سەرۆکی هەرێم چی لە عێراق دەوێت؟

جەواد قادر

عێراقی دوای ٢٠٢١، عێراقێک دەبێت کە بەبێ پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ، ڕاشکاو و بەردەوامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، (لە درێژخایەندا) نە دەتوانێت وەک دەوڵەت بەردەوام بێت و نە توانای پاراستنی هاووڵاتیانی خۆی دەمێنێت.

عێراقی دوای ٢٠٢١، عێراقی دوای هەڵبژاردن و دوای ئەمەریکایە.

هۆکار بۆ ئەم دۆخەی ئێستا زۆرن، بەڵام هۆکاری یەکلاکەرەوە دەرچوونی ئەمەریکایە لە عێراق وەک گرنگترین هێزی سەربازیی ناو وڵاتەکە، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، سەرباری هەموو کێشمەکێشەکان، زامنی بەردەوامبوونی عێراق بووە وەک دەوڵەت. بە نەمانی هێزی سەربازیی ئەمەریکا، عێراق دەبێت بە مەیدانێکی کراوە بۆ دەستبردنی قووڵی زلهێزانی دراوسێی. لە دۆخێکی وەهادا، نائارامیی عێراق بنچینەییتر، ناسەقامگیریی ناوچەکە فراوانتر و باری هاووڵاتیانی خراپتر دەبێت. 

ئەم ڕاستییە، هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان. دەرکەوتنی دۆخێکی وەها، نە کوردستان لە سەربەخۆیی نزیکتر دەکاتەوە و نە دەبێتە هۆکاری جیابوونەوەی لە عێراق. بە زمانێکی سادەتر، بەربەستەکان لەبەردەم سەربەخۆییی کوردستان لە عێراق زیاتر و بەهێزترن. بۆیە زۆر ڕاشکاوانە: کوردستان لەگەڵ عێراق لەناو بەلەمێکدایە و ئەوەی بەسەر عێراقدا بێت، ڕەنگدانەوەی قووڵی لە کوردستاندا دەبێت. 

ڕێک لەبەر ئەو مەترسییە بنچینەییانەیە کە سەرۆکی هەرێم پێداگرانە داوای گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی نیشتمانی نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکوو لەنێوان سەرجەم هێز و پێکهاتەکانی عێراقیشدا دەکات. 

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی خۆیدا لە پاریسەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بە سەقامگیریی عێراق و سەقامگیریی عێراقیشی بە سەقامگیریی ناوچەکەوە بەستەوە. بەڵام گوتیشی کە: "سەقامگیریی عێراق بۆ هەموو دونیا گرنگە،” چونکە دواجار ئەگەر عێراق سەقامگیر نەبێت، دیاردەی قێزەوەنی وەک داعش و قاعیدە بەرۆکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرنەوە. 

دەربڕینەکەی سەرۆکی هەرێم، ئاماژەیەکە بۆ ئەو دۆخەی کە لە دوای ٢٠٠٣وە  لە عێراق و ناوچەی دەوروبەرییەوە دروست بووە. ئەمە ڕاستییەکە کە نێچیرڤان بارزانی هەر لە دوای ڕووخانی ڕژیمی  پێشووەوە بە ڕوونی و بە بەردەوامی بینیویەتی و هەر بۆیەیشە، بە لانی کەمەوە لەم قۆناغەدا، داوای گەڕانەوەی خێرا بۆ مێزی ڕێککەوتن دەکات؛ ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی خێرای سەرجەم لایەنەکاندایە.

لە ڕاستیدا، سەرۆکی هەرێم لە پاریسەوە، کاتێک باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق کرد، هەم هۆشداریی دا و هەمیش ڕێگەچارەی خستە ڕوو. ئەو گوتی دوای گەڕانەوەی، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکەوێتەوە گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەکی خێرا لەو بنبەستە سیاسییەی کە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تێی کەوتوون. سەرۆکی هەرێم گوتی سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا دەبێ ببێتە ئەولەویەت و لەوەدا سوپاسی سەرۆک ماکرۆنی کرد کە ئامادەیە ڕۆڵی کاریگەر ببینێت. سەرۆکی هەرێم دیسان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری هاوکاری و هاوپشتییە لەگەڵ عێراق، بە مەرجێک عێراق دەست بە دەستووری وڵاتەکەوە بگرێت.

ڕێگەچارەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی زۆر ڕوونە: عێراق ناتوانێت بە شێوەی ئێستای بەردەوام بێت. عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بنەمای تەوافوق، نەک لۆژیکی هێز. بۆ ئەو مەبەستە، عێراق دەبێ دەستوور جێبەجێ بکات و ڕێگە بۆ بەشداریی سەرجەم هێز و پێکهاتەکان بکاتەوە. ئەمە بەتەنیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و سوننە و پێکهاتەکانی تردا نییە، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی شیعە و هێزە زۆرینەکانی عێراقیشدایە، کە ئەگەر یارمەتیی ئەم پرۆسەیە نەدەن، درەنگ یان زوو، عێراقێک بە شێوەی ئێستای نامێنێت کە تێیدا حوکمڕان بن.

01/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر