر یٔەو هێزە بەرهەڵستکارانە، کە ڕیشەیان لەناو خێڵ و عەشیرەتە دەستڕۆیشتووەکانی وڵاتەکەدا هەیە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوونەتە هەڕەشە بۆ سەقامگیریی یٔەمنی و سیاسی لە یٔوردندا. 

شا عەبدووڵڵای دووەم بە یەک لە میانڕۆترین سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و لە پرسە ئاڵۆزەکانی ئەم ناوچەیەدا خاوەنی سیاسەتێکی تایبەت بووە کە تێیدا دەرگای دانوستانی بۆ هەموو لایەک بە کراوەیی هێشتووەتەوە. یٔەمە بە تایبەت لە پرسی فەڵەستین و ئیسرائیلدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام بۆ نموونە لە پرسی سووریایشدا، یٔوردن سەرباری هاوپەیمانیی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکادا، زیاد لە چەند جارێک یارمەتیی ڕووسیای نەیاری یٔەمەریکای دا بۆ هەڵمەتی دژ بە داعش لە ناو خاکی سووریادا، کە بە دڵنیاییەوە یارمەتیدانی دیمەشقی لێ کەوتەوە. لە گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ٢٠١٧دا، شا عەبدووڵڵا بە پەرۆشەوە هەوڵی ناوبژیوانی نێوانیانی دا.

وا بڕیارە لەم ماوەیەدا شا عەبدووڵڵا سەردانی واشنتۆن بکات و وەک یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ سەرۆک بایدندا کۆ ببێتەوە. یٔەمە پاڵپشتیی قورسی واشنتۆن بۆ پاشای یٔوردن جەخت دەكاتەوە. کۆبوونەوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شا عەبدووڵڵادا بەرلە گەشتەکەی شا بۆ یٔەمەریکا، پەیوەستە بەو هەوڵانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بەدیهێنانی ڕێککەوتنێک لەسەر یٔاساییشی ناوچەکە لە ئارادا بوون و سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێکی دیاری تێدا هەبووە. 

سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا بە کردەوە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی -- بە تایبەت یٔەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیای -- بۆ هەرێمی کوردستان پتەوتر کردووە. هەربۆیەیشە هەرسێ وڵات بە فەرمی سەرۆکی هەرێمیان بانگهێشتی وڵاتەکانیان کردووە. هاوکات سەرکردە عێراقییەکان و سەرۆکەکانی ناوچەکەیش ڕوانگە و هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمیان بەو یٔاراستەیەدا بە هەند وەرگرتووە، بە تایبەت کە یٔاگاداری بایەخی دیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بە پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە پرسی پەیوەست بە یٔاساییشی ناوچەکەوە.

هەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ی عێراق و هەڵبژاردنەکەی ئەم مانگەی ئێران، دوو لە گرنگترین ڕووداوە سیاسییەکانی یٔەم ناوچەیەین کە هاوکاتن لەگەڵ کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکا هەم لە عێراق و هەمیش لە یٔەفغانستان. لە بیست ساڵی ڕابردوودا، یٔامادەییی لەشکریی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە، پێشبینی بۆ زۆر لە ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم ناوچەیەی یٔاسان کردبووەوە. دەرچوونی سەربازیی یٔەمەریکا لەو دوو وڵاتە، بێگومان، دەتوانێت بە واتای گەڕانەوەی ناسەقامگیریی سیاسی و دواتر ئەمنی بێت. هەر بۆیەیشە، سەرۆکی هەرێم لە یەک کاتدا هەم هانی کاربەدەستانی واشنتۆنی داوە کە پابەندی هاوپەیمانیی خۆیان بن لەگەڵ هاوبەشانیان لە عێراق و ناوچەکەدا، هەم هانی سەرکردە عێراقی و ناوچەییەکانی داوە کە لەسەر ستراتیژێکی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی یٔەم دەڤەرە هەنگاو بنێن.

25/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر