رێکەوتنامەی لۆزان وەک هەر رێکەوتنامەیەکی تری نێودەوڵەتی چەندین لێکەوتەو دەرەنجامی هەبووە، بۆ ئێمەی کورد خرابترین رێکەوتنامە بووە، چونکە بووە هۆی نەهێشتنی ئەو سێ بەندەی رێکەوتنی سیڤەر پێش سێ ساڵ کە بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتێکی بۆ کورد تێدابوو، ئەو هۆکارەی وای کرد، کار بە رێکەوتنی سیڤەر نەکرێ و بیر لە رێکەوتنێکی تر بکرێتەوە، گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و سەربازی بوو، لە سەر زەمینی دەوڵەتی عوسمانی، چونکە مستەفا کەمال پاشا، لە پێناوی جێگیرکردنی حوکمڕانییەتی خۆی و دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر شێوازی ئەورپایی، نەک هەر وازی لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێنا، بەڵکو خەلافەتی ئیسلامیشی هەڵوەشاندەوە، ئیدی هاوپەیمانان لەبەرامبەرئەمەدا بەتایبەتی فەڕەنسا و بریتانیا، کە هەریەکیان بەپێی رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ خاکێکی زۆریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرکەوتبوو، خۆیان لە ناوخاکی تورکیا کێشایەوەومستەفا کەمال پاشایان وەک پاڵەوانی رزگارکەری تورکیا نیشانی میللەتەکەیدا، وایان دەرخست کە بەهۆی شەڕو بەرگریەکانی ئەو سەرکەوتنی بەسەر هاوپەیماناندا هێناوە، بەتایبەتی لەشەڕی گەرووی دەردەنێل چەک و جبەخانەیەکی زۆریان بۆ بەجێ هێشت، وەک چۆن بینیمان لە ئەفغانستان چەک و جبەخانەیان بۆ تاڵیبان بەجێهێشت، هەمان سیناریۆ دوای سەت ساڵ لە ئەفغانستان دووبارە بووەوە، ئەوە راستییەکەیە، تاکو ئێستا مێژووی ئەم ناوچەیەی خۆمان باسی نەکردووە، کە خۆیان ئەو زەمینەیان بۆ کەمال پاشا رەخساند.
ئیدی دوای ئەم گۆڕانکارییە و بۆ وازهێنان لە رێکەوتنامەی سیڤەر، هاوپەیمانان پێویستیان بە رێکەوتنێکی تربوو، بۆ سەرلەنوێ داڕژتنەوەی نەخشەی سیاسی، ئەویش هاتنەکایەیی رێکەوتنامەی لۆزان بوو، بەمەش خەون و ئاوات و ئامانجی گەلی کوردستان لەناوچوو، چونکە واقعێکی تردروست ببوو، ئیدی شتێک نەمابوو بە ناوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەوەی بۆ هاوپەیمانان گرنگ بوو نەمانی عوسمانییەکان بوو، کە بەدەستی ناوخۆش هەڵوەشایەوە، بۆ ئەوان دەسکەوتێکی مەزن بوو، چیترمافی نەک هەر گەلی کورد، هیچ گەلێکی تریان بۆ گرنگ نەبوو، چونکە هەموو ئامانجەکانیان هاتبوونە دی، دەوڵەتی عوسمانی نەمابوو، بەریتانیا لە خۆشی دەستکەوتنی عیراق بەگشتی و ویلایەتی موسڵ بەتایبەتی، مافی هیچ کەمە نەتەوەیەکیان لە خەیاڵدا نەما، فەڕەنساش وڵاتی شام و لیوای ئەسکەندەڕۆنەی دەستکەوتبوو، بەم شێوەیە واقعێکی نوێ لە ناوچەکە پەیدابوو، کە تا ئەم ساتە وەختە بەردەوامە.
هەڵەتێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە، پێموانوایە ئێستاش ئەم رێکەوتنەیە رێگەنادا ئێمە بگەینە مافەکانمان، یاخود ئەم رێکەوتنە هەر ماوەو زیندەوە و پێویستە کار بۆ گۆڕینی بکەین، یاخود چەند بەندێکی تێدایە و دوای سەت ساڵ کارا دەبن، یان رێگە بە تورکیا دەدات فراوانخوازی بکات، ئەمانە هەمووی وەهمن، هیچی راست نییە، جگەلەوەی رێکەوتنێک بووە بەپێی ماددە وبڕگەکانی واقعێکی سیاسی دروست بووە، هەرکات ئێمە توانیمان ئەم واقعە بگۆڕین یان بۆیان گۆڕین، ئیدی رێکەوتنێکی تر بەناوێکی دی دێتە ئاراوە، بۆیە لە ئێستادا رێکەوتنێک نەماوە بەناوی لۆزان لە واقیعدا، جگەلەناو لاپەڕەکانی مێژوودا نەبێت، ئەوەی هەیە کوڕونەوەکانی ماون، خۆی مردووە، بۆیە کارکردن لەسەرنەهێشتنی کەسێک کە نەماوە هیچ سودێکی نییە.
.